فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

درەختیلە .. 

درەختیلە ..

سۆران باساکی/ لێکۆڵەری بواری فيکر و فەلسەفە/  هۆڵەندا

 

کاتی خۆی درەختیلەیەک لەسەر ڕۆخی شەقامی ئەسحابەسپی و لەبەردەم مزگەوتی دوودەرگا لەخۆوە سەوز بووبوو، ڕۆژبەڕۆژ گەورە دەبوو، جوانتر سەوزی دەنواند بێ ئەوەی کەس قومەئاوێکی بکاتە بن، ئەم شەقامەی سلێمانی ئەوکات جمەی دەھات لەبەر ڕێبوار و کاسبکاری شار، لە بەیانی زوو تا ئێوارە درەنگانێک، درەختیلەکە بووبووە جێی باس و خواسی خەڵک و ھەندێک بە پیرۆزو ھەندێک بە سەمەرە ناویان دەبرد، چونکە گەڵاکانی نەدەوەرین ھەمیشە گەڵای تازەی دەردەکرد و بە سەوزی دوازدەمانگی ساڵ دەمایەوە، ساڵ ھاتووچو درەختیلە لە برەودا بوو، لە گەشە نە دەکەوت، ئیتر خەڵکان بەیانیان کە دەچوون بۆ نوێژ بەلایدا دەڕۆیشتن و سەیرێکی سەرسوڕماوییان دەکرد و ھەندێ پێیان وابوو ئەم درەختیلەیە گوێی ھەیەو دەچوون دادوبێداد و سکاڵای خۆیان بۆ دەکرد و کێشەکانی خۆیان دەبردە بەردەم ئەم درەختیلە سەوزە تەلیسماوییە ، منیش ئەو کات منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵان بووم بەیانیان زوو کە دەچووم بۆ کاری نانەوایی تۆزێک لێی ڕادەمام و ورتە ورتێکم لە زار دەردەچوو، وەک یەکێک بڵێت گوێم بۆ دەگرێت، دواتر درێژەی کێشا و دەکەوتمە باسکردنی داخی دەروونم و ھەموو جارێکیش زیاتر دڵم ئارام دەبوو، چونکە وام دەزانی گوێم بۆ ڕادەگرێت، پێم دەگوت من شاگردی نانەواخانەی زاھیرم ئەھا ئەو نانەواخانەیەی کە نزیک فولکەکەیە، کوڕە فولکەی نالی ماڵ ئاوا بۆنازانیت، باوکیشم کە لە ئێران دوای حەفتا و پێنج گەڕاینەوە لە ئێمەیان دابڕی بێ سەرو شوێن ماوەتەوە ، باری ئابووریمان زۆر خراپە ئێمەیش لە خانوویەکی بێ دەرگا و پەنجەرەی شەھیدانی ئازادیدا دەژین، دایکم و دوو خوشک و دوو برام لە ئێوارەوە لەسەرمان خۆمان دەخزێنینە ژوورێکی خانووەکە و تەنھا لێفەیەکمان ھەیە لە خۆمانی دەئاڵێنین تاکوو بەیانی ھەزارەمان دێت لەسەرماندا و بەیانیش زوو لەگەڵ قوقەی کەڵەباب من دێمە دەرەوە بۆ کار و دەگەمە نانەواخانەکە ئەنجا مەلا بانگی بەیانی دەفەرموێت، ھەموو بەیانییەک ھەمان قەوانم لێ دەدایەوە .. ئیتر دەچووم دوکانەکەم دەکردەوە و دەستم دەکرد بە ھەویر شێلان و وردەوردە خەڵک بۆ کارو کاسبی و ھەندێک بۆ نوێژی بەیانیان دەردەکەوتن کە نانی گەرم پێدەگەیشت نانکڕەکان دەھاتن نانی گەرمیان بۆ بەرچایی بەیانیان دەبردەوە، منیش بە حەسرەتێکی ساردەوە پیایاندا دەمڕوانی و ھەناسەم ھەڵدەکێشا دەم ووت کەس ئاگای لەکەس نیيە من چاوەڕوانی خەبەری لەناکاوی ھێنانەوەی تەرمی ئیعدامکراوی باوکم دەکرد و خەڵکیش نانی گەرمی جوان و ئاڵ برژاویان دەبردەوە بۆ منداڵەکانیان، ھەندێکیش نانێک یان دوو نانیان دەبرد بۆ چایخانەی مارف کە دراوسێمان بوو بە ماست یان قەیماغەوە دەیانخوارد و بەم شێوەیە شەقامەکە وردەوردە سیخناخ دەبوو لە ڕێبوار و پێبوار و کاتێکیش مشتەری نان کەم دەبوەوە نانە زیادەکانم دەخستە سەرسەبەتە و دەمبرد بۆ بەر بەلەدیەکە بۆ فرۆشتن، کات ھاتوو رۆیشت و ڕۆژ بەڕۆژ بەیانیان، نیوەڕوان، ئێواران، زیاتر بەدیار درەختیلەکەوە ئارامم دەگرت و ڕازی دڵی خۆمم بۆی دەکرد، بەیانییەک زوو بینیم پیاوێک لەبەردەم درەختیلە وەستاوەو دەگری لێی نزیک بوومەوە و گوێم لێی بوو دەیگوت خودایە ئەم ناھەقییە قبوڵ نەکەیت. ئێستا من بەچی دوو نان بەرمەوە بۆ منداڵەکانم خۆ من ھاتم بۆ نوێژی بەیانی خودایە چۆن قبوڵ دەکەیت کەسێک رووتم بکاتەوە و پارەکانم لێ بسێنێت و ھەڵبێت، ئاخر خودایە خۆ من بەندەی تۆم و بۆ دزی نەھاتوومەتە دەرەوە ھاتووم نوێژی جەماعەت بکەم، ئیتر ئەم زوڵمە بۆ؟ زیاتر لێی چوومە پێش و ووتم خاڵەگیان ئەوە بۆ دەگریت من دەتوانم یارمەتیت بدەم؟؟ بەسەرسوڕمانێکەوە سەیرێکی کردم و وتی چیت پێدەکرێت کاکە بچکۆل وتم خاڵە من تەنھا ٢٥ فلس شک دەبەم پێتی دەدەم با دڵت ئارام ببێتەوە و نانیش بکڕیت بۆ منداڵەکانت، زۆر دڵخۆش بوو، ووتی نا کاکە بچکۆل بۆخۆتی ھەڵبگرە خودا گەورەیە و پەک ناکەوێت، وتم دەباشە من شاگردی نانەوام ئەوەتا لای فولکەکەی نالی کەمێکی تر وەرە من نانی گەرمت بۆ دەکەم بێ بەرامبەر بیبەرەوە و بەرچایی خۆتانی پێبکە و سەری بێ ڕزقیش لەژێر خاکە غەم مەخۆ لەجێی دەبێتەوە، ئیتر تۆزێک ھاتەوە سەرخۆ و بە دەنگێکی سووکی چپە ئامێزەوە ووتی تەمەن درێژ بیت کاکە بچکۆل ئەنجا بە زەردەخەنەیەکەوە وتی ڕاستە دەڵێن ئەم درەختیلەیە گوێدەگرێت و یارمەتیش دەدات. کێ دەڵێت ئەم کاکە بچکۆلەيش ئەو بۆ منی نازڵ نەکردووە بۆ ئەوەی خەفەت نەخۆم، نا نا تەواوە ئەم درەختیلەیە شێخێکی موبارەکە تەواوە من تەواو دڵنیام کەواتە باخێرا بڕۆم نوێژەکەم بکەم، خودا دەرگایەک دادەخات و سەدان دەکاتەوە، ساڵ ھاتوو چو درەختیلە تادەھات زیاتر ڕەواجی پەیدا دەکرد، تا لەناکاو بە شارەوانی بەناوی پاککردنەوەی شار درەختیلەی لەبن دەرھێنا و کەس نەیزانی بۆکوێی برد ..؟!.