چرۆ ڕەشید
شاعیر و چیرۆکنووس و پەروەردکار، سلێمانی
………………………………………..
بەیانییەکی دڵگیری وەرزی بەهار، خۆر تیشکی زێڕینی بەسەر زەویدا پەخش کردبوو. کارۆ زوو لەخەوهەستا تەماشای ئاسمانی کرد وتی : ئایی خۆ ئەمڕۆ کەشوهەوا زۆر خۆش ودڵگیرە خۆزگە لەگەڵ هاوڕێکانم بچین بۆ پارک بۆ یاریکردن ئیتر خێرا خۆی ئامادەکرد و بە دڵخۆشییەوە ڕایکرد بەرەو پارکەکەی نزیک ماڵی خۆیان بەڵام کە گەیشتە پارکەکە بەودیمەنە زۆر سەری سوڕما بۆیە وتی : ئای .ئای…..ئەوە چییە؟ وانابێت …. ئەم هەموو زبڵ وخاشاکە چییە لێرە؟ کاغەز ..نایلۆن..شوشە و قوتووی ساردی و شەربەت …. ئەم باخچەیان زۆر پیسکردووە ،کارۆ بەدڵتەنگییەوە لەسەر کورسییەکی پارکەکە دانیشت لە ناکاو گوێی لەدەنگێک بوو کە دەیووت: بیب…بیب….بیب…..کارۆ بەخێرایی ئاوڕی دایەوە بۆ پشتی خۆی بینی ئۆتۆمبێلێکی گەورەیە لێی نوسراوە ئۆتۆمبێلی پاک وخاوێنی، ئۆتۆمبێلەکە وەستاو مامەی ژینگە پارێز بە دەنگێکی نەرم ونیان وتی: سڵاو لەم کوڕە ژیر و سەنگینە، کارۆ وەڵامی دایەوە وتی :سڵاو تۆ کێیت؟ لە وەڵامدا وتی: من ژینگەپارێزم کارگوزاری ئۆتۆمبێلی شارەوانیم هەموو ڕۆژێک کار بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان و پاککردنەوەی شەقام و پارکەکان دەکەین . ئەی تۆ ناوت چییە؟
بۆ بە تەنیا لێرە دانیشتوویت؟
،کارۆ وتی : من ناوم کارۆیە چاوەڕێی هاوڕێکانم دەکەم دەمانەوێ ئەمڕۆ لەم باخچەیە ئاهەنگ بگێڕین. بەڵام ئێوە کاری زۆر دەکەن ئەی بۆچی هێشتا باخچە و پارکەکە پیسە؟ مامەی ژینگە پارێز وتی:کارۆ گیان لەبەرئەوەی هەندێک کەس زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەنە سەر زەوی و نایخەنە شوێنی تایبەت بە خۆڵ و خاشاک ، کارۆ وتی :ئەوە کارێکی ڕاست نییە پاشماوەکان دەبنە بێزارکردنمان و ژینگەکەمان پیس دەکەن، مامەی ژینگە پارێز بە زەردەخەنەوە وتی: تۆ ژیری کارۆ گیان یارمەتیم دەدەیت لەگەڵ هاوڕێکانت بۆ پاککردنەوەی باخچەکە؟ هەوڵ بدە باسی گرنگی پاک و خاوێنی بۆهاوڕێکانی تریشت بکەیت !!! کارۆ وتی : بەدڵنیاییەوە دەبم بەپاڵەوانی پاک وخاوێنی هەر بۆیە کیسەیەکی برد و دەستی کرد بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان لەگەڵ هاوڕێکانی زۆری نەخایاند باخچەکە پاکوجوان بووەوە ، مامەی ژینگەپارێز بە دڵخۆشییەوە وتی: تۆ پاڵەوانی ڕاستەقینەیت کارۆ سوپاسی مامەی ژینگە پارێزی کرد و وتی: هەموو هاوڕێکانم فێری پاراستنی ژینگە دەکەم لەو ڕۆژە بەدواوە کارۆ و هاوڕێکانی بوون بەپاڵەوانی پاک وخاوێنی.

