فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆ کوێ بچم قاچم لە خاک نابێتەوە

بۆ کوێ بچم قاچم لە خاک نابێتەوە

جەلال بەرزنجی/ شاعیر/ هەولێر

بەکەرستەی رؤمانسیەتەکی تێکشکاو،
لە کەنار زەریا،
دەمەویست ماڵەکی تردانێم.
وام هەست دەکرد ئەوەیان تەنیاتریان بێت.
بەئەزمونی سفر لە مەلەوانی ،
چاکەتی ژیان،
چوومە ناو زەریا
تریفە لە سەر زەریا بوو..
ئاویش پڕبوو لە ئەستێرە.
” ئەو شەپؤلەی دێ یەکەکی ترە”
دەمەوێت ئەو راستیە لە زەریا فێربم.
شەپۆلەکان هەردەتگوت رەوە گوجیلەیەکی تووکنن بۆم دێن.
شەپۆلەکی زؤرم شکاند.
بؤ کوێ بچم قاچم لە خاک نابێتەوە.
ئەگەرنا لەمێژبوو خنکابووم.
من وهەوا پڕ بووین لە بۆنی کەنار.
رۆژ بە ئەستوونی چووەو ناو زەریا.
منێش بە ئاسؤیی هاتمەوە ناو خؤم.
تەزووەک بێ روخسەت وەرگرتن لە هزر-
رژایە ناو روحم.
هەر دەتگوت ئەو رۆژەی هەردێ،
لێرەیە.
هاتمەوە سەرئەو شاڕییەی دەچێتەوە –
ڤالیرا.
بؤئەوەی لەوێندەرا بە پاس بچمەوە ژوورەکەم،
لە هوتێلی ریۆ.
لە وێستگەی پاس،
هەتاخەیاڵم سەر کەوتە سەر سینەی کەسێک،
پاس بە جێی هێشتم.
بەپێیان چوومەوە هوتێل.
لە رێگا،
تارمایی خۆمم لێ بووە بەڵا.
ژوورەکەم لە هوتێلەکی پێنج ئەستێرەی،
پڕ لە نائومێدی بوو..
لەوێندەر هەستم کرد ئارەزوو بەسەر چووە.
ریشم بە تەواوی لە پایزی تاراوگە ئاڵا.
لەگەڵ ئەوەش،
هێشتا لە خۆشکردنی چرای ژیان ماندوو نەبوویم.