فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆشحاڵم ئاگادار نیت کە ئێستا

خۆشحاڵم ئاگادار نیت کە ئێستا

هاوژين زيبا/ نووسەر و لێکۆڵەر / سلێمانی

 

نەنە گیان، بە دڵنییاییەوە تۆ یەکێکیت لە دایکانی شارستانیی، بەڵام خۆشحاڵم ئاگادار نیت کە ئێستا: ـ نەوەکانت سەدان ساڵ لە کاروانی شارستانیی دواکەوتوون؛ ـ کێڵگەی زەویوزارت لە ژێر پێی شۆڕەسوارانی عەشیرەت و شێخ و ئاغایاندایە؛ ـ ژنانی دایک، پرچی سپی لە بەردەم ئاوێنەی شەرەف و ناموسدا بێهوودە بۆ بەدەستهێنانی ناسنانمەی ژنبوون دەهۆننەوە؛ ـ کچانت بە رەسمیی هەتا چوار و بە ناڕەسمیی بێئەژمار دەبەخشرێن و دەکرێن بە پڵپڵە و پەڕپەڕەی رازاندنەوەی چارەسەری کێشەکانی پیاوان لە شیربایی، ژنبەژن، لە خوێنداگرتن، مارەبەجاش و لەسەر بێشکەمارەبڕین، گۆڕی بێناونیشان و لە خەودا کوشتن داهێنانی دیکەی مەیدانی پیاوسالاریین؛ ـ پیاوانت پشت لە هەرەوەزی دەستکەنە و درەوی نیشتیمانتن و روو لە بەیەکداهەڵچوون و یەکتر لە خوێندا گەوزاندنن؛ ـ کاتێک لە بەشێکی نیشتیمانت هەڵمەتی “ژن، ژیان، ئازادایی” و نەعرەتەی قەندیلیەکان و رووناکیی زانکۆکانی رۆژئاوا دژ بە داگیرکار هەزاران مۆمی تاریکیین، لە کێڵگە و بێستانەکانی دامێنتدا رەنگی سووری رووخساری تۆ، نەنەگیان، بۆ سیمبوڵی بەخێرهێنانی هۆلاکۆکانی سەردەمە. دوورنییە سبەینێ نوێنەرانی داگیرکاران لە پارلەمان و دامودەستگاکاندا پشتاوپشت خۆیان بگەیەننەوە بە تۆ و زۆرێک لە مەشقبازانی ناسیونالیستی دەم بە هاواری هیچ نەکەرە خەنجەری کوردایەتیان لە فەزای مەجازییدا ڕاوەشێنن. تۆش بۆ بەدبەختیی منی کچت، لە رووخسارێکی ماندوو و تۆزلێنیشتوو هیچی تر نییت. ئەو رووخسارەی لە سەدەی ٢١ داو لە ساڵی ٢٠٢٤ داهەزاران جار لە دایکانی گیانبەختکردووانی رێگای ئازادیی و ئەنفال و هەڵەبجە و سەرە قەرەباڵخەکانی نەخۆشخانەکان، مووچەوەرگرتن، نەوت و گازدا لە سایەی دواکەوتوویی و کۆنە پەرستیدا

بەردەوام دەیانبینەوە.

 

٣/٥/٢٠٢٤