جێژن
هونەر موکريان/ شاعير / مەهاباد
رۆژێکدێ بەکۆڵێدادەم کۆچ و
لەوشارە هەڵگرم سەر و سایەی هیچ
ڕۆژێکدێ دە پووچەڵی دەستمدا
کۆتایی دێ بەژینم و کایەی هیچ
ئەوڕۆکە نا، دەژیم و سەرقاڵیشم
شوێنم ئەگەر جەهەندەمێکی قووڵە
لەوشوێنەدا بەپارە ژین ڕەخساوە
ئیتر دڵیش کە لێدەدا بۆ پووڵە
ئەوڕۆکە گەندەڵی دەگا تا ئێسکان
پێستی بەشەر کشاوە بەسەر ئازار
دیارە دەچێ بەشەر بەرەو کۆتایی
تەنیا جنێو دهپێوێ دڵ تا سەرزار
نەفرەت دەژیم مەگەر مەرگ بمبینێ
ئێژم پەتا، مەگەر مرۆڤ بمبیسێ
دیوارەکان دەبڕم بەنینۆکی ئێش
ناکەم بەدی حەسانەوەی ژێر نیسێ
ئیتر خەڵک عەلامەتێ نابینن
واتای ئەوین لەڕێگەدا بنوێنێ
کەس نایەتەوە بیری چۆن ژیابوو
ساڵانی ساڵ هەتا بەیانی دوێنێ
رۆژێک دێ بەشاهیدی تۆی بەردەنگ
دەستی ژیان ئیدی بەمن ناگیرێ
ئەمما شتێ هەیە وەکوو دڵخۆشیم
شایەد زەمان دەشێعردا ڕاگیرێ
شایەد ئەوین بەشێعرەوەم راوەستێ
ئاوێنەکان لەبیرنەکەن دڵداریم
شایەد وشە هەمیشەیەک چرکە بێ
ڕەبتی هەبێ بەساعەتی دیواریم
خۆشمدەوێی گرینگترین ڕازێکە
ئەوڕۆژانە گەرەکمە تا پێتبێژم
دوایین وتەم، هەوەڵ دەمی ماچت کوت
لێوت بێنە کە تاهەتا بیچێژم
پەیوەندی تۆ دەلوێ بەشێعرێکی بەرز
شێعرێ وەکوو غەزەل بەفۆڕمی شادیم
ڕۆژێک دێ دەئاخرین مانادا
جێژن دەگرم بەچاوتەوە ئازادیم
١٢ ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ ی هەتاوی