فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چڕینی ئاوازە غەمگینەکانی ڕاز و نیاز

چڕینی ئاوازە غەمگینەکانی ڕاز و نیاز

ڕێڤان جاف/ شاعیر/  هۆڵەندا

 

لە هەگبە و هەوارگەی بێ شەوقەوە

لە زەردەپەڕی خەزانی عومرەوە

لە زنەی سەرنجێکی بێ جیلوەوە

لە موبتەلای میحنەت و دووری هیجرانەوە

لە دەردی بە عەمبارکردنی حەسرەت و کزەکزی مەراقەوە

لە قەهر و ئاخ هەڵکێشانی دۆشداماویی و ئەسارەتەوە

لەتاریکیی و سەرگەردانی قەدەری بێ تێشووەوە

لە بێنەوایی و سکاڵای دڵەی گوشراو و تەنگەوە

لە بێبەزەیی و داخراوی گەنگەشەی پڕ کەلێنەوە

لە وێرانەی ڕووگەی دڵ و ڕێچکەی سەبووریەوە

لە خەراباتی ڕێباز و مەودای ئەزموونی ژیانەوە

لە وەیل و بەهیلاکچوونی هەوڵ و هەڵپەی ماندووبوونەوە

لە واق وڕماویی داڕمانی بنگە و بناغەی بەهاکانەوە

لە سەهۆڵبەندان و لێکترازانی نەسیمی ئەوینەوە

لە بێحەوسەڵەیی و توانست و تاقەتی هەڵپڕووکاوەوە

لە ڕەنجەڕۆیی و سەرکۆنەکردنی دەرفەتەوە

لە ژەهری قەسمێکی پووچ و تفت و تاڵەوە

لە بۆچڕوکی زام و وردوخاشی ڕۆحەوە

لە دووڕیانی ترس و شەوەزەنگی دەستی گومانەوە

چ گیرۆدەبوونێکی وێڵ و کۆڵەوار و داهێزراوە!

چ ئولفەتێکی بە کۆت و بەندی پڕ زووخاوە!

چ خواستێکی پەرت و خنکاوی سەرکوتکراوە!

چ حەلوفەسڵێکی قەلس و بێ جەوهەری چاوەڕواننەکراوە!

چ گرێکوێرەیەکی هەلاهەلای ئاڵۆزکاوە!

چ پەلەقاژێیەی کز و بێ هوودەیە!

چ یاخیبوونێکی سست و بێ داڵدەیە!

چ ڕوانینێکی بێ سۆراخ و بێ ڕوانگەیە!

چ چاوەڕوانییەکی بیمار و پڕ تاسەیە!

چ تاوتوێکردنێکی ناکۆک و بێ چارەیە!

چ تالع و بەختێکی نیوەچڵی نادیار و نادیدەیە!

چ پەیامێکی بێ مانا و مەغرایە!

چ سەرابێکی شەقارشەقاری بێ مەئوایە!

چ ئومێدێکی مەحاڵ و بێ ورشەیە!

چ نیگەرانیەکی لاڵ و بێ قەرار و ئۆقرەیە!

چ دەستپێشخەرییەکی نابووتی سواو و مایەپووچە!

چ ژوانێکی بێ نەزم و تاریک و تاری خامۆشە!

چ پێشبینیەکی شێواوی درەنگ وەختە!

چ بێدەنگیەکی مات و مەلوول و بێزراوە!

چ عیشقێکی بێ تەرزی ڕشتە پچڕاوە!

چ بارگرژییەکی جاڕز و نەخوازراوە!

چ تەدارەکێکی گرژوتاڵی تەواونەکراوە!

چ عاقیبەتێکی لەرزۆک و پەنهانی کپکراوە!

چ زیکرێکی گەپجاڕ و گەوجانەیە!

چ پێداگرییەکی مناڵانەیە!

چ حەزێکی گێلانەیە!

چ………

گەیشتن بە سایە و سێبەری گولستانی ئەو

گەیشتن بە کەمال و ئاوێزانی ڕۆحی ئەو

گەیشتن بە مەحرەمی ڕاز و نیازی ئەو

گەیشتن بە مەسکەنی ئاسوودەیی و خاترجەمی ئەو

گەیشتن بە مەیلی مەستبوونی عیشوە و نازی ئەو

گەیشتن بە جیلوەی جوانی غەمزەی چاوی ئەو

گەیشتن بە جەژنی نەشئە و نەبرەی دەنگی ئەو