فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“دەنگی مانگ”

“دەنگی مانگ”

کورتیلە چیرۆک

زێنەب یوسفی/ چیرۆکنووس/ سنە

هەوا کە لێڵ بوو شیبای شەو هەڵیکردەوە .نەرم و نیان و هێدی هێدی دەر و دەشت و خانەباخی فێنک کردەوە.ویستت وەکو هەمیشە کڵۆنی پشت دەرگاکە دابخەیت و ئارامی بدەیتە ڕۆحی خۆت و خانوەکە.
هەمیشە هەرکە شەو دادێت خۆت و خانە باخەکەت دەبنە پەلێک لە شەو و تاریکی داتاندەگرێت بەس ئەمجارە پێش لە داخستنی دەرگاکە دەنگێک بەهێزتر لە دەنگی شیبا و شەو و وەهمی شەوەزەنگ وەبەر گوێت دەکەوێت . گوێ قوڵاخ دەبی…نااااا هەڵە نەبووی دەنگێکی نوێ و جیاواز بوو ئەو دەنگە…بە پەلە بەرەوپیری دەنگە نوێ و جیاوازەکە فڕیت .خێرا دوو تای دەرگاکەت ئاوەڵا کرد و هەنگاوت نایە دەرەوە و لە دەنگەکە نزیک بوویتەوە….”””ئەوە کێیە
…فەرموون….کێیە “”….ئااااە کە چ دەنگێکی تەماوی و ئاهەنگین بوو ئەو دەنگە….وا لە سەرەتای شەوی دەشت و باخ دەرونتی ئاخنی کە لە خود بێخود بویت و ویستت سەرشێتانە بەرو دڵی تاریکایی ببیتەوە …تازە بوو ئەو دەنگە وەکو موسیقایەکی سەیر وجودی تۆی دەلەراندەوە …”” کێیە….تۆ کیت …”””
بۆ جاری دووهەم دەنگەکە وەبەر گوێت کەوتەوە بەس کپ و دوور . تۆ بڵێی ئەو دەنگە کە لە دەنگی موسیقایەکی سیحریی دەکرد دووبارە بە ڕاشکاوی و بەرز ببیسیتەوە؟…….دەنگەکە دووبارە بوەوە…بەڵێ بەڵێ هەمان دەنگی ئەفسوناوی…لە خۆشیدا بزە کەوتە سەر هەردوو لێوت و سەرت بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و قاقات کێشا و فرەتر لێی چویتە پێشەوە…
سەرت بەرەو ئاسمان هەڵبڕی بوو بەڵام زۆر سەیرت لێهات چونکە لەو دەشتە بەرینە کە شەوگاری پڕ ئەستێرە و ورشەدارە بە پێچەوانەی هەمیشە ئاسمان ڕەش و مات هاتە پێش نیگات ،ئااااە کە تریفەی مانگ و زریوەی ئەستێرە ت پێیەوە دیار نەبوو. ناکاو هەستت گۆڕدرا و دوبارە گوێت بۆ دەنگەکە هەڵخستەوە.دڵت وەکو دەهۆڵ لێی دەدا .ترس داتیگرت و دەنگەکەت لێ ون بوو. نەما ئەو دەنگە کە تۆی لە خانەباخ پەلکێش کردبووە دەرەوە .دوبارە بۆ ئاسمانت ڕوانییەوە ،شێوەی فرە لێڵی مانگت وەبەرچاو کەوت ،دەتگوت مانگ لەو دیوی خەمەکانەوە هاواری دەکرد ” دەبێ ئاگات لە خۆ بێت”” . ڕاچەڵەکیت ..چ سەرمەستی و هەستی گەشانەوە بوو لە ئان و ساتێکدا لە دەروونت نوقم هەڵگەڕا . ڕێک وەکو عەلاگەیەک کە پڕی دەکەی لە ئاو و ناکاو کەلێنی تێدەکەوێت و لە چاو تروکانێکدا ئاوەکە دەڕژێتە سەر زەمینەکە و تۆ بەرز ئەیژیت ئاااااخ و هیچ کە هیچ .
ڕاچەڵەکیت و شانت دا بەرا و ملت قوتەو کرد و بە وریاییەوە بۆ دەورو بەرت ڕوانی . بیرت نەما کە بۆ لە خانەباخ هاتویتە دەرەوە . ..دەنگ نەبوو…دونیا کپی کپ جگە لە دەنگی شەو هیچ سەدایەک وەبەرگوێت نەکەوتەوە خێرا وەرسوڕایتەو و بەرەو پشت سەرت ڕات کرد بەڵام مەخابن….. مەخابن کە دوتای دەروازە گەوەرەکەی خانەباخ درابوەوە و تۆ لەم دیوی شەو و شەوەزەنگدا بەتەنێ مابویتەوە…..