بەڕێز؛ شارۆ کرماشانی
دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکەمین فێستیڤاڵی ڕۆمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات
مەنچەستەر – شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا
بابەت: پەیامی پیرۆزبایی و پاڵپشتی
لەگەڵ ڕێز و سڵاوێکی گەرم،
بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە ئاگادار بووینەوە کە بۆ یەکەم جار فێستیڤاڵی ڕۆمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات، لە شاری مەنچەستەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، بە هەوڵ و هیممەتی ئێوە و هاوکارانتان بەڕێوە دەچێت. بێگومان ئەم دەستپێشخەرییە کولتووری و ئەدەبییە هەنگاوێکی مێژوویی و کاریگەرە بۆ پەرەپێدانی ڕۆمانی کوردی و گەشەپێدانی جوڵەی ئەدەبی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
لێرەوە، بە ناوی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا، هەوڵ و هیممەتی ئێوە، وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکەمین فێستیڤاڵی ڕۆمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات، بەرزدەنرخێنین و پێزانینی خۆمان بۆ ئەم کارە نەتەوەیی و کولتوورییە دەردەبڕین.
ئێمە پشتگیری تەواوی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هەر هەوڵ و چاڵاکییەک کە خزمەت بە پێشخستنی وێژە، زمان و کولتووری کوردی بکات. هەروەها باوەڕمان وایە کە بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نەتەوەیی، لە ژێر چەتری دامەزراوە و ڕێکخراوە بەهێزە کولتوورییەکاندا، دەتوانرێت خزمەتێکی گەورەتر بە ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی بکرێت و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ داهاتووی وێژەی کوردی بکرێتەوە.
هەروەها سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆمان ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەری فستیڤاڵەکەتان دەکەین و دەستی پێنووسەکانی ڕۆماننووسان، بەشداربووان و هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن کە بە هێزی وشە و داهێنانی ئەدەبی، چرای ڕۆمانی کوردی ڕووناک دەھێڵنەوە و بەردەوامی بە ژیانی وێژەیی نەتەوەکەمان دەدەن.
هیوادارین ئەم میهرەەجانە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی ڕۆمانی کوردی و پتەوکردنی پەیوەندیی ئەدەبی و کولتووریی کوردان لە سەرانسەری جیهان.
بە هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامییتان لە چالاکی ئەدەبی هوونەریی.
لەگەڵ و پێزانین
سەردار جاف
سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا
ئاڵمان
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی زایینی
(٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی)

