فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سێژوان

سێژوان

وریا عمر امین
.
دوای دامرکانی پشکۆی خۆرنشین
تارای ڕەش ئەکشێ لە پیرۆزەی شین
مروارییەکان …ئەکەونە دزە
زەمین ئەپژێنن بە نمەی بزە
لەتەک مانگی نوێ..ھی گەش و درشت
ئەبنە ملوانکەی گەردنی سروشت
ئەم ڕەشبەڵەکە ئەفسووناویە
ژوانی نھێنیی بوون و جوانییە
نارێ تۆش یێکێ لەو گەوھەرانەی
ھۆشبەستی نازی ئەم ئێوارانەی
کە چرۆکانم بۆت ئەجریوێنن
شنەکانی سۆز بەرەو تۆم دێنن
ڕوویان تێئەکەم لەوێ ئەتبینم
لێتان ئەبیستم ئاوازی ژینم
( ١٩٩٨)