فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆچی تا ئێستا بە زمانی جیهان لەگەڵ جیهاندا نادوێین؟ ئایا لە رابردوو چەقیووین؟

 

*شێرزاد مامسانی
نووسەر، ئیسرائیل

………………………….
لە سەردەمێکدا کە وشە لە فیشەک بەهێزترە، وتارێک دەشێت سیاسەتی دەوڵەتێک بگۆڕێت، پەرتووکێک کاریگەری لەسەر نەوەکان دابنێت، هێشتا وتاری ڕۆشنبیریی کوردی لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدا دەژیت، ڕاستە کە کورد خاوەنی یەکێک لە گەورەترین ڕەوەندەکانی دیاسپۆرایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمڕۆ زیاتر لە دە ملیۆن کورد لە دەرەوەی نیشتمانی مێژوویی خۆمان دەژین، دابەشبووین بەسەر ئەورووپا، ئەمریکای باکوور، ئوسترالیا و شوێنەکانی تردا. لە نێوانیاندا هەزاران ئەکادیمی، توێژەر، مامۆستای زانکۆ، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، پزیشک، پارێزەر و بیرمەند هەن، کە زۆربەیان زیاتر لە بیست یان سی ساڵیان لەو وڵاتانەدا بەسەر بردووە کە تێیاندا نیشتەجێن، و ڕەگەزنامەیان بەدەست هێناوە و بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەکانیان. بەڵام ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: بۆچی جیهان گوێی لە دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نییە؟ کێشەکە لە ژمارەی کورد، یان ئاستی خوێندەواریمان، یان دەرفەتەکانماندا نییە. کێشەکە ئەوەیە کە وتاری کوردی هێشتا زیاتر ڕووی لە ناوخۆیە وەک لەوەی ڕووی لە جیهان بێت. لەگەڵ خۆماندا دەدوێین… و چاوەڕێین ئەوانی تر لێمان تێبگەن زۆربەی ئەوەی ڕووناکبیری کورد لە تاراوگە دەینووسێت، بە کوردی یان عەرەبی یان تورکی یان فارسی بڵاو دەکرێتەوە. واتە ئێمە هێشتا قسە بۆ ئەو گەلانە دەکەین کە خۆیان لە بنەڕەتدا دەمانناسن، لە کاتێکدا قسە بۆ ئەو گەلانە ناکەین کە لە نێوانیاندا دەژین. ئێمە نیشتمانی خۆمان جێهێشت… بەڵام جەماوەری خۆمان جێنەهێشت. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین شکستە هزرییەکان لە مێژووی بژارەی ڕووناکبیریی کوردیی هاوچەرخدا. دۆزی کورد تەنیا پێویستی بە بڕوادارانی نییە، بەڵکو پێویستی بە کەسانێکە بە زمانەکەی خۆیان و بەو میتۆدەی لێی تێدەگەن، ڕوونکردنەوە بۆ هاووڵاتیی ئەڵمانی، فەرەنسی، بەریتانی، سویدی، نەرویجی، هۆڵەندی، ئیسپانی، ئیتالی، ئەمریکی، و کەنەدی بپێکێت. قەیرانی بەرهەمهێنانی زانین کێشەیەکی قووڵتر هەیە کە کەس قسەی لێوە ناکات. زۆرێک لە نووسەرانی کورد لە تاراوگە، هێشتا ژێدەرە سەرەکییەکانیان عەرەبی، تورکی، یان فارسین. بەڵکو زۆرێک لە دانوستانە کوردییەکان لە ئەورووپا هێشتا لە دەوری ئەوە دەسوڕێنەوە کە ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی دەکەنەوە، نەوەک ئەوەی زانکۆ ڕۆژئاواییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهانی بەرهەمی دەهێنن. وێڕای ئەوەی جوگرافیا گۆڕاوە… بەڵام عەقڵ نەگۆڕاوە. چۆن دەکرێت نووسەرێک بیست ساڵ بێت لە ئەڵمانیا بژیت و بەدواداچوونی ڕۆژانەی بۆ هزری ئەڵمان نەبێت؟ چۆن دەکرێت بیرمەندێک لە بەریتانیا بژیت و بەرهەمی ئەکادیمیی بەریتانی بە زمانە ڕەسەنەکەی نەخوێنێتەوە؟ چۆن دەکرێت کەسێک ڕەگەزنامەی سویدی، فەرەنسی، یان ئەمریکی هەبێت و وەک دیلی ئەو سەرچاوانە بمێنێتەوە کە پێش کۆچکردن دەیخوێندنەوە؟ کۆچکردن تەنیا گوستنەوەیەکی جوگرافی نییە… بەڵکو گوستنەوەیەکی زانستیشە. کێ قۆرغی ئاخاوتنی بەناوی کوردەوە کردووە؟ کاتێک خاوەن پڕۆژە نیشتمانی و ڕۆشنبیرییەکان ئامادەییان نییە، بۆشاییەکە بە بەتاڵی نامێنێتەوە. بەڵکو ئەوانی تر پڕی دەکەنەوە. لە دەیەکانی دواییدا، ڕەوتە حزبی و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان توانوویانە خۆیان لە ڕاگەیاندنی ڕۆژئاواییدا وەک تاقە نوێنەری کورد پێشان بدەن. بەمهۆیەوە لای بەشێک لە ڕای گشتی، وێنەیەکی ناتەواو و هەندێک جار شێوێنراو دەربارەی کۆمەڵگەی کوردی و هەمەجۆریی هزری، سیاسی و ڕۆشنبیرییەکەی دروست بووە. مەحاڵە ئەمە بە بێدەنگی چارەسەر بکرێت. بەڵکو بە بەرهەمهێنانی وتارێکی زانستیی تۆکمە و فرەدەنگ کە بە زمانی جیهان قسە بکات. نووسەر فەرمانبەری حزب نییە نووسەر بڵاوکەرەوەی دروشمی سیاسی نییە. نە وەرگێڕی هەواڵەکانە. نە تەنیا لێکدەرەوەی ڕووداوەکانە. نووسەر ئەوەیە کە وێنەی زەینی بۆ گەلەکەی دروست دەکات. ئەوەیە کە مێژوو دەنووسێتەوە پێش ئەوەی مێژوونووسان بنووسنەوە. ئەوەیە کە نەتەوەکانی تر بە ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی خۆی دەناسێنێت. لەبەر ئەوە، بەرپرسیارێتی نووسەر لە تاراوگە گەورەترە لە بەرپرسیارێتی نووسەر لە ناوخۆی نیشتماندا. چونکە یەکەمیان دەرفەتی گەیشتنی بە جیهان هەیە. بەڵام دووەمیان زۆربەی جار بارودۆخی سیاسی و زمان سنوورداری دەکات. ئێمە پێویستیمان بە پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی جیهانییە ئیتر بەس نیە پەرتووک بنووسین. بەڵکو دەبێت شێوازی بیرکردنەوە بگۆڕین. لەبەر ئەوە پێشنیاری ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی کوردیی جیهانی دەکەم کە لەسەر ئەم تەوەرانە بەند بێت:
* دامەزراندنی ئەنجومەنی جیهانیی نووسەران و بیرمەندانی کورد.
* دامەزراندنی دەزگایەکی پیشەیی بۆ پشتیوانیکردنی بڵاوکردنەوە بە زمانە جیهانییەکان.
* ئامادەکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی ساڵانە بۆ نووسین بە زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، سویدی و ئەوانی تر.
* دامەزراندنی سەکۆیەکی ڕاگەیاندنی کوردیی فرەزمان کە بەپێی پێوەرە ڕۆژنامەوانییە جیهانییەکان کار بکات.
* دامەزراندنی ناوەندێکی وەرگێڕانی پێچەوانە، کە هزری کوردی بۆ جیهان بگوازێتەوە، نەک تەنیا هزری جیهانی بۆ کورد.
* دامەزراندنی گۆڤارێکی هزریی نێودەوڵەتی کە بە چەند زمانێک دەربچێت.
* ڕاگەیاندنی بەرنامەی (وتارێک لە هەفتەیەکدا)، کە تێیدا سەدان نووسەری کورد پابەند بن بە بڵاوکردنەوەی وتار لە ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتانەی تێیاندا دەژین.
* دروستکردنی بانکێکی کراوەی وتارەکان کە ڕۆژنامە جیهانییەکان بتوانن سوودی لێ وەرگرن.
* ئامادەکردنی ئاخێوەری پیشەیی بۆ ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی.
* دامەزراندنی پەیمانگەیەک بۆ ڕاهێنانی کورد لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ تەلەڤزیۆنییەکان.
* بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی کورت بە چەندین زمان.
* دامەزراندنی پۆدکاستێکی کوردیی جیهانی.
* دروستکردنی کەناڵی یووتیووب کە ڕووی لە ڕای گشتیی ئەورووپی و ئەمریکی بێت.
* ڕێکخستنی هەفتەی ڕۆشنبیریی کوردی لە زانکۆ ڕۆژئاواییەکاندا.
* تەرخانکردنی خەڵاتی ساڵانە بۆ باشترین پەرتووک، وتار، و فیلمی بەڵگەنامەیی کە بە زمانەکانی جیهان خزمەت بە کێشەی کورد دەکەن.
* دامەزراندنی تیمی توێژینەوەی تایبەتمەند لە مێژوو، یاسای نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ، سیاست و ئابووریدا.
* دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندەکانی فکر، پەرلەمانەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیدا.
* هاندانی هەموو نووسەرێک بۆ تەرخانکردنی بەشێک لە بەرهەمی ساڵانەی بۆ خوێنەری غەیرە کوردی.
پرسیارێک کە دەبێت بپڕسرێت: ئێوە هاووڵاتیی ئەم وڵاتانەن. بە زمانەکانیان قسە دەکەن. ڕەگەزنامەیان هەڵدەگرن. یاساکانیان دەناسن. لە ڕۆشنبیرییان تێدەگەن. دەی چما هاووڵاتیی ئەڵمانی لە ڕۆژنامەگەریی خۆیدا ئێوە ناناسێت؟ بۆچی هاووڵاتیی فەرەنسی لە ڕادیۆکەی خۆیدا گوێی لە ئێوە نابێت؟ بۆچی هاووڵاتیی بەریتانی لە گۆڤارەکانیدا بابەتەکانتان ناخوێنێتەوە؟ بۆچی هاووڵاتیی ئەمریکی لە سەکۆ ڕاگەیاندنییەکانیدا سەیرتان ناکات؟ چی ڕێگەتان لێ دەگرێت؟ ئایا تەمبەڵی؟ یاخود شەرم؟ یان ترسان لە شکست؟ یان هەستکردن بە کەمی؟ یان بێباکی؟ یان ئەوەتا ڕاهاتوون لەگەڵ هەمان جەماوەردا قسە بکەن تاوەکو چوونە دەرەوە بۆ جیهان بووەتە سەرکێشییەکی دوانراو؟
پەیامی کۆتایی گەلان هاوسۆزی ئەو کێشانە ناوەستن کە نایانناسن. و ئەو کێشانە ناناسن کە بە زمانی خۆیان ڕوون نەکراونەتەوە. و تێگەیشتنیان بۆ ئەو ڕۆشنبیریانە نییە کە کەسێک نییە پێشکەشیانی بکات. له‌بەر ئەوە گەورەترین خزمەت کە نووسەری کورد لە تاراوگە بتوانێت پێشکەشی گەلەکەی بکات، تەنیا نووسینی وتارێکی نوێ بە کوردی یان عەرەبی یان تورکی یان فارسی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بە ئەڵمانی بنووسێت ئەگەر لە ئەڵمانیایە، و بە ئینگلیزی ئەگەر لە بەریتانیا یان ئەمریکایە، و بە فەرەنسی ئەگەر لە فەرەنسایە، و بە سویدی ئەگەر لە سویدە. ئێوە دەرفەتێکتان دەستکەوتووە کە ملیۆنان کورد لە ناوخۆی نیشتماندا دەستیان نەکەوتووە. فێری زمانەکان بوون. کۆمەڵگەکانتان ناسیوە. ئازادی دەربڕینتان بەدەست هێناوە. کەواتە مەهێڵن ئەم نعمتە لە ناوچەمکێکی داخراودا بەفیڕۆ بچێت کە دەنگەکەی تەنیا خودی خاوەنەکانی ببیستن. نەبەردی سەدەی بیست و یەکەم تەنیا نەبەردی و قارەمانی جەنگ و چەک نییە… بەڵکو نەبەردی و قارەمانی گێڕانەوەیە. ئەوەی گێڕانەوەی خۆی بۆ جیهان نەنووسێت… ئەوانی تر بۆی دەنووسنەوە.

 

*سەرۆکی تۆڕی هاوپەیمانی ئیسرائیل کوردستان