خۆڵەمێشی*
مریم کاکەیی/ نووسەر و وەرگێڕ / ئەڵمانيا
دەستی خستە سەر زەنگی شوقەکە، لەبەرخۆیەوە وتی: لەوانەیە ئێستا نغرۆی دونیای خۆی بووبێت یان سەرخۆش و بێ ئاگابێت، یانیش ڕەنگە هێدفۆنەکەی لەسەر گوێچکەکانی دانابێت و لە سووچێکی ژوورەکەیدا پاڵ کەوتبێت و ئامێتەی دونیای مۆسیقا بوو بێت. ڕەنگە هەر لە بیری کردبێم. دیسانەوە نوقمی مالیخولیا، چاوەکانی بەسەر دەرگاکەوە ئەبڵەق ببوون بێ ئاگا پەنجەی نایە سەر زەنگەکەوە و جارێکی تریش زەنگی دەرگاکەی هێنایە دەنگ و بیری لەو ژوورە باریک و تەسکەی قاتی دووەمی سەرەوە کردەوە کە بەچوار دەورەیدا دیواری ناڕێکی کتێبخانەکەی دەور وبەری گەمارۆ دابوو. زیاتر لە عەمبار دەچوو پڕ لە کتێبی کۆن و تۆزلێنشتوو و پەڕە کاغەز کە بەسەر فەڕشەکەدا ڕژابوون. گیتارێکی کپ کە دوو دانە لە تاڵەکانی پچڕا بوون و تەبڵەیەک پڕ لە خۆڵەمێش و سفتکی جگەرە. وەکو ڕاهاتنێک هەمیشە کتێبی بە جگەرەوە دەخۆێندوە. لە سووچێکی ژوورەکەدا پانکەیەکی ئەرزیی دانرابوو کە هەر چەند چرکەیەک جارێ ملی بە چەپ و ڕاستدا دەخولاندەوە و دووای نیوچە سووڕانەوەیەک بەردیوارە دووکەڵاوییەکە دەکەوت کەمێ پەنکی دەخواردەوە و بەڵام هەوڵەکانی بۆ سوڕانەوەیەکی تەواو نەئەگەیشتە ئامانج هەر بۆیەش بە چەقەچەق و دەنگە دەنگێک کە زیاتر لە پرتەوبۆڵە دەچوو، لە ڕێگا داخراوەکەوە دووبارە دەگەڕاوە.
ژوورەکە هێندە چکۆڵە بوو کە هیچ شوێنێکی بۆ دانانی پانکە نەبوو. بەڵام کەش و هەوای هاوین گەرم و تاقەت پڕۆکێن بوو. جگە لەو پانکەیە موسەجەلێک وکۆمەڵێک بەکرە و دوو سەرینی ناپوختە و نارێک لە ژوورەکەدا بەرچاو دەکەوت. هیچ شتێکی لوکس و نوێ لە ماڵەکەی ئەودا نەبوو. هەموو کەرەستەکان سادە و تاڕادەیەکیش قەدیمی و کۆن بوون.
لەبەرخۆیەوە وتی: بێگۆمان ئەو ئێستا لەسەرەوە نوقمی یەکێک لەو کتێبانەیە هیگڵ، هراکلیتوس،مایاکۆفسکی، ئەفلاتون، دموکریتوس و… چ جیاوازییەکی هەیە کامیان بێت؟ یەکێک لەمانە کە تووشی ئەم گیر و گرفتەی کردووە، و لە سوچێکی ژوورەکەیدا گۆشەگیر، پەرێشان و لە خەڵک و کۆمەڵگا دوورەپەرێزی کردووە.
ژیان بۆ ئەو بە بێ هەناسەدان لە فەزای خنکاو و لە نێو ئەم کتێبانە نەبێت هیچ مانایەکی تری نییە!
مەگەر خۆی لە وڵامی دایکیدا کە پرسیبووی ” ڕۆڵە ئەم هەموو کتێبە داڕزیوانەت بۆچییە، ئەمانە بۆچی ئەخوێنیتەوە؟!” بە پێکەنینەوە نەیوتبوو: “بۆ ئەوەی کە لە ڕزیویی ڕزگارم بکات دایە گیان.”
بەڵام ئاخۆ لە ڕزین رزگاری ببوو؟ ئەو کە هەموو ئەو کتێبانەی خوێندبووەوە، نەک هەر خۆێندنی ئاسایی کە هەموویانی جووا بوو و بابەتە گرنگەکانیانیشی هەلاجی کردبوو و لە هەر کامێکیان یاداشتی وەرگرتبوو و چەندین جار لەگەڵ مامۆستاکانیدا کەوتبووە گفتگۆ و ڕەخنەی لە رووانگە و بیرکردنەوەی ئەوان گرتبوو. چەندجارێکیش کۆنفرانسی دابوو ئیدەی نوێ و بیرۆکە جیاوازەکانی خۆی خستبووە بەر دەست و بە سەدان دەقی جدی و دانسقەی هەبوو و هەمیشە بیرۆکەی نوێی هەبوو بەڵام لەگەل ئەمانەشدا ئایا هێشتا پێیوابوو مرۆڤێکی هزر داڕزیوە؟ ئیدی بڕیار نەبوو لە داڕزین ڕزگاری بێت؟ لە هەموو هاوتەمەنەکانی خۆی زیاتری ئەزانی و پێشکەوتووتر بیری ئەکردەوە. هیچ کەسێک زاتی ئەوەی نەدەکرد لەگەلیا گفتگۆ بکات. لەڕاستیدا ژیانی ئەو جگە لە بیرکردنەوە و شیکاری و خوێندنەوەی کتێبە داڕزیوەکانی هیچی تر نەبوو.
من بۆچی لێرەم؟ لێرە چ کاڕێکم هەیە؟
سانای ئەویندار ودڵ ماندوو، وەکو ئەوەی تازە بەهۆشهاتبێتەوە، لە خۆی ڕووانی، تەماشای گونجاندنی جانتا و پیڵاوە و کراسە نیوچە کورتە ڕەنگاوڕەنگەکەی خۆی کرد: چەند گەمژەم!! ئەمەی وت و دەستی برد بۆ لێوی سووراوەکەی لێکردەوە و تەماشای سەرپەنجە سوورەکانی کرد: بیزم لە ڕەنگی سووری سووراوەکەم دێتەوە. دواتر هەوڵێدا بە کلێنسێک بیسڕێتەوە. هیچ گەمژەیەک ناتوانێت وەکو من خۆی بخڵافێنێت هیچ مرۆڤێکی خۆئازاردەری مازوخیسم هیندەی من ژیان لە خۆی تاڵ ناکات و لەگەل خۆیدا بەم ڕادەیە بێبەزەیی نابێت کە من هەم. هەر چەند لێی نزیک ئەبمەوە هەست ئەکەم لێم دوورتر ئەبێتەوە! ئاە چەندێ مەودا لە نێوانماندا هەیە. نە کەیفخۆشی من ئەیهێنێتە سەر کەیف و خۆشیی و نەش ئاڵۆزی ودڵ مردوویی ئەو رووانگەی من بۆ ژیان ئەگۆڕێت! ئایا بەڕاستی لە زمانی یەک تێناگەین؟ پاشەوپاش گەڕایەوە و لە دوورەوە سەری هەڵبڕی و تەماشای پەنجەرەی شوقەکەی کرد کە ڕووی بە کۆڵانەکە ئەکرایەوە. کەمێک ڕاوستا و دوواجار بە هەنگاوی بەهێزەوە بڕیاریدا بگەڕێتەوە ماڵەوە. بە دەروونێکی رووخاو و دڵێکی پڕ تامەزرۆوە کەوتەڕێ. لە ڕێگا دڵی خۆی ئەدایەوە لە بری خۆیەوە ئەیوت بەس نییە زەنگم لێنەدا. باشتروایە هەست بە خۆشەویستیم نەکات. بۆچی ئەو کێیە ئەوەنە لەخۆباییە….و ئەمانە و زۆر درۆی تریش کە لەگەل خۆیدا دەیکرد..بەڵام دیسانەوەش نەیئەتوانی دڵخۆشی خۆی بداتەوە و بڕوا بە خۆی بێنێت. ئەم قسانە هیچ سوودێکیان نەبوو، نە دڵی ئارام ئەکردەوە و نە ئەیتوانی لەگەل خۆیدا درۆ بکات و نەش ئەیتوانی وازی لێ بێنێت.
خۆ پێشتریش چەندین جار هەوڵی لەبیرکردنی ئەوی دابوو وا خۆی پێشان ئەدا کە دەستبەردرای ئەوینی ئەو بووە بەڵام ئاخە چۆن دەێتوانی قەناعەت بە خۆی بێنێت کاتێک کە عیشقی ئەو لە سەرتاسەری بوونی ڕەگ و ریشەی کوتا بوو. ببووە ناسنامەی نوێی ئەو. نیازی بوونی ئەو بست بەبستی جەستەی ئەهەژاند بۆ مانەوەی بەهەموو بوونی لێی ئەپاڕایەوە. بەڵام خۆ (کەیوان)یش بێتاوان بوو. ئەو هەر لە سەرەتاوە وتبووی من تاقەتی ئەم بەزمەم نییە. کاتم بۆ خۆشەویستی نییە ڕوانگەی بۆ عەشق جێاواز بوو. پێی وتبووی:” بڕۆ بکەوە شوین چارەنووسی خۆت.”
سانا بەڵام بە پێکەنینەوە بە ریتمێکی شاعیرانەوە وتبووی: کام چارەنووس بێ تو؟
ئێستا کە بە دەم ڕۆیشتنەوە بیری لەم ڕستەیە ئەکردەوە گریانی ئەهات. بەڕاستی کام چارەنووس بێ ئەو؟ ئەو کەیوانی بە چارەنووسی خۆی دەزانی، هەمووشتێکی کەیوان بوو، دوای ئەم خۆشەویستی و پەیوەندییە کورت و پچڕ پچڕە و هەڵسوکەوتە سارد و سەیرەکانی کەیوان، سانا پێیوابوو کە چیتر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە بەرانبەر عەشقی ئەودا خۆڕاگر بێت. چەند ملکەچ و زەلیل بوو .. چەند ئەم ملکەچبوونەی بەدڵ و گیان پێخۆش بوو.
کەیوانی لوتبەرز و لەخۆبایی تەنها بەهرەی ئەوە بوو کە چێژەکان بکاتە خەم و مەینەت و مرۆڤی پی بفەوتێنێت. هەرچەند لەگەلیا سارد و سڕتر ئەبوو سانا زیاتر هەڵوەدای ئەبوو، بە پێی ئەوەی کە هەمیشە ڕەتی ئەکردەوە و خۆشەویستییەکەی ئینکار ئەکرد و میهرەبانییەکانی پشتگو ئەخست. دیسانەوەش سانا نەیئەتوانی ڕقی لێبێتەوە یان لایەنی کەم کینەیەک بەرانبەر ئەو لە دڵ بگرێت.
سانا هێشتا وایئەزانی کە زەنگی لێنەداوە و خۆی وا دەرئەخست ک گوایە توانیویەتی بە سەر عەشقیدا زاڵ بێت و بەلاوەی بنێت.
ژوورەکە گەرم و تاقەت پڕۆکێن بوو..بۆنی کۆنەیی و جگەرەی ئەدا وەکو بەندکراوێک لە ژووری تاکە کەسیدا خۆی بەند کردبوو و سەری لە نێو یەکێک لە کتێبە فەلسەفیەکاندا بوو. لێ گەیشتبووە بێمانایی و پوچی ژیان و دەیویست هەموو ژیانی بۆ خۆێندنی کتێب و تێگەیشتن تەرخان بکات. بەڵام لەم کتێبانەوە فێری چ شتێک ببوو جگە لە ئازاردانی خۆی، تووڕەبوون و گۆشەگیریی و مەرگخوازی. چندینجار هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردبوو کە هەڵبژاردنی ئەم ژانەرە ئەدەبییانە و ئەم جۆرە کتێبانە کە تۆ دەیانخوێنیەوە تووشی گرفتی دەروونیت ئەکەن و ئەتگەیەنێتە بڕیاری خۆکوژیی.
کەیوان پێکەنینی ئەهات! ئەیوت: خۆ ئێوە من بە باشی ئەناسن، من زۆر لەم قسانە ترسنۆکترم پاشان بە قووڵیی بیری لەم ڕستەیە ئەکردەوە کە “خۆکوژیی کاری مرۆڤی ترسنۆکە.” دواتر گۆمانی لەم قسەیە دەکرد و لەبەر خۆیەوە دەیوت: ئیدی خۆ ئەگەر وا بێت بۆچی من تاکو ئێستا خۆکوژیم نەکردووە؟! نا.. بێگومان وانییە خۆکوژیی کاری مرۆڤە ئازا و مەزنەکانە نەک ترسنۆکێکی ڕاستەقینەی وەکو من! زۆر ڕقی لەم دۆخەی خۆی دەبووەوە. لەم هەموو بێ خەیاڵییە هەندێ جار تاڕادەیەک هەستیار ئەبووەوە کە ئەغەنزرا وەکو مناڵێک دڵی ناسک ئەبووەوە و حەزی ئەکرد بگرێت. بەڵام فرمێسکی نەبوو وەکو بڵێ گریانیشی بیرچووبێتەوە چاوەکانی وشک بوون دڵی بێ هەست، بەڵام هزری هەمیشە گیرۆدە و چالاک. لەگەل ئەمەشدا هەنێ جار هەستی ئەکرد کە ناتوانێت بە دروستیی بیربکاتەوە و تەنانەت ناتوانێت چەند هەفتەی رابردوو بە وردی بیرخۆی بێنێتەوە تا بە هەڵسوکەوتەکانیدا بچێتەوە و خۆی تێیاندا بدۆزێتەوە و بزانێت خەریکە چی ئەکات و بە کوێ ئەگات؟ لە هەموو کاتێک زیاتر ڕقی لە خۆی دەبووەوە. لەوەی کە بەرانبەر هەموو شتێک و هەموو کەسێک بێ هەست بوو. حەزی بە تەنیایی بوو.. لە دوورگەیەکی دوور بە بێ هیچ پەیوەندی و هاتوچوویەک بژێت. دوورگەیەک کە هیچ پاپۆڕێک ڕێی بەوێدا نەکەوێت. حەزی دەکرد لە دوورگەیەکی چۆڵ تەنانەت بە بێ بوونی هیچ مرۆڤێکیش بەم بێ هیوایە چڕە درێژە بدات. بە بێ هیچ ڕاکەڕاک و هەوڵدانێک بۆ ژیان. وەکو ئێستا کە هیچ هەوڵ و کۆششێکی نەبوو تەنها دەوروبەرەکانی بوون کە ئەویان پەڵکێش دەکرد بەرەو ژیان و ناچاریان ئەکرد بەردەوام بێت و نیوە پڕی پەرداخ و ڕەنگی پەمەیی ژیانیان پێشان ئەدا. بەڵام ئەو تەنها لە ڕوانگەی خۆیەوە ژیانی ئەیبینی. لێ پیدەچوو تووشی کوێرڕەنگی بووبێت. لەبەرچاوی هەموو شتەکان ڵێڵ بوون و هەموو شۆێنێک تاریک. ڵێڵی و تاریکییەکی بێکۆتایی و نوتک. لەپڕ هاتە سەر خۆ و وایزانی کە ڕەنگە گوێی لە دەنگی زەنگی ماڵەکەی بووبێت. هەستایە سەر پێ و پەنجەرەکەی کردەوە. سەری لە چوارچیوەی پەنجەرەکە بردە دەرەوە و تەماشای خوارەوە و هەر دوو دیوی کۆڵانەکەی کرد. لە بەرخۆوە وتی: تۆ بڵێ گەمژەیەک پەیدا بێت بیریی من بکات؟ ئاخە کێ دێت لە دەرگای ماڵی من بدات؟ دەستی ئەکاتە نێو ڤژە لولە و تێکەڵ و پێکەڵەکەی و لە دڵی خۆیەوە ئەڵێت: سەیرە، شێت بووم دیارە دیسان بە خەیاڵما هاتووە و تووشی وەهم بوومە.
پەنجەرەکەی داخست و جگەرەیەکی داگیرساند و گەڕایەوە بۆ خۆێندنی درێژەی کتیبەکە.
- سرنج: پێشتر دەقی ئەسڵی ئەم چیرۆکەم بە زمانی فارسی نووسیوە.
کوردتەيەک لە ژيانی نووسەر
مریم کاکەیی نووسەر، وەرگێڕ شاعیر و ڕۆژنامەنووس ی ئازاد. لە ساڵی 1983 لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، لە کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 لەگەل خانەوادەکەی پەناهەندەی وڵاتی ئێران بووە.
لە ساڵی 2004 گەراوەتە زێدی خۆی شاری کەرکوک. لە 2006 وە شیعر و چیرۆک و بابەتە ئەدەبییەکانی لە ڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕە ئەدەبێ و فەرهەنگیە کوردیەکاندا بڵاو کردوەتەوە.
بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی دەنووسێت.
لە ساڵی 2013 لە لایەن سەنتەری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی سفەیەوە وەکو شاعیرێک خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە.
لە ساڵی 2009 تا 2014 بە شێوەیەکی بەردەوام لەهەفتەنامەی هەواڵ نیوز لە کەرکوک بە بڵاوکردنەوەی شیعر و چیرۆک و بابەتەکانی چالاکی بەردەوامی هەبووە .
هەروا لە بواری هونەرییش وەکو شێوەکارێک چالاکی هەبووە و لە چەند پێشانگەیەکی هاوبەشیدا بەشداری کردووە.
لە ساڵی 2014 کتێبی (چین چیلا و دوو چیرۆکی تر)ی لە چاپخانەی ئارابخا لە شاری کەرکوک چاپکردووە، کە بریتیە لە چەند چیرۆکێکی بیانیی لە فارسیەوە وڕیگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆڕایە. ئێستا لە وڵاتی ئاڵمانیا نشتەجێیە و سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئاڵمانیە.