زارا ئەحمەد جاف
شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆژنامەوان، سلێمانی
………………………………………….
دایکە چۆلەکە لە سەرلقی دارێک هێلانەی دروست دەکرد، باوکە چۆلەکە لەو لاوەسەیری دەکرد ، جار جار لێی دەپرسی: ئەرێ زۆرت ماوە هێلانەکە تەواو بکەیت؟ دایکە چۆلەکە لە وەڵامدا دەیگووت :
هێشتا ماویەتی ، دە وەرە هاوکاریم بکە تازوو تەواوی بکەین، بەڵام باوکە چۆلەکە تاقەتی نەبوو وەڵام بداتەوە، دایکە چۆلەکە دەیویست هێلانەکە زۆر بەجوانی دروست بکات، پەنجەرەی تێدابێت تا لەوێوە تەماشای سروشتی ناودارستان بکەن. گوڵی جوان لەبەرپەنجەرەکە دابنێت.
باوکە چۆلەکە جار جار بانگی دەکرد، ئەرێ چیتکرد هێلانەکە تەواونەبوو ؟ برسیمە چیمان هەیە بیخۆم؟
دایکە چۆلەکە گووتی: من خەریکی هێلانە دروستکردنم تۆ بچۆ خواردن بهێنە ، باوکە چۆلەکە گووتی : ئەمڕۆ تاقەتم نییە بچمە دەرەوە، ئەی دوێنێ خواردنم نەهێنا چی لێهات ؟ دایکە چۆلەکە ماندوو برسی بوو، دەیویست زوو هێلانەکە تەواو بکات .
بەڵام ناچار خۆی ڕۆیشت خواردن پەیدابکات، کە گەڕایەوە بانگی باوکە چۆلەی کرد تا بێت خواردن بخوات.
پاشان دایکە چۆلەکە هێلانەکەی تەواوکرد. جانتا تایبەتەکەی کە کەلو پەلەکانی خۆی تێدابوو لەسوچێکدا هەڵواسی، دایکە چۆلەکە لە ناو ھێلانەکەدا هێلکەی کرد و لەسەریان (کڕکەوت ).
دوای ماوەیەک چوار زەرنەقوتەی وردیلە و جوان لەناوهێلکەکان هاتنەدەرەوە، سکیان زل وملیان درێژ بوون دەمیان دەکردەوە بۆ خواردن. بەڵام خواردنیان نەبوو
دایکە چۆلەکە دڵی نەدەهات بەجێیان بهێڵێت هەروەها باوکە چۆلەکەیش نەدەچوو خواردنیان بۆ بهێنێت ، ئەویش وەک زەڕنەقوتەکان دەمی دەکردەوە تاخواردن بخەنە دەمییەوە، دایکە چۆلەکە گووتی : بچۆ خواردن بۆ بەچکەکان بهێنە، باوکە چۆلەکە دەیگووت: ئەی بۆچی تۆ ناچیت؟ تۆچی دەکەیت ؟ هەرخەریکی خەویت, خواردن ئامادە ناکەیت، بەڵام دایکە چۆلەکە بێدەنگ بوو، پاشان گووتی : بۆچی وەڵام نادەیەوە ؟ ئەگەر ناڕازیت دەتوانیت بڕۆی و بچیتە دەرەوە، دەبڕۆدەی بۆ ناڕۆیت؟ چەندین جاربوو باوکە چۆلەکە ئاوای بەدایکە چۆلەکە دەگووت هەر بۆیە دایکە چۆلەکە بەم قسانە، زۆر غەمبار بوو، بەڵام هیچی نەگووت. هەربۆیە بە ناچاری جانتاکەی هەڵگرت و بەغەمبارییەوە هێلانەکەی بەجێهێشت، لەوڕۆژەوە باوکە چۆلەکە و بە چکەکان خواردنیان نەبوو هیچیان نەدەخوارد. ئیتر جریوە جریوو و جیکە جیک لەناو هێلانەکە نەدەبیسترا.
باوکەچۆلەکە بەبێدەنگی دانیشت
سەیری ئەملاولای خۆی دەکرد نە ماڵ پاککراوەتەوە، نە خواردن هەیە گوڵەکانی بەرپەنجەرەکەیش واخەریکە وشک دەبن
باوکە چۆلەکە هەستی بە پەشیمانیکرد لەبەرخۆیەوە دەیگووت: تۆ لە کوێی بۆ کوێ ڕۆیشتی چۆلەکە گیان ؟ باوکە چۆلەکە بڕیاریدا لەگەڵ بەچکە چۆلەکەکان کەتازە پەڕوپاڵیان دەر کردبوو. بڕۆن بۆ دایکە چۆلەکە بگەڕێن.
دایکە چۆلەکە لەسەرلقی دارێکی نزیک لە هێلانەکەی خۆیان هێلانەیەکیتری دروستکردبوو، بۆئەوەی لەنزیکەوە ئاگای لە بەچکەکانی بێت،
خێرا گەڕایەوە ماڵەوە، ماڵەکەی پاککردەوە و خواردنی ئامادەکرد و گوڵەکانی بەرپەنجەرەکەی ئاودا و بۆن و بەرامەی گوڵەکان بڵاو بوونەوە
لەولاوە ئەوانیش هەر بۆ دایکە چۆلەکە دەگەڕان، بەڵام دایکە چۆلەکەیان
نەدۆزییەوە، کاتێ بێ هیوابوون لەدۆزینەوەی، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە
سەیری ناو هێلانەکەیان کرد زۆر دڵنیان خۆش بوو گوتیان ئەی دایکە چۆلەکە گەڕاوەتەوە کوای دایکە؟ بەڵام دایکە چۆلەکە خێرا ناو هێلانەکەی بەجێهێشتبوو.
دایکە چۆلەکە ئاگای لە هەموو ئەم بەسەرهاتانە بوو دەیویست ماڵەکەیان بۆپاک بکاتەوە و بڕواتەوە ناو هێلانەتازەکەی خۆی، کە باوکە چۆلەکە ئەمەی زانی بانگی بەچکەکانی کرد بەیەکەوە ڕۆیشتن بۆلای دایکە چۆلەکە و باوەشیان بەدایکەچۆلەکەدا کرد. باوکە چۆلەکە دەستی دایکەچۆلەکەی گرت و
بەچکەکان خێرا چوون جانتاکەی دایکە چۆلەکەیان هەڵگرت و بەیەکەوە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ، لەو ڕۆژەوە باوکە چۆلەکە لەگەڵ دایکە چۆلەکەدا بەیەکەوە خواردن ئامادە دەکەن، ماڵەکەیان پاک دەکەنەوە و گوڵی بەردەرگای هێلانەکە ئاودەدەن و دەنگی جریوەوجیکەجیک و بۆنوبەرامێکی خۆش بەوناوەدا بڵاو دەبووەوە.

