فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ھەڵبژاردنی پێشەنگ

ڕۆنیا محەمەد
نووسەر و وەرگێڕی بواری منداڵان، سلێمانی

……………………………………….

 

دەگێڕنەوە لە سەردەمانێکی زوو
خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لە نزیک ڕوبارێک پێکەوە دەژیان، کولتوور و ناسنامەی خۆیان زۆر بەلاوە گرنگ بوو، بە هەموو شێوازێک هەوڵیاندەدا دابونەریتە جوانەکانی باو و باپیرانییان بپارێزن و بەجیهانی بناسێنن. جگە لەوەیش هەوڵیاندەدا لە سەردەمی خۆیاندا گەشە بە فەرهەنگیان بدەن و کۆمەڵێک ڕەفتاری نوێ و جیاوازی تایبەت بەخۆیان دابهێنن، بۆ ئەوەی دوای خۆشیان نەوەکانی داهاتوویان بەهەمان شێواز هەوڵی پاراستنی زمان و نەتەوەکەیان بدەن و شانازی بە مێژوویانەوە بکەن. ئەوان دەیانزانی کە لە کاتی ئێستادا، مێژوو بە دەستی ئەوان دروست دەبێت. ڕۆژێکیان ڕابەر چووە لای پەیاری برا گەورەی، کەمێک غەمباری پێوە دیاربوو. پەیار یەکسەر هەستی پێکرد و وتی:
هەستەکەم دەتەوێت شتێکم بۆ باس بکەیت ڕابەر گیان، وەرە لام دانیشە.
ڕابەر چووە سەر کورسییە دارینەکە و لە تەنیشتی پەیار دانیشت. دوای کەمێک وتی:
کاکە پەیار هەستەکەم پێویستم بەوەیە پێشەنگێکم هەبێت.
پەیار بە زەردەخەنەیەکەوە وتی:
بۆچی ئەو هەستەت هەیە؟
ڕابەر وەڵامی دایەوە:
ئەمڕۆ مامۆستای وانەی مێژوو باسی لە ژیانی کەسایەتییەکی گەورەی وڵاتەکەمانی کرد، وتی بۆیە ئەو کەسە سەرکەوتوو بووە چونکە پێشەنگی هەبووە. منیش دەمەوێت ببمە مرۆڤێکی مەزن. ئێستا تۆم ھەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببیتە پێشەنگم.
پەیاریش بە سەرسوڕمانەوە وتی:
بۆچی منت ھەڵبژارد؟
ڕابەر وەڵامی دایەوە:
چونکە تۆ زۆر ئازا و بوێریت، ھەرکاتێک ئاژەڵێکی کێوی لێم نزیک دەبێتەوە تۆ دەمپارێزیت. جگە لەوە تۆ زۆر ژیریت و ھەرشتێک تێناگەم بەباشی بۆمی ڕووندەکەیتەوە.
پەیار وتی:
زۆرباشە، بوون بە کەسایەتییەکی مەزن پێویستی بە بەهێزکردنی خاڵە باشەکانتە. من لاسایی ڕەفتارە باشەکانی تۆ دەکەمەوە و تۆیش لاسایی ڕەفتارە باشەکانی من بکەوە، بەو شێوازە هەردووکمان خاڵە بەهێزەکانمان زیاتر دەبێت و دەبینە کەسانێکی نایاب.
ڕابەر زۆر دڵخۆش بوو بەو پێشنیارە، تێگەیشت کە مەرج نییە ھەمیشە یەک کەس ببێتە پێشەنگ، چونکە ھەموو مرۆڤێک کەموکورتی خۆی ھەیە، بۆیە وا باشترە لاسایی شتە ئەرێنییەکانی ئەو کەسە بکاتەوە.
دوو براکە دەستیان کرد بە لاساییکردنەوەی سیفەتە جوانەکانی یەکدی، دایک و باوکیان هەستییان بەو گۆڕانکارییە کرد، زۆر دڵخۆشبوون پێی و منداڵەکانیان هاندا بۆ بەردەوامی، خۆشیان دەستیان کرد بە لاساییکردنەوەی سیفەتە باشەکانی هەر کەسێک کە دەیانناسی. ڕۆژەکان تێپەڕین و خەڵکانی دیکەیش تێبینی ئەو شتەیان کرد، لەو خێزانەدا، بەو شێوازە ئەوانیش بەردەوامبوون، تا وای لێهات ئەو بیرۆکەیە بووە بەشێک لە ناسنامەی کولتووریان و لەمێژوودا نووسرایەوە، نەوەکانی داهاتوویش هەر بە شێوازی باو و باپیرانیان کەسایەتی خۆیان بەهێزکرد.