ئەمین محەمەد
شاعیر و ڕوماننووسی بواری منداڵان، سلێمانی
……………………………………………
بیهێنە پێش چاوی خۆت لە گۆشەیەکی دوور دووری ئەم سەر زەمینەدا، دارستانێکی سەیر هەبێت،لەو دارستانە سەیرەدا، دارەکان پایزان گەڵای سەوز و گوڵەکان خونچەی ڕەنگاوڕەنگیان پێوەبێت. لەسەرەتای بەهاردا گەڵاکان زەرد ببن و گوڵەکان هەڵبوەرن. ناودارستانەکە بە شەوان ڕووناک ڕووناک و بە ڕۆژ هێندە تاریک بێت کەس بەرپێی خۆی نەبینێت، سمۆرەکانی ناو ئەو دارستانە نەتوانن بەدارەکاندا هەڵبگەڕێن و لەجیاتی گوێز و بەڕوو، گێزەر و کاهو بخۆن، فیلی ناو دارستانەکە لووتیان هێندەی دەنکە نۆکێک بێت زەوی هەڵبکۆڵن و بێچوی نەرمۆڵەی تێدابکەن، مراوییەکانی دارستانە سەیرەکە مەلەوانی نەزانن، بە ڕۆژ بخەون و بە شەوان ڕاوی هەڵۆکان بکەن، ماسییەکان لە سەردارە بەرزەکان هێلانە دروست بکەن و نەوێرن بچنە ناو ئاوی ڕوبارەکه.کەروێشکێکی بچکۆلە پادشای دارستانەکە بێت، شێر و پڵنگ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن. ژیشکی ئەو دارساتانە سەیرە پەڕی ڕەنگاوڕەنگ و نەرمونۆڵیان پێوەبێت، ئاسک پڵنگ ڕاوبنێت و کیسەڵ خێراترین گیانداری دارستانەکە بێت، ڕێوی پاسەوانی هێلانەی باڵندەکان بکات. تۆ شەوێک بە ڕێکەوت، بەکاتی ئەوێ ڕێگات بکەوێتە ناو ئەودارستانە سەیرە، هەموو گیاندارەکان لە دەورت کۆببنەوە. بە وردی تەماشات بکەن ، زۆر سەریان لە تۆ سووڕبمێنێت، پێت بڵێن ئێمە لە ژیانماندا هەرگیز مێروولەی وەک تۆ بچوکمان لەم دارستانەدا نەبینیوە!!!
ئێوە دەزانن نهێنی ئەم دارستانە چییە؟
ئەم چیرۆکە بە سەرهاتی ڕاستەقینەی دایکە زەڕافەیەکی ناو ئەو دارستانە سەیرەیە، شەوێک بەر لە خەوتن بێچووەکەی بۆدایکی گێڕاوەتەوە.
11/6/2026

