فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەگەر هاتم ..

ئەگەر هاتم ..
ساڵح بێچار/ شاعیر/ سلێمانی

 

تەنها نایەم بەیانییەک..

ئەگەر ھاتم؛

تەنھا نایەم ..

لەگەڵ لێوم،

نۆردوویەک ماچت بۆ دێنم!

بێدەنگ دێم و عەتری شیعر،

بەسەر نوێنی پەمەییتا دەپرژێنم!

ھێواش دێم و

بۆ تەسریحەی قژی نەرمت

پەلکەزێڕینە ڕادێنم

ئێوارەیەک..

ئەگەر ھاتم؛

لە دوا تیشکی خۆرئاوابوون

تەنکترین..

ژێرکراسی زەردەپەڕت

بۆ دەسێنم کاتێک پۆشیت ..

بەسەر سەرتا،

گوڵ و نوقڵ دەبارێنم!

نیوەشەوێک..

ئەگەر ھاتم؛

دەستبەتاڵ و تاریک نایەم ..

بەرچنەیەک

ھێشووە ئەستێرەت بۆ دەچنم

لە ئاسمانی ژوورەکەتدا دەیانچێنم!

ھەر کات ھاتم؛

ھەر وا نایەم

ئەگەر ھاتم،

شیعر و عەتر،

ئەستێرە و ماچ ..

خۆرئاوابوون،

گوڵ و نوقڵ ..

پەلکەزێڕینەش،

دەھێنم