فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تـێـکسـت

 

تـێـکسـت

هاشم سەڕاج/ شاعير /هەولێر

(1)

پێکەنینە زەرد باوەکەت

قریوە قریوى ژمارە و

تریفە تریفى زانیارى و

تریقە تریقى وێنە و

قاقاى سیمبۆل وخولیا و

حیلکە حیلکى نیشانە

نەوسنەکان و مەرگەساتى بە دواوە یە

(2)

جارجارە

بەلەنجەى تاووسێکى تامەزرۆ دێى

بێ بەرنامە وپەیام و شوناس

پاڵتۆ شەکەرییەکەى بەرت

تووڕ هەڵدەدەى وبەخێرایى

کووپێ نسکافەى نارنجى دەخۆیتەوەو

لە پڕێکا

چاوى ڕاستت بەئەفسوونەوە

دادەگرى

وەک ئەوەى زیندانى زمان

سیستمە هێماییەکەى لەدەست دابێ

بەشێنەیى ئیمێلەکەت دەکەیتەوە و

چاودەگێڕى و

بەقژى پڕ پێکەنینەوە

سەمادەکەیت و

ئاماژەگەلێکى ئاڵتووناوى

لەکەمەرت دەئاڵێنى و

مۆبایلە سپییەکەت

لە درزى ستیانەکەتا دەشارییەوە

(3)

لەودیو قەنەفە قەنەوزییەکە

ڕووخسارێک دیارەو

کز کزدەسووتێ

لە ئاگرى ئاوێنەى جوانیت دەکاو

کڵافە کڵافە

پرشنگى خودایى لێ دەڕژێ

(4)

حەزم لێیە لەوڵاتى لەشى

بێ پایتەختتدا

قاروورەیەک قاوەى کەسک بخۆمەوە

(5)

چیتر خۆمەلەنگێنە

با

داو داوى پەرچەمى برۆنزیت

عەترى ئیرەم نەوەشێنێ

(6)

دەسەڵاتى شێوەى شێواوت

زیندانێکە لە فەنتازیا

دۆزەخێک لە

نەشئەکانى کحول

(7)

خەیاڵم دەورووژێنێ

جوانیت

زەینم پەرت دەکا خودا

ئەو تێکستەئاڵۆسکاو و کراوەیە !

30/12/2007