فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“چاوەکانم…..”  کورتیلە چیرۆک

“چاوەکانم…..”    کورتیلە چیرۆک
زێنەب یووسفی/ چیرۆکنووس/ سنە

بریا دانەیەک لە قاچەکانم دەبڕییەوە و لەوێ دامدەخست تاکو دوایی چیرۆکەکەم بۆ بگێڕێتەوە. قاچی لا ڕاستم گوتی: چاکت کرد منت نەبڕییەوە،ئەگینا چۆن شەلە شەل خۆت دەگەیاندە ئێرە . قاچی لاچەپم گوتی: یان من،ئەگەر منت بڕیبایێ هیچکات نەدەگەیشتیتە ئێرە ..گێڕە گێڕ و لارە لار. چاوی چەپم گوتی:تۆ تەنیا غەدرت لە من کرد تەنیا لە من ..ئەی کوا ،کوانێ درێژەی چیرۆکەکە هااا چۆن نەتتوانی بەدرەنجامی چیرۆکەکە بگەیت ..هەی بە لەحنەت بیت هەی….

هیچکات نەمتوانی لە درێژەی چیرۆکەکەت تێبگەم،هەڵە بووم کە پێش لەوێ دەربکرێم چاوی ڕاستم دەرهێنا و خستمە ژێر سەندەڵییەکە تاکو دواتر هەمو شتێکم بۆ بگێڕێتەوە…. پارچە قوماشێکم خستە سەر چاوی ڕاستم و لە پلیکانەکان هاتمە خوارێ.گوتت: “ئەی ..ئەوەچاوت چی لێهاتووە؟” گوتم :”ئەم چاوەم خوێنی تێزاوە”. گوتت:”کەوایە چاکت کرد وا  داتپۆشیوە”. ڕۆیشتم،بەس چاوم لە ژێر سەندەڵییەکە بە جێ هێشتبوو.پاش حەوتەیەک  گەڕامەوە و خێڕا چومە سەر سەندەڵییەکەی دیوەخان،خۆم دانەواند و سەیری ژێر سەندەڵییەکەم کرد.چاوەڕێ بووم  تاکوو  بزانم چاوەکەم چیم بۆ دەگێڕێتەوە بەڵام ..،،بەڵااااام  ئەی هاوار کە چاوم لەوێ  نەمابوو…ناااا…شتی وا چۆن دەبێت …چاوم لەوێ نەما بوو. گوتم:”کە من نەبووم کێ ئێرەیە خاوێن کردووەتەوە”؟ گوتت:”خۆم……جوان خاوێن بووەتەوە؟ هااا”؟ چاوی چەپم زریکاندی… زریکاندی،بە پەلە دەستم خستە سەری و بە چپەوە گوتم “:وسسسسست ،وست بە.”

ئیدی  لەو رۆژەوە لە دووی چاوی ڕاستم دەگڕم کون و کونبنی ئەم خانوومە هەڵداوەتەوە بەڵکو خلێر بووبێتە شوێنێکەوە…کۆڵانیش،تەنانەت هەمو زبڵدانەکانی شاریش گەڕاوم…بەینێکە بیستوومە زبڵەکان دەڕژێننە ئوقیانووسەکانەوە و بەم بۆنەوە فەتریەکە داویە لە سەرم بڕۆم و ئوقیانووسیش بگەڕێم ،بەڵکوو چاوی ڕاستم بدۆزمەوە ، لە هەر کوێ بێت دەیدۆزمە وە و درێژەی چیرۆکەکەی لێ دەپرسمەوە،دەمەوێت بزانم رێک لەم رۆژەدا چۆن ئەوانە یەکییان گرت و لەسەرچی پێکهاتن و چییان گوت وچییان بیست کە تاکو ئێستاش  هەر بەردەوامن و هەبوونیان هەیە …من دەچمە ئوقیانووس و چاوی ڕاستم دەدۆزمەوە و درێژەی چیرۆکەکەی لێ پرسیار دەکەم، لەوانەیە چاوم چووەتە قوڕگی ماسییەکی زلەوە،وەکو وێنسی پیرۆز کە ماسییە زلەکە خواردی بەس بە زیندویی لە زگی ماسییەکە ڕزگار بوو. ئەگەر وابێت چاوی ڕاستم وەکو وێنسی پیرۆز چیرۆکی زۆری پێیە.حەزم لە چیرۆکە ،بەتایبەت چیرۆکی ئەوانە کە نزیکن لە ڕاستییەکان،ئەو چیرۆکانە کە لە دونیای واقیعدا ڕوو دەدەن. چیرۆکی مرۆڤەکان ….ئەو مرۆڤانە کە لە شەڕەکاندا دەکوژرێن بەڵام کۆڵ نادەنە دوژمن و داگیرکەرەکان… چاک دەزانم لە چەشنی وێنسی پیرۆز  چاوی ڕاستم چیرۆکی زۆری پێیە……