فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 زارگۆیی…..ناخگۆیی

 

 زارگۆیی…..ناخگۆیی
عەبدوڵڵا سەڕاج / نووسەر و رۆماننووس – فيلەندا

 

ئەو دوو زاراوەیەی سەرەوەم بۆ هەر دوو زاراوەی لاتینی دیالۆگ و مۆنۆلۆگ پەسەند کردووە.

ئەڵبەتە زارگۆیی دەنگە و بە زمان ئەنجام دەدرێت، گوێچکیش دەیبیسێت بە پێچەوانەش ناخگۆیی وتووێژی بێدەنگە و، شانەکانی مێشك ئەنجامی دەدات. دەشێت ناخگۆیی لەگەڵ خودی خۆتدا بێت یان کەسانی دیکەدا، لەگەڵ ئاژەڵێکدا بێت یان لەگەڵ درەختێکدا ، لەگەڵ باڵدارێك بێت یان لوتکەی شاخ و ڕووبار. خۆ ئەگەر ئەو ناخگۆییە بە گریمانە کەسێك بیبستێ ئەوا ئێژێت: ئەم زەلامە تێکچووە و ئەوانگەل ( جنۆکە) دەسیان لێوەشاندووە، شێت نەبوو بێت، لە بارەی زاراوەکانەوە لە هەر دوو کتێبی پەیڤستان و دۆنایدۆن لێکۆڵینەوە زیاتر دەخوێنیتەوە. ئێستا با سێ نمونەی ناخگۆیی بە ئێوەی بەڕێز پێشکەش بکەم:

۱- چیرۆکی ( گەڕان بە دوای ….) باوکدا ، هەرزەکارێك لە ناو ئۆتۆمبیلە و ناخگۆیی دەکات کە بچێتە ئەو شارەی باوکی لێیە و بیکوژێ چونکە، لە کاتی خۆیدا دایکی ئاوس کردووە و ڕایکردووەتە شارێکی دیکە. کۆمەڵیش شەقڵی زۆڵیان بە نێوچەوانیەوە ناوە. ئەوسای دەگاتە بەرامبەر باوکی ، لە جیاتی ئەوەی دەست بۆ چەقۆ بەرێت باوەشی لێدەدا و گشت ناخگۆییەکانی دەبێتە زارگۆییەکی خەست و لە تاکە وشەیەکدا ، بە فرمێسك دەریدەبڕێ: بابە.

۲- لە ڕۆمانی کۆچڕەو …کۆچڕەو ( ئەژدەر) دا کەسی یەکەم لە ناخگۆییدا ، بە مێرولەیەکی شەل ئێژێت: بڕۆ بە هۆزی مێرولە بڵێ : لەم کۆڕەوەدا ، لەبەر برسێتی ، ئەو دانەوێڵە و ئازوقانەی لە دەرەوەی شارەمێرولەکانیان بۆ وشکبوونەوە هەڵیانخستبوو من خواردم و قەرەبوویان دەکەمەوە.

۳- بۆ ڕسوا کردن و دژێو کردنی ڕژێمی بەعس، لە چیرۆکی ( بازنەکاندا) پەنام بۆ سیمبۆڵ ( هێما) بردووە کە سەدام مینارەیەکی لە تەك مینارە دێڕینەکەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دروست کردووە ، بەوەی منارە دێڕینەکە بازنەیی هەڵچنراوە و مینارە نوێیەکەش بە چوارگۆشەیی هەڵچنراوە ، ئەوسا پاش توێژینەوەیەکی جوانسازی دەیسەلمێنم کە بازنە جوانترە لە چوارگۆشە. هەروەها ئاماژەم بۆ حەبەلول کردووە کە زیندەوەرێکی گچکەیە و هەمیشە لە ژێر لمدا دەژێت ! ئەگەر بیگری و لەسەر تۆپەڵە لمێك داینێی، لە تروسکەیەکدا لول بەرەو خوارەوە دەڕوات، لە پاش خۆشی کونێك لە سەر لمەکە بەجێدەهێڵێت ئەمە دیسان هێمای سوڕانەوەیە.