فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زامی ماچ

هونەر موکريانی
شاعير – مەهاباد

 

ئەو کەسەی بۆ نەفەسێکم غەمی نەبڕاوەتەوه
سەبرمی بردووه دڵمی به‌سەبر داوەتەوه

هاته سەرکانی غەمی کۆنه به‌غەمزه و دەیدی
تازه دەستم له‌دڵی غەمزەده شۆراوەتەوه

چی له‌گەڕیانه له‌گۆڕانه، دڵم ڕاگره چون
له‌سەر ئەو عەهده که بەستوویەتی هەر ماوەتەوه

ڕۆشنا! خەوش و خەتا ڕێی‌نەکەوێ خاڵ‌وخەتت
گەوهەرن چەندی تکا دڵ له‌بەر ئەو چاوەتەوه

لەو هەوایەی که دەخوێنن مەلی ئاشق به هەزار
گوڵ پەرەی‌سەندووه، گوڵشەن سەری‌هەڵداوەتەوه

داغه هەر گوڵغەزەلێ بێژم و بێژی که به‌داغ
دڵی بەردینه له‌سەر دەستی غەزەل تواوەتەوه

بەسترا ڕێگه له‌بەر یاسەمەنی کووچەکەتان
بۆ له حەوشی مه ئەدی غونچەیێ نەکراوەتەوه؟

پێشی فرمێسک ئەگەر دەگری به هەوری، ئەوەتا
زەردەگوڵ کۆشێ له سەر هەوری سپی ڕواوەتەوه

چۆمه هەر دێ که ببارێت و هەبێ لوتفی بەهار،
دڵ! دەنا بەردی گڕی چۆمی به‌چی سواوەتەوه؟

شەونمێ سەیری بەڵا بێتو بکەی، هەیبەتی تاو
دەتگرێ، وامەکه دەی بەو دڵه بەس خاوەتەوه!

زامی ماچێکه له‌سەر جەرگی هونەر ماوه له زوو
شەودرەنگانه دەوا بێره که نەکولاوەتەوه

۱۷ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی