فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆشایی ژیان و پەنجەرەی ژیان

بۆشایی گیان و پەنجەرەی ژیان

 

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ هەولێر

بایەک پەنجەرەی گیانم دەکاتەوە
تیشکێک کە چاوەکانم بەرگەی ناگرن،
لە غەیبەوە دەڕژێتە ناوی
فێنک و ڕۆشن دەبێتەوە
سێبەرم بەو ناوەدا پڕشنگ دەدا
تیشکێک،
هێزی ئەوەم پێ دەدات لە زەینمدا،
باخچەی ڕەنگین
تاڤگەی کەفچڕ
ڕووباری شیرباو
ئاسمانی شین و
با ببینم!

بایەک دەرگای دڵم دەخاتە سەر گازەرای پشت
بۆنی داربەڕووێک ئەو ناوە پڕ دەکات
ڕۆشناییەکی تەنک بەسەر ڕووخسارمدا دەکشێت
لەسەر پەنجەکانم دەوەستم
هەناسەم ڕادەگرم و
جووڵە لە خۆم دەبڕم
خەیاڵم دەمباتە کەشکەڵان
مانگێکی تەڕ بە بۆنی شەونم،
لە چاوانم دەدرەوشێتەوە

نهێنییەکی نەماوە و
بۆشاییەکی نییە ژیان
بە هەموو پووچییەکانیەوە ئەزموونم کردووە

هەستێک ختووکەم دەدات بۆ فڕین
سەری تاگرتووم دەڵێ بفڕە
پێیە خۆشڕۆکانم دەڵێن بڕۆ
باسکم خەریکە لە جومگە دەردێت

وێناچێت جەستەم لەژێر باری ئەم بێهوودەییەدا،
توانای فڕینی هەبێت
وەلێ هەست دەکەم گیانی مەلێکم هاتۆتەبەر
مەلێکی بەرزەفڕی خۆشخوان
خەریکە گیانم باڵ دەگرێ و
بەدەم گۆرانییەوە،
سەر مانگ و ئەستێران تەی دەکات
دەفڕێت
دوور دوور دەفڕێت و
لە ناشوێندا،
لە بۆشاییەکی ئەم گەردوونەدا دەنیشێتەوە!