فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“”گردە قالۆنچە””

“”گردە قالۆنچە””

 

کورتیلە چیرۆک
زێنەب یووسفی/ شاعیر و چیرۆکنووس/ سنە
هەموو کاتێ هەرکە هەنگاوم دەنایە سەر یەکەمین پلەی پلیکانەکە و دەمهەویست بەرەو حەوش ببمەوە دایکم هاواری دەکرد “”کچێ لە بیرت نەچێت گسک و خاکەنازەکە لەگەڵ خۆت بێنی دەبێ خێرا کەین و ئەو قالۆنچە تۆپیوانە کۆ کەینەوە،ئێستاکە باوکت دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ””
دراوسێیەکانمان دەیانگوت”” ئێمەش نەمانبینیوە بەس بیستوومانە کە پێشتر لە جیاتی ئەو خانووەی ئێوە زەوینێکی تەڕ و بۆگەن بووە وچ قالۆنچە لەم شارە بووە لەم زەوینەوە هەڵهاتووە ،تا ئەوڕادەیە کە هێدی هێدی گردێک له قالۆنچە لێرە پێک هاتووە و بووەتە هۆی پیسی و نیگەرانی بۆ خانوەکانی دەوروبەری .کەسیش نەیتوانی بۆ لەناو بردنیان کارێک بکات و قسەکە گەیشتوەتە گوێی بەرپرسان و حکوومەتیش چ هەوڵی داوە گردە قالۆنچە لەناو نەچووە….چییان دەکۆشت سەد ئەوەندەیتر زیادیان دەکردەوە …تەنانەت جوولەکە دەرمانفرۆشەکانی بازاڕیش هاتنە هانای حکوومەت و بە ژارێکی تایبەت ویستییان گردی قالۆنچە لە ناو ببەن بەس سوودی نەبووە..تاکو ڕۆژێک کابرایەکی هەندەرانی هاتوەو و بۆ چەندین ڕۆژ ئاوری لە گردە قالۆنچە بەرداوە و لە کۆتایدا قالۆنچە و مالۆنچە لە ناو چوونە…….بەم بۆنەوە ئەم گەڕەکە نێوی بە گردە قالۆنچە دەرچووە.
دراوسێیەکان دەیانگوت پاش ئەو ئاورە توخنی قالۆنچە بڕایەوە و ئیدی کەس قالۆنچەی بە چاو نەدییەوە.
هەرکە دایکم ئەو چیرۆکەی بیست لە سەر خۆ چوو و ماوەی چەندین خولەکی خایاند تاکوو هاتەوە سەر خۆی،بەس لە گەڕانەوە بۆ ماڵ بەدزی هەموومانەوە خۆی کردە هێشخانە تاریکەکە و دەرگای بەڕووی خۆیدا داخست.
پاش چەند ڕۆژ بۆ هێنانی پەتاتە ڕۆیشتمە هێشخانە تاریکەکەمان ناکاو چاوم کەوتە نەخشێکی سەیر بە سەر شوورای هێشخانەکەوە. وێنەی قالۆنچەیەکی سەیر و سەمەرە بەسەر شووراکە نەخشێندرابوو.دیار بوو کە ئەوە کاری دایکم بووە چوونکە پاش بیستنی چیرۆکی گردە قالۆنچە ڕۆژانە بۆ چارەکە سەعاتێک ئیلا نیو سەعاتیش دەچووە هێشخان و خۆی لێم ون دەکرد .
دایکم هێدی هێدی دەستی کردە قسە کردن لە گەڵ قالۆنچەی سەر شووراکە ،ئیدی دەرقەیدی داخستنی دەرگای هێشخانیش نەدەهات و تەنانەت بە دەنگی بەرزیش قسەی لە گەڵ ئەو نەققاشیە دەکرد. ،بەردەوام وای هەست دەکرد قالۆنچەیەک لە ژێر لێفەکە،یان قابلەمەکە یان لە جانتاکەیدایە.چیم هەوڵدا دایکم ئیتر لە قالۆنچە خەیاڵییەکان ڕزگار نەبوو.
‌دایکم هەموو ڕۆژێک من ناچار دەکات بچمە حەوشەکەمان و گسک و خاکەنازەکەی بۆ ببەم تاکوو قالۆنچە خەیاڵییە مردووەکان کۆ بکاتەوە و لە چاوەڕوانی باوکمدا کە ساڵگارێکە لەم دونیایە نەماوە لە بەر دەرگا ڕاوەستێت تاکوو قالۆنچە خەیاڵییەکانی پیشان بدات و جنێوی پێ بدات و کفری پێ بکات کە بۆچی ئەو خانووە پڕ لە قالۆنچەیە کڕیوە.
پاشان کە لە هاتنی باوکم ناهومێد ئەبێت خێرا چێشتی مریشک و بایجانە سوورە لێ دەنێت و هەمدیسان لە چاوەڕوانی باوکمدا بۆ کاتژمێرەکە دەڕوانێت .ئەمە کاری هەموو ڕۆژێکی دایکمە لە پاش بیستنی چیرۆکی گردە قالۆنچە لە زاری دراوسێیەکانماندا.
هەڵبەت خودی من هیچکات لەو ماڵەمان تەنانەت چاوم بە یەک قالۆنچەش نەکەوتە تا ئەو ڕۆژە کە دایکم ون بوو. لە دووی دایکمدا ماڵی خزم و دراوسێ و بێگانە و ئاشنا گەڕام بەس دایکم نەبوو.دەتگوت نووقم هەڵگەڕاوە دایکم. لە کۆتاییدا ،دەمەو ئێواران هیلاک و ماندوو گەڕامەوە بۆ ماڵ. چەند خولەک لەسەر پلیکانەکە دانیشتم ،لە خۆم تێفکریم . بیرم بۆ هەزار شوێن چوو کە ناکاو خشە خشێک بەرگوێم کەوت.بەرەو هێشخانە تاریکەکە هەڵاتم ،گڵۆپەکەم هەڵکرت. دایکم سارد و سڕ لە سەر زەوینەکە داکەوتبوو و قالۆنچەیەکی زەبەلاحیش خەریکبوو خۆی لەسەر شووراکە هەڵکەنێت و بەرەو دایکم ببێتەوە…..تەرمی دایکم لە سەر زەوینەکە زۆرتر لە سێبەرێک دەکات،سێبەرێکی لاواز و سارد..چرکە بە چرکە سێبەری دایکم لە پێش نیگامەوە بێڕەنگ و نادیارتر دەبێتەوە…. بەس قالۆنچەکە زلتر و زلتر هەوڵدەدات بە تەقە تەق و گرم و هۆڕ و تەقەلایێکی زۆر ەوە خۆی لە شووراکە ڕزگار بکات و دابپەڕێتە سەر سێبەری دایکم…..