فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە تازەترین شیعری مامۆستا یونس ڕەزایی

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە تازەترین شیعری مامۆستا یونس ڕەزایی

ڕەسول سولتانی

شاعیر و وەرگێڕ/ کەنەدا

وەختێک دنیای ئەدەبی كوردی دەبینم كڕ و كپە و كەس نییە ئاوڕ لە دەقی جیددی بداتەوە، ناچارم خۆ لە كارێک بدەم كە لە ڕاستیدا دەبوو پسپۆڕ و شارەزایانی بوارەكەی خۆی بیكەن بەڵام وێدەچێ ئەوان لەبەر نان بەقەرزدان فریای ئەوە نەكەون. ئەوان با بچن دەقی بێسەروبەر و كرچوكاڵ و بەتاڵ بە تەرازووی شیعری مەحوی و نالی هەڵسەنگێنن بەشكم تۆزێک قورساییان پێ ببەخشن.
شاعیر لەم شیعرەدا لەبەردەم چەند نیشانەیەكی وەستاندا كە لەسەر ڕێگەی دانراون وەستاوە و نایەوێ دەستەوستان بێ.
بەڵام شاعیر بەبێ ئەوەی ئاماژەیەكی ڕوونیان پێ بكا، پێمان دەڵێ، زۆر نیشانەی وەستانی دیكەی بڕیوە. بە زۆر كەند و لەند و كۆسپ و لەمپەردا تێ پەڕیوە. ئەوەتا دەڵێ:
دوایین دەرگا
دوایین ڕێگا
دوایین بەستێن
دەرگا ئەگەر كراوە بێ، بە دەگمەن ئاماژەی پێ دەكرێ. دەڵێن یەكسەر وەژوور كەوتم، یان یەكسەر دەرپەڕیمە دەرێ، بەڵام كە دەرگا داخرابێ، دەڵێن: دەرگاكەم شكاند، لە ڕێسمەم دەرهێنا ئینجا ڕام كردە دەرێ… كەوابوو وەختێك شاعیر لە دەسپێكی شیعرەكەیدا دەڵێ: دوایین دەرگا، ناڕاستەوخۆ لە نێو دێڕە نەنووسراوەكانیدا بە دەنگێكی بەرز پێمان دەڵێ، ئەوە دوایین دەرگای داخراوە و دوایین ڕێگەی گیراو و دوایین بەستێنێكە كە دەبێ بیانبڕم، ئەوانی دیكەم بڕیون، ئەوانی دیكەی هەر كام بە پێوانەی خەم و برینێك بڕیون، ئێستا خەمەكان هێندە زۆرن، نازانێ كامیان بكاتە پێوانە. وەختێك دەڵێ: من بە پێوانەی كامە خەم، خۆ مەبەستی ئەوە نییە خەمێك نەبێ بیكاتە پێوانە، بەڵكوو ڕێك بە پێچەوانەوە لە نێو ئەو هەمووە برینەدا كە چارەسەری هەر كامیان كرانەوەی دەرگا و ڕێگا و بڕینی بەستێنێكە، هەڵبژاردنی ئەستەم كردووە.
لە چەند دێڕ دواتریدا دەڵێ:
ئەمڕۆ دەرگای هەموو ڕێگایەكم كوتا
كام ڕێگا؟
ئەو ڕێگایانەی كە دەگەنە وەرزێك، بەدەر بێ لە مرۆڤ.
بۆچی بەدەر بێ لە مرۆڤ؟ كابرای نێو شیعرەكەی مەولەویمان بیر دەخاتەوە كە بە ڕۆژی ڕووناك بە چرایەكەوە دەگەڕا و دەیگوت: “لە دێو و درنج بێزارم و تاسەباری مرۆڤێكم، بەڵێ، ئەوەی لە هیچ كوێ دەست ناكەوێ، تامەزرۆی ویم”. بەدەر لە مرۆڤ، واتە لە سەرووی مرۆڤی ئێستاوە بێ. خوا نا، مرۆڤێك بێ مەزنەمرۆڤ، مرۆڤێك بێ بزانێ بریسكەی زام و ژان چییە و تامەزرۆیی چ واتایەكی هەیە.
شاعیر خۆی لە دێڕی دواتردا پێمان دەڵێ بۆچی دەیەوێ بگاتە وەرزێك بەدەر بێ لە مرۆڤ. ئاخر نە دەنگێك وەڵامی ماندوویی ئەوی داوەتەوە و نە بەستێنێك بەدەنگییەوە هاتووە تا بیگەیەنێتە دوورگەیەك لە سەدەكانی بەر لە زایینی زەوی…

پاڕازیتێک لەسەر فڕێکانسی باران
.
.
.
دوایین دەرگا
دوایین رێگا
دوایین بەستێن
داخراو بە رووی ئەوڕۆ دا.
من بە پێوانەی کامە خەم
دەبێ هەنگاوم هەڵبگرم
کە دەرباز بم لەو هەمووە نیشانی وەستان و گومانە
یەکەم قسە
یەکەم فرمێسک
یەکەم بڕیار
تۆمار دەکەم لە سەر لاپەڕەی دڵتەنگی.
من بە راوێژی کام پاییز
دەبێ بیر لە رووتی دارەکانی کۆڵان بکەمەوە
لە تاڵانی تەمەنی پەنجەرەش.
ئەوڕۆ دەرگای هەموو رێگایەکم کوتا
کە دەگەنە وەرزێک بەدەر بێ لە مرۆڤ
دەنگێک وڵامی ماندووییمی نەداوە.
زەنگی هەموو بەستێنێکم لێدا
تا بمگەیەننە دوورگەیەک
لە سەدەکانی بەر لە زایینی زەوین
چۆمێکم لێ نەهاتە دەنگ
لانیکەم بەرەو تینوێتی بێ هەناسەی
رادیۆ لەسەر فرێکانسی نیگای لەیلا هەڵدەکەم
هەواڵەکان باسی هەورن
باسی ئەو بایەش
لە دوورەدەستەوە رەنگە رابرێ.
هەواڵەکان پڕن لە ژنانی تەنیا
لە منداڵانی گوڵفرۆش
لە وێرانەکانی کەرکووک
لە دووکەڵی رەشی غەززە و
پەیکەرەکانی فانووسێکی ئاوارە.
داویین دەنگ
دوایین بيدەنگی
دوایین فرێکانسی خوێنم
بە ئاگاداری هەمووتان دەگەیەنم:
دڵم لێدەدا بۆ کیژێک
رۆژهەڵاتی ناوین بەشێکە لە چاوی.
چاوم دەپەڕێ بۆ کچێک
رۆژهەڵاتی دوور، دەستێتی
بە سێوێکی پاییزییەوە.
لەشم دەلەرزێ بۆ ژنێک
رۆژئاوای جیهانە بسکی
بە هەزار شەپۆلی ون بووی ئوقیانووسی ئەتڵەسەوە.
دڵتەنگ بەدیار دیوارەکانەوەم
راماو لە پووستێری ئانجیلینا جوولی و
گیڤارا
لە نەخشەی بن بەستەکانی کات.
ژنێک بانگم دەکا بە کاتی سبەینێ
سنوورەکان بە دەریا دەسپێرێ و
من دەڵێم بۆچی فاڵێکم بۆ ناگرییەوە
بە ناوی لەیلا
مێژوو نانووسیەوە بەناوی من
کۆڵان وەخەبەر ناهێنێ
بە دەنگی ماندووی پەپوولە
دڵتەنگ بزەی دەمباتەوە سەرەتای رستەکان و
لەگەڵ خۆی ئاوێتەی غەریبیم دەکا
ماڵاوا تا هەواڵێکی نوێ
بە پاڕازیتی شەوەوە
لە سەر فرێکانسی نیشتمان.