نا مەشەمزێنە
هونەر موکريانی/ شاعير /مەهاباد
نا مەشەمزێنه دڵی ناسکی هیواداریم
لێگەڕێ بێ کزەبایەک بهدڵی ڕزگاریم
هەمه هەر چووکەچرایێ له خەیاڵی شەودا
لێم مەکووژێنەوه، پێویسته لهبەر بێداریم
چۆلەکەی زەرده لهسەر زاری بەیانم هەڵنیشت
هەڵیمەفڕێنه دەگەڵ زەردەپەڕی بێزاریم
گشتی تارا، خەفەت و خەم به خەمی ئەگریجەت
دەیگرم بۆ نەفەسی نایی به چەنگی تاریم
خۆشەویستی، له هەواری غەزەلێ دەتدوێنم
چی قسەم پێنییه، تەنیا بهتەما دڵداریم
مانگ گەر شۆقی زەوی داوەتەوه و ئەستێره
سەربەخۆ گرشەیەتی، خاکی شکۆی شەوگاریم
بەهەوا بەرزی به ئاوێنه ئەگەر خۆ دەگری
سەروگەرنێکه بەرزتر له هەوا، خەمباریم
هەوری هێنا که پەڵەی ڕەحمەتی تێراوم کا
چاوی لەو دەشته غەمەم کردەوه هێندی باریم
عاشقێکی بەمقاماتی قەناری! بەهـ بەهـ!
جا له دەسگاهی قەفەسدا وەره گۆشەی زاریم!
حەوسەلەم حەسرەتی دنیایی به کارێ نابا
که نەگونجا له ئەزەلدا سەحەت و بێکاریم
باغەوانی فەرەحم دەستی نەئێشێ وەک گوڵ
دەریهێناوه دڕوویەک له لەشی ئازاریم
دەم دەناڵێ قەدەمی خێره بهخێرایی دێ
بانی چاوم، دەمی دوایینه له حاڵی جاریم
جوانی، جیلوەی سیفەتی، مەحرەمی خاسانی، من
بەتەماتم که بهعام ئەوپەڕی بەدکرداریم
نازی شێعرێ که له فەردێکی دەپرسی حاڵم
نەفەسێ دێ به غەزەل، شوکری هەناسەی یاریم
هونەری چاو و برۆتن که لهسەر دڵ، شەمشیر
دەگەڕێ، بێ سەری زامێ له دڵی دیداریم