فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

٢٣ نیسان؛ ڕۆژى جیهانیى کتێب

وریا عمر أمین
پرۆفیسۆری زمانی کوردی و مامۆستای زانکۆ
کتێب گرنگترین و مەزنترین و جوانترین و بەسوودترین و خۆشترین و خۆشەویسترین و دڵسۆزترین داهێنانى مرۆڤە.
لە ساڵى ١٩٩٥ دا یۆنسکۆ بریارى دا کە ٢٣ ى نیسانى هەموو ساڵێک بکرێ بە ڕۆژى جیهانیى کتێب..ئەم ڕۆژە هەڵبژێررا بە بۆنەى یادى مردنى چەن کەڵە نووسەرێکى جیهانیى مەزن ، لە سەرووی هەموویان شانووسەرى ئەدەبى ئینگلیزى (ولیەم شەکسپیر) ـە.
ئامانجی سەرەکیى لەم یادەوەرییەدا، سەرنج ڕاکێشانى هەموو جیهانە بۆ گرنگێتیى کتێب و ڕۆڵى لە پەرەسەندنى بیرى مرۆڤایەتى و کۆمەڵ و پێشکەوتنى زانست و تەکنەلۆجیا .
لەم ڕۆژەدا لە زۆر لە وڵاتانى جیهاندا خۆپێشاندان و ئاهەنگى ڕۆشنبیرى بە ڕێوە دەچێ، بچووک و گەورە بەشداریى تێدا دەکەن، گەشت و سەردانى کتێبخانە گشتى و تایبەتییەکان دەکەن، کتێب بە خۆڕایى دابەش دەکرێت و لە قوتابخانە و زانکۆ و کتێبخانە گشتى و تایبەتیەکاندا سیمینار و وانە پێشکەش دەکرێ بۆ ڕوونکردنەوە و پێشاندانى سوود و گرنگێتى کتێب لە ژیانى مرۆڤدا و هاندانیان بۆ خوێندنەوە ..
لەم ڕۆژەدا بەلای کەمی کەسێک، کتێبێک دەکاتە دیاری
.
لە نەریتە هەرە جوانەکانى ڕۆژى جیهانیى کتێب ئەوەیە ، هەرکەسە بەلاى کەمى کتێبێک دەکاتە دیارى و پێشکەش بە هاوڕێیێک یا خۆشەویستێکى نزیکى خۆى دەکات….با ئێمەش ئەم نەریتە شارستانییەتە بخەینە ناو خۆمان و لە ڕۆژى جیهانیى کتێبدا هەریەکەمان کتێبێ بە دیارى پێشکەش بە خۆشەویست و نزیکێکى خۆمان بکەین.. با هەموومان لە ئیمڕۆوە دەسپێکەین.