فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆژانە سەد وشە دەنووسم

شێرزاد هەینی
دوێنێ بەڕاستی لەناو هەولێربووم، بەپیادە سێ سەعات رۆیشتووم، سەردانی دوو نەخۆشم کرد، گوێم لە رازی دکتۆر، نەخۆش، میوانەکانی نەخۆشخانەی کۆماری گرت. کەبابیشم خوارد، بەپێیانیش بەناو تەیراوەدا چوومە نووسەران، ماوەیەک گوێم لە قسە شیرینەکانی “فازیل سوڵتان”، باسی کەنەدا راگرت، دکتۆر “وریا عومەر”یش تەواوی دیوانەکەی بۆ منداڵەکانی نووسیوە بۆ خوێندمەوە!
ئێوارەش چوومە پێشانگەی “محمد فتاح” لە فێرگەی فرێمینگ، لەسەربانەکەیان ماوەیەک چەپلەمان بۆ سێ گەنجی دەنگخۆش لێدا، جاروباریش سڵاوێکم لە مانگیش دەکرد، ئەویش بۆ ئاواز و ژەنینی گیتارەکە دەبریسکایەوە! لەوێ “موفق دەرگەڵەیی”یم دیتەوە، گوتم دکتۆر زۆر نانی تۆم لە ستۆکهۆلم خواردیە، حەزدەکەم سەردانمان بکەیت. لەگەڕانەوەم کەوتمە ناو قەڕەباڵغییەکەی ستادیۆمی هەولێر، باش بوو پیادەبووم.