دێرین جەمال
نووسەر، سلێمانی
……………………..

تێڕامانێک لە «سەمای مەرگ»ی ستریندبێرگ ،پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، بە تایبەت پەیوەندی هاوسەرگیری، هەمیشە یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین تەوەری ئەدەبیاتی جیهانی. بەڵام کەم نووسەر هەن وەک ئۆگوست ستریندبێرگ لە شانۆگەریی «سەمای مەرگ»دا، توانیبێتیان بەو قووڵییە تاریک و ڕاستگۆییە ڕەقە، کێشە و ململانێ دەروونییەکانی نێوان ژن و پیاو ڕوون بکەنەوە . ئەم دەقە کە لە لایەن وەرگێڕ (خەبات عارف)ـەوە لە زمانی بنەڕەتییەوە (سویدی) گواستراوەتەوە سەر زمانی کوردی، دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە لایەنە پەنهاکانی دەروونی مرۆڤ.
چیرۆکی شانۆگەرییەکە لە دەوری ژیانی ئێدگار، کاپتنی تۆپخانە و ئەلیسی هاوسەری دەسووڕێتەوە، کە نزیک دەبنەوە لە یادی ٢٥ ساڵەی هاوسەرگیرییان. ئەوان لە قەڵایەکی کۆن و گۆشەگیردا لەسەر دوورگەیەک دەژین. ئەم شوێنە تەنیا جوگرافیا نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ گۆشەگیریی دەروونی و ئەو زیندانە سۆزدارییەی کە خۆیان بۆ خۆیانیان دروست کردووە. نووسەر ئۆگوست ستریندبێرگ لێرەدا چەمکی هاوسەرگیری لە چوارچێوە ڕۆمانسییە باوەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە مەیدانی جەنگێکی دەروونیی نەبڕاوە. ڕق، کینە، حەسادەت و تانەلێدان دەبنە ئەو زمانە باوەی کە ئەم دوو کارەکتەرە پێی دەدوێن. سەیرەکە لەوەدایە، سەرەڕای ئەو دۆزەخەی بۆ یەکترییان دروست کردووە، هیچ کامێکیان ناتوانن یەکتر بەجێبهێڵن، ئەوان بەپەیوەندیەکی دەرونی ئاڵۆز بەیەکەوە بەستراونەتەوە.
ناونیشانی دەقەکە مانایەکی قووڵی فەلسەفی لەپشتە. ژیانی ئەم هاوسەرانە وەک سەمایەکی بەردەوام وێنا دەکرێت کە تێیدا لە جیاتی چێژ و جوانی، ماندوێتی و داڕوخانی تێدایە، سەمایەک کە تەنیا بە مەرگ کۆتایی دێت. هاتنی کارەکتەری کورت وەک خزمێکی نزیک، تەنیا تیشک دەخاتە سەر قووڵایی کێشەکانیان و دەبێتە ئاوێنەیەک کە جەنگە ساردەکەی نێوانیان ڕوونتر نیشان دەدات. ئەم شاکارەی ستریندبێرگ تەنیا لە گێڕانەوەی ڕاستییەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی قوتابخانە ئەدەبییەکانی دوای خۆی.
لە کۆتاییدا، وەرگێڕانی ئەم جۆرە تێکستە کلاسیكە قورسانە بۆ سەر زمانی کوردی، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کتێبخانەی کوردی و ئاشناکردنی خوێنەری ئێمە بە فەلسەفەی درامای جیهانی. «سەمای مەرگ» تەنیا چیرۆکی ژن و پیاوێکی ناکۆک نییە، بەڵکو گەشتێکی قووڵە بە ناو تاریکییەکانی سروشتی مرۆڤدا، کاتێک عەشق دەگۆڕێت بۆ ئارەزووی کۆنترۆڵکردن و خاوەندارێتیی هەمیشەیی.

