من و.ٚٚ…،
ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێڕ/ کەنەدا
دوای ئەتۆ لێرە من و شینی شەوانەی شارێک
تەرمی جێماوی سەدان پەیڤ و تەمی پرسیارێک
خۆ ئەگەر جارێ لە چیرۆکی ئەوین تێ گەیبای
نەدەڕۆیشتی لەگەڵ خەونی وەریوی دارێک
وانە بوو چاو و ئەوین، وا نەبوو لێم هەڵچۆڕێ
پێکەنینی گوڵی بەستێنی گەشی ڕووبارێک
ئەو چیایەی کە دەمێ نوێژی سەدان سەنگەر بوو
ئێستە وا وێڵە لە دووی ئەسپی گلاوی سوارێک
باوەشێک زەردەخەنەم ون بووە لەو کۆڵانە
خۆزگە دیبایەوە بۆ چاری خەمی ڕێبوارێک
ژەنگی هێناوە ئیتر دەرکی دڵم، گەر هاتی
بزەیەک بەسیەتی بۆ کرانەوەی و هاوارێک
وەکوو بیستوومە دەکەی سەیری وشە و شیعری من
کچێ هەزار جارت لەبەر چاوی مرم، نەک جارێک