فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەگپشیلە پشیلەسەگ

سەگپشیلە پشیلەسەگ

 

عەبدوڵڵا سەڕاج/ ڕۆماننووس و نووسەر / فيلاند

سیاسەتمەندارێکی هەرە دزی شاری جابڵەقە ناسراو بە ئەنا کوڕی کۆندای ئەژدەری سێ سەر لە تیژڕەوی و هەڵەشەی خۆی و ئۆتۆمبیلەکەی لە سەرەو لێژی ( پیرخاڵ) کەوتە شیوێکەوە نامرێ بەڵام تۆڕی هەر دوو چاوی لە دەست دەدا و پزیشکانی شاری جابڵەقە بە هانایەوە ناچن ، تەنها ئەوەی بۆ ئاماژە دەکەن کە حەکیمێك چەند ساڵێکە خەریکی گۆڕینی تۆڕی چاوانە مەگەر ئەو فریای کەوێت ئەیگەیەننە نۆرینگەی پزیشک میرزای شوانزادە ئەویش پێی ئەڵێ چاوێکت بە تۆڕی چاوی سەڴ دەنێژم و چاوەکەی دیکەشت تۆڕی چاوی پشیلەی لێدەنێژم بەڵکو فریات کەوێت. نەشتەرگەریەکەی بۆ دەکات بە دیاریەوە ئەبێت و رێکەوت ئەو شەوە مانگە شەو دەبێ میرزای شوانزادە گوێی لە هاوار ئەبێت بەڵکو گوێی لە حەپە حەپ و وەڕین و میاواندن دەبێت، وەو وەو وەو: میاو میاو میاو: حەپ، حەپ، وەوووو، میاووو، سەرسام دەبێ هەراسان دەبێ ، خۆی هەراسان دەبێ، دراوسێ هەراسان دەبێ، شار هەراسان دەبێ، هاوار لە ئەناکۆندای ئەژدەری سێ سەر هەڵدەسێ ، هەر چیم هەیە ئەتدەمێ لەم دۆزەخی دەرونە رزگارم کە ئەوا پشیلەکان چڕنۆکم لێئەگرن و سەگەکانیش قەپم لێدەگرن ، ئەویش دەڵێ تەنیا چارەت ئەوەیە هەر چیت دزیوە لە میللەت بیگەڕێنەوە گەنجینەی شار بەشێکی بدەیتە دەزگای خێرخوازەکان ئەوسا مەگەر تۆزێك گیان بسرەوێت و ڕەوانت ئارام بگرێ، ئەناکۆندای ناسراو بە ئەژدەری سێ سەر دەکەوێتە نێوان جوتێ بەرداشی قورس و زبرەوە ، بەرداشی یەکەم پێی دەڵێ : بە گوێرەی رێنمایی پزیشکەکەت بکە و ئارام بگرە ، بەرداشی دووەم پێی دەڵێ: نسکێنەی خواردووە ئەمڕۆ باوی وەڕین و میاواندنه تەنانەت سیاسەتمەندارانی لە تۆ دزتر و گەرەتر زەڕ زەڕ ئەزەڕین.
ئەوجا خوێنەری دەلالم ئەم ئەناکۆندا ناسراوە بە ئەژدەری سێ سەر ڕێنمایی کام لەو بەرداشانە دەکات؟! یان تۆ بڵێ چی ئەکات؟! خواتان لەگەڵ.