فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بە دۆڵێدا

بە دۆڵێدا

 

ڕەسووڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێڕ/ کەنەدا

کەگورگی هار بزەی هاتێ، ئەوین هەڵهات بە چۆڵێ دا
بە لوورە و مەرگەورە هاتن، هەموویان قۆڵ لە قۆڵێدا
لەجەستەی جوانیی ئاورێکیان، هەتا ئاسمان بەرز نەخشاند
کەسووتا خەونی باخ، بارین لە پێدەشتی سەهۆڵێدا
نە خەرمانێک لە سەوزایی، نە وەرزێک غەیری خەم مابوو
دەبوو ئەو وردە ژانە، بۆ سبەی دادەین بەکۆڵێدا
لە شارم پەیکەری شەیتان، لە گوندم داوەڵی دێوە
لەگەڵ بارانە هاوپەیمان، روواین دیسان لەخۆڵێدا
ئەمن ئامێزی دۆزەخ، گرتمێ باوەش دەمێک ساڵە
کەچی شەوناوەکان دەڕوێن، لە باخەڵ نەرم و نۆڵێدا
سبەی خۆرێک دەبینین، بۆتە ناوی تازە بۆ کیژان
دەبین دەرباز لە ئاژاوە و هەوای مات و شڕۆڵێدا
هەواڵێکە وڵامی روونی، مێژووی پەڕپەڕی ئێمە
مەترسن سەخڵەتی رۆیی و شەوی تاریک بە دۆڵێدا