فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەنیاتیرین جەنگاوەر

تەنیاتیرین جەنگاوەر

 

مەهدی زريان
شاعير/ کەرکووک

 

من هەم..

تا ئەوکاتەی تاکە درختێک

بتوانێت لەپایزدا گەڵاکانی بە سەوزی بهێڵێتەوە

تا ئەوکاتەی دڵۆپێک ئاو

نامەی زەوی بۆ ئاسمان بخوێنێتەوە

تا ئەوکاتەی

ڕۆکێکی سەرکێشی کێوی

لەژێر بەفری زستانەوە چرۆبکات

تا ئەوکاتەی بچوکترین بونەوەرێک

لە وێرانەی ئەم جیهانە تاریکەدا

بەرگە بگرێ و جوڵەبکات!،

من هەم ..

تا ئەو دەمەی تاکە کۆڵانێک بمێنێ

بۆ پیاسەی ئاڵۆزی خەیاڵ

بەرنگاری هەموو شتەکان دەبمەوە

خۆم نادەم بە دەستی مەحاڵ

من دەبم..

وەکو تەنیاترین جەنگاوەرێکی زامداری ئەم گەردوونە

لەم دیوی پەنجەرەیەکەوە

بە بێدەنگی تەماشای هەنگاوی کاڵی خۆر دەکەم

ڕادەمێنم لە تریفەی ماتی مانگ و

گوێ بۆ ئەو شەوانە دەگرم

کە چیرۆکی دڵ شکان و

سووتان وخۆکوژیی نەیزەک

بۆ ئەو پۆلە ئە ستێرانە دەگێڕنەوە

بەسەرکزی دەستیان ناوەتە گیرفانیان

بەسەر شەقامی بەرین و

درەوشاوەی کاکێشانەدا

پیاسەدەکەن!

من دەبم

بەبێ تۆش هەروا دەمێنم من دەمێنم..

تائەوکاتەی

هەڵۆیەک بەشکۆمەندیەوە

بتوانێت ئاسمان تەیبکات

کاڵ نابمەوە هەتاکو تاکە دۆلفینێک

لەنێو دەریا دژ بە شەپۆل مەلەبکات!

من دەمێنم

بێ ئەوەی لەوە بپرسم

تەمەنی ئەم ژیانە چەندە و

کەی مووی سەر و تاڵی ڕیشی ئەم زەوییە سپی دەبێت،

بیریش لەوە ناکەمەوە

بەفر و باران لە ئەزەلەوە هەر هەبوون

ئاگر و شاخ و ڕەشەبا

لەکام دۆزەخەوە هاتوون کەی پەیدابوون،

من هەم

من دەبم

من دەمێنم

لەپشتی پەنجەرەیەکەوە

لەم وجوودە پڕلە ئاشوب و شێواوە

بەبێ دەنگی ڕادەمێنم!