عەبدوڵڵا سەڕاج
بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی دایك لە شارەکەتدا نسکۆ نەهێنێت، خۆت ئامادە کرد بۆ وانەی ئەلف و بێ ، چوویتە پۆلەوە . بەرزەپێ لە بەرت هەستان .
ڕۆژتان باش، فەرموو دانیشن
سێ ڕیز قوتابی ببونە چاو و گوێ گوتت:
من ناوم میرزا شوانە ئێوەش یەك بە یەك ، لێرەوە، هەستن و ناوی خۆتان و باوکتان بڵێن خۆ ئەگەر ناوی باپیرەشتان بڵێن باشترە.
گوێبستی ناوەکان بووین دوا جار بە خۆتت وت: ئەمساڵ بەرزەئاو نەمان بات باشە! چونکە سێ منداڵ ناویان سیروان بوو، دوانیش ناویان ڕووبار بوو، یەکێکیش دەریا بوو ، ئەوجا بە دەنڴ لێیانت پرسی: کەسێکتان ناوی باپیرەی یان ناوی دراوسێیەکتان نوح نییە؟.
دوو سێ دەنڴ پێکەوە : نوووووح! ئەوە کێیە مامۆستا؟ گورج وەڵامت دایەوە: پیاوچاکێك بوو خەڵکانی بە کەشتی لە خنکان ڕزگار کردووە دەنگێك لە دواوەوە هات : کەشتی چییە مامۆستا ؟ ڕووت زیاتر گەشاندەوە و گوتت : ئێوە لە نەورۆزی پار لەگەڵ دایك و باوکتان چوونە بۆ دوکان یان دەربەندیخان ؟ .
دەنگەکان تێکەڵاو بوون: من….من….من مامۆستا لەوێ ماسیگرمان دی لە ناو بەلەمەکەیەوە تۆڕی هەڵئەدا. تۆش هێدی هێدی گوتت: کەشتی وەك ئەو بەلەمەیە کە دیوتانە بەڵام ، زۆر زۆر گەورەترە هەندەی ئەم قوتابخانەیەمان و گەورەتریش.
لەم کاتەدا زەنگی پشوی یەکەمتان ژنەفت و دەست بۆیان بەرز کردەوە.
توێژینەوە:
بە بۆچوونی من ڕووداوی تۆفانەکەی نوح پێغەمبەر (د.خ) وەك لە قورئانی پیرۆزدا نووسراوە دەبێ لە باکووری میزۆپۆتامیا ڕوویدا بێت پشت بەم چوار خاڵەی خوارەوە دەبەستم:
١- بەگوێرەی یاسای سروشتی، ئاو لە بەرزاییەوە بەرەو لێژایی دەکشێت نەك بە پێچەوانە، بۆیە کەشتیەکه لە قەدپاڵی چیای ( جودی) وەستاوە، ئەڵبەتە دژوارە کە کەشتیەکی وا گەورە لە باشوورەوە دژە ڕەوتی ئاو بگاتە باکووری چیایی.
٢- بۆ دروستکردنی کەشتیەکی گەورە بۆ خۆیان و ئازوقە و ئاژەڵەکانیان دار و درەختی زۆر پێویستە ئەمەش لە جەنگەڵەکانی باکووردا دەست دەکەوێت. خۆ ناشێت لە باشوور حەزرەتی نوح کەشتیەکەی لە قەدی دارخورما دروستکردبێت؟!!!
٣- ئەوسای نوح (د.خ) داوا لە کوڕەکەی دەکات کە لەگەڵیاندا سوار بێ و ، نەچێتە لای وێڵبووەکان کوڕەکەی ئاوها وەڵامی دەداتەوە: پەنا دەبەمە بەر شاخێك و ، لە ئاو دەمپارێزێت ( سٲوی الی جبل یعصمنی من الماء).
ئەمەش بە تەواوی بەڵگەیە کە تۆفانەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی ڕوویداوە.
٤- هاوشێوەی ئەم چیرۆکەی نوح ( د.خ) لە نووسراوەکانی سۆمەریەکاندا بە خەتی مێخی هەیە، کە من بڕوام وایە هەمان ڕووداوی نوح پێغەمبەرە، چونکە سۆمەریەکان بە ڕەگەز لە چیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵات شۆڕبوونەتەوە باشووری میزۆپۆتامیا . ئەو ڕووداوەش لە کۆهۆشیاندا ماوەتەوە و تۆماریان کردووە.
خوێنەرانی هێژام ئەگەر لایەنگری بۆچوونەکانمی ، ئەوا باشە. بە پێچەوانەش ، هەر باشە گرنڴ لە لام ئەوەیە بێیتە گۆ.