فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە بابەت دەسخەتێکی هێمن

لە بابەت دەسخەتێکی هێمن

 

ناسری حیسامی/ شاعیر و وەرگێڕ/ ستۆکهۆلم
دەستخەتی هێمنی شاعیر

دەسخەتێکی هێمن بڵاو کراوەتەوە کە چەند دێڕ شیعری تێدایە. ئەو چەند دێرە لە نێو شیعرە پێشتر چاپکراوەکانی هێمندا نین. ئەو دەسخەتە دوو چوارپارەی تێدایە کە یەکیان ئەوەیە:

دژمنی جوان

لەنێو گوڵان دانیشت و ون بوو لە من

ئەو گوڵانەم لێ بوونە دێو و دژمن

لێقەومانت گەیشتۆتە ئەوپەڕی

شتی جوانیش بوونە دژمنت هێمن

یارەکەی لە نێو گوڵان دانیشتووە و لە چاوی شاعیر ون بووە. لەو کاتەوە شاعیرگوڵی لێ دەبێتە دێو و دژمن، چونکە یارەکەی لە چاوی ئەو شاردووەتەوە. گوڵ لێی دەبێتە دڕووی مەم و زینان. ئیدی لێقەومان لەوە زیاتر نابێ کە شتێکی جوانی وەک گوڵیش لێت ببێتە دژمن.

 

 

چوارپارەی دووهەم ئەوەیە:

بولبولی چی، پەروانەی چی، ئینسانم

منم مــــانای خۆشەویستی دەزانم

ئەم دەناڵێ، ئەو دەسووتێ بڕاوە

من دەمێنم، من تووشی دەرد و ژانم

دەزانین لە ئەدەبی کلاسیکدا زۆر باسی شەیدایی پەروانە دەکرێ کە هەتا دەسووتێ لە دەوری دڵداری خۆی، واتە لە دەوری مۆم دەگەڕێ و بولبولیش هەمیشە ناڵەی دێ و بۆ گوڵ دەخوێنێ. شاعیر دەڵێ، ئەوە منم، منی ئینسان کە مانای خۆشەویستی دەزانم. پەروانە دەسووتێ و ئیدی ڕەنج و ئازاری کۆتایی پێ دێ. بولبول دەناڵێنێ و هیچی دیکە، لە سەر دڵدارییەکەی ئازاری دیکە نابینێ. ئەوە تەنیا منم، تەنیا مرۆڤە کە بە عیشقەوە دەژی و دەمێنێ و هەتا زیندوو بێ هەر لەسەر عیشق و دڵداری ئازار و ڕەنج دەبینێ. ئەوە هەر ئەو شتەیە کە هێمن لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا پێی دەڵێ “شیوەنی ئینسانی”.

شاعیر دەڵێ، ئەوە منم، منی ئینسان کە مانای خۆشەویستی دەزانم

 

ئەوە تایبەتمەندیی هێمنە کە بە زمانی سادە وێنەی شیعری دەخوڵقێنێ. زمانی ئەو شیعرەی تازە بڵاوکراوەتەوە، بەراورد بکەن لە گەڵ ئەو دوو نموونەیە کە لە دیوانەکانی مام هێمندا چاپ کراون:

 

دەستخەتی بێناو

 

 

وەڵامی دامەوە بولبول

بە شێنەیی، بە کاوەخۆ

گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ

کە سیس بووە. دەزانی بۆ؟

ئەو عومرێکی رابواردووە

پشکووتووە جا سیس بووە.

.

چوومە لای دوکتۆر و گوتی

نەخۆشی دەردەکەت سەختە

گوتم: تۆ پێت وایە دەمرم؟

بەداخەوە، گوتی: وەختە.

.

زمان و وێنەی شیعری و دەربڕین، لەو شیعرە تازەیەدا، ئەگەر پتەوتر، پوختەتر و پێگەیشتووتر لەو دوو نموونەیەی سەرەوە نەبێ، لاوازتر نییە. بە بڕوای من دوو نموونە تازەکە، لە شیعرە جوانەکانی مام هێمنن. هەر شاعیرێکی دیکە توانیبای شیعری ئاوا بنووسێ، گومناو نەدەمایەوە. کەسێک توانایی ئەوەی هەبێ شیعری وا بنووسێ، تا ئێستا نەدەناسرا؟

.

کاک مەلا سمایل نوورەدینی، کە شیعرەکەم لە لاپەڕەی ئەو وەرگرتبوو، وێنەی دەسخەتی مام هێمنی داناوە و ئەو ڕوونکردنەوەیەشی لە بابەت دەسخەتەکە نووسیوە:

“بەڕێز عەبدوڵڵا ساڵح، ناسراو بە “مامۆستا عەبدەی قەڵادزێ” کە ئێستا لە وڵاتی بەڕیتانیا نیشتەجێیە نامیلکەیەکی بە ناوونیشانی “شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە- کۆمەڵێ شێعری مامۆستا هێمن” بەدەستوخەتی خۆی بەچاپ گەیاندووە کە ئەو شێعرەشی تێدایە.

هێمن وەکو ئەمانەت  ئەو کۆمەڵە شیعرەی دەداتە دەست  مامۆستا عبداڵڵە ساڵح

 

چیرۆکی ئەوەش کە چۆن ئەو شێعرانە لەکن مامۆستا عەبدوڵڵا ساڵح بوون بەمجۆرە یە:

ساڵی ١٩٧٩ دووای لەنێوچونی ڕژێمی شا لە ئێران و سەرکەوتنی شۆڕشەکە وابوو مامۆستا هێمن کە لە بەغدا ژیانی بەسەر دەبرد گەڕایەوە ڕۆژهەڵات، بە ئۆردووگای بەستەستێنی پشتدەر دا و لەگەڵ کاروانچی، جا مامۆستا عبداڵڵە ساڵح کە پێشتر دۆستایەتیی لەگەڵ مامۆستا هێمن هەبووە دەچێتە لای و {هێمن} ئەو کۆمەڵە شێعرەی وەک ئەمانەت دەداتە دەست.”

قسەکەی کاک مەلا سمایل نوورەدینی لێرە کۆتایی دێ.

دوای بڵاو بوونەوەی شیعرەکە، هەندێک کەس گومانیان خستە سەر ئەوە کە ئەوە شیعری هێمن بێ. دەڵێن شیعری کەسێکی دیکەیە و هێمن بە دەسخەتی خۆی شیعرەکەی نووسیوەتەوە. یەک لەو کەسانەی ئەو گومانە باس دەکەن دوکتور جەعفەری شیخولئیسلامییە کە دەڵێ لەوانەیە کەسێک شیعرەکەی بۆ گۆڤاری سروە ناردبێ و هێمن شیعرەکەی بۆ “تیفتیفە دابێ” و بە دەسخەتی خۆی بۆی نووسیبێتەوە. دەسخەتێکیش، بە بێ ناو بڵاو کراوەتەوە کە گۆیا دەسخەتی “شاعیرەکە”یە. لەبەر چەند هۆ، ئەو گومانە لە بابەت ئەوە کە شیعرەکە هی مام هێمن نییە بە بێ بنەما دەزانم.

شیعرەکە ناوی شاعیر، واتە هێمنی تێدایە. ئەوە بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرایە کە شیعرەکە هی هێمنە

 

یەکەم: ئەو قسەیە کە گۆیا هێمن لەوانەیە شیعرەکەی بۆ چاپکردن لە گۆڤاری سروە نووسیبێتەوە ناکرێ ڕاست بێ چونکە دەسخەتەکەی هێمن هی ساڵی ١٩٧٩ یان پێش ئەوەیە. هێمن شیعرەکەی ساڵی ١٩٧٩ لە بەستەستێن لای دۆستێکی خۆی بەجێ هێشتووە، یانی چەند ساڵ پێش دەسبەکاربوونی گۆڤاری سروە. تا ئەم ساڵانەی دواییش جگە لەو دۆستەی هێمن کەس ئاگاداری دەسخەتە نەبووە.
دووهەم: شیعرەکە ناوی شاعیر، واتە هێمنی تێدایە. ئەوە بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرایە کە شیعرەکە هی هێمنە. ناشکرێ کەسێک شیعرەکەی نووسیبێ و پێشکەشی هێمنی کردبێ و بەو بۆنەیەوە ناوی ئەوی هێنابێ. چونکە لە شیعرەکەدا دیارە کە شاعیر، هێمن خۆیەتی:

لەنێو گوڵان دانیشت و ون بوو لە من

ئەو گوڵانەم لێ بوونە دێو و دژمن

لێقەومانت گەیشتۆتە ئەوپەڕی

شتی جوانیش بوونە دژمنت هێمن

شاعیر دەڵێ یار لە نێو گوڵان دانیشت و لە چاوی “من” ون بوو. ئەو گوڵانە لە “من” بوونە دێو و دژمن. واتە “من” هەمان شاعیرەکەیە. دوای ئەوە شاعیر قسە لەگەڵ خۆی دەکا و دەڵی: تۆ هێمن، لێقەومانت گەیشتووەتە ئەو پەڕی چونکە گوڵیش بووەتە دژمنت. ئەگەر کەسێکی دیکە ئەو شیعرەی لە بابەت هێمن نووسیبا دەبوو لە دێڕی یەکەم و دووهەمدا بڵێ  یار “لە نێو گوڵان دانیشت و ون بوو لە تۆ”، “ئەو گوڵانەت لێ بوونە دێو و دژمن”.
لەوەشەوە دیارە هێمن شاعیری ئەو شیعرەیە.

نیشانەی ناشارەزایی ساختەکارەکە ئەوەیە کە وای زانیوە ئەوە یەک شیعرە

 

٣- زمانی شیعری هێمن ناسراوە. ئەوە زمانی هێمنە. ئەو شیعرە ناکرێ شیعری شاعیرێکی گومناو و نەناسراو بێ. ئەو پرسیارەش بێ وەڵام دەمێنێتەوە کەسێک بتوانێ شیعری ئاوا بنووسێ چۆن تەنیا ئەو شیعرەی هەیە و دیوان و دەفتەری شیعری دیار نییە و ناویشی بە شیعرەکەوە نییە؟
٤- ئەو دەسخەتەی گۆیا هی شاعیری ئەو شیعرەیە، بە ئاشکرا پێوەی دیارە تازەترە لە دەسخەتەکەی هێمن. واتە دواتر ساز کراوە. ئەو دەسخەتە ساختەیە نازانم لە پێناو چیدا و بە چ مەبەستێک ساز کراوە. هیچ ناویشی پێوە نییە و لەبەر ئەوەی ساختەکارەکە ئاگادار نەبووە شیعرەکە کەی نووسراوە ڕێکەوتیشی پێوە نییە.
خاڵێکی دیکەش کە نیشانەی ناشارەزایی ساختەکارەکەیە ئەوەیە کە وای زانیوە ئەوە یەک شیعرە و هەمووی بە سەر یەکەوە نووسیوەتەوە، لە کاتێکدا لە دەسخەتەکەی هێمندا ئەوانە وەک دوو چوارپارە، نووسراون. واتە دوو شیعرن.