فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە بابەت ناوی جەژنی بێڵندانە یان بێڵندانان بۆچوونیك بۆ لێدوان

لە بابەت ناوی جەژنی بێڵندانە یان بێڵندانان

بۆچوونیك بۆ لێدوان

.

ناسری حیسامی/ نووسەر/ سوێد

جەژنێک هەیە لە کوردستان لە نیوەی دووهەمی زستاندا لە دوای چلە دەگیرێ. پێی دەڵێن بێڵندانە. ئەو کەسانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە بابەت ئەو جەژنە نووسیویانە دەڵێن ناوی جەژنەکە “بێڵن دانا” بە مانای “بێڵمان دانا” بووە. گۆیا ئەوە ئەو کاتەیە کە خەڵک ئیتر بەفرماڵینیان لە کۆڵ دەبێتەوە و بێڵ دادەنێن.
من ڕوانگەیەکی دیکەم لە بابەت ئەو ناوە هەیە.
ئەو جەژنە، هەر وەک نەورۆز لە جێگای دیکەش دەگیرێ و لە هەر جێگایەک ناوێکی هەیە. ئەوانەی لە جێی دیکە زیاتر جەژنەکەیان پاراستووە و بەڕێوەیان بردووە، زەردەشتییەکان بوون. گەرچی دەگوترێ ئەو جەژنە هی زەردەشتییەکان نەبووە بەڵام دەگوترێ ئەوان پاراستوویانە.
لە بابەت جەژنەکە لە نێو زەردەشتییەکان ئاوا نووسراوە:
لە گۆڕەپانێک کۆگایەکی داری وشک لە سەر یەک هەڵدەچنن. چەند پێشەوای زەردەشتی “مووبد” بە بەرگی سپییەوە، لالە بە دەست دێن و لە چوار لاوە ئاگرەکە دادەگرسێنن. خەڵک هەتا درەنگانی شەو دەیکەن بە شایی. گەنجەکان بەسەر پنجەدەوەنی ئاگرگرتووی کەنارەکاندا باز دەدەن و دوایی سوارەکان بەسەر ئاگرە گەورەکەدا ڕمبازێن دەکەن. جووتیارەکان چاوەڕێن ئاگرەکە خۆڵەمێش بخا. ئەو خۆڵەمێشە هەڵدەگرن و هەر کەس هەوڵ دەدا بە گەرمی بیگەیەنێتە سەر زەویوزاری خۆی. بڕوایان وایە ئەو خۆڵەمێشە زەوی گەرم دەکاتەوە و بەرەکەت دەخاتە دەغڵودانیان”.
قامووسی زمانی فارسی/پەراوێز
واتە ئەو خۆڵەمێشە وەک دەرمان بەکار دێنن. هەرکەس زەویی خۆی پێ دەهەنوێ.
من پێم وایە ناوی بێڵندانە لە “بێل” و “دانان” پێک نەهاتووە بەڵکوو لە “بۆڵ/بووڵ” و “هەندوون”، “ئەندوون” یان “ئەندان” پێک هاتووە.
بۆڵ: لە هەندێک شێوەزاری کوردیدا ناوێکی دیکەی خۆڵەمێشە. مامۆستا هەژار لە هەنبانەبۆرینەدا بە “بۆڵ” تۆماری کردووە و بە خۆڵەمێش مانای کردووەتەوە.
ڕێبوار (موسلیح شێخولئیسلامی) شاعیری خەڵکی مەریوان لە شیعری “گەشتێک لە کوردستان”دا لە بابەت شاری سنەوە نووسیویەتی:
گەرچی وەک بووڵەمڕی دامردوو
کەوتووە شاری سنە کزکردوو
ژیلەمۆی بێگڕە پڕسەودایە
ئاگری سووری لە بن سەردایە.
.
“بووڵەمڕ” لێرەدا هەمان خۆڵەمێشە. “مڕ” وەسفێکە بۆ خۆڵ. لە ناوەڕاستی موکریان بە خۆڵی زۆر نەرم دەڵێن “خۆڵەمڕە”.
بە بڕوای من بەشی یەکەمی ناوی ” بێڵندانە”لە وشەی “بۆڵ” یان “بووڵ” پێک هاتووە.
بەشی دووهەمی وشەکە لە “هەنوون”، “هەندوون” ئەندوون” یان “ئەندان”پێک هاتووە. ئەو وشەیە ئێستا لە فارسیدا وەک “اندودن” ماوە. قامووسی زمانی فارسی هەروەها فۆرمی “انداییدن”یشی تۆمار کردووە. وشەکە بە مانای تێهەڵسوون، پێداساوین، چەورکردن، سواغدان و قوڕاوپێداکردن بەکار هاتووە. لە کوردیدا ئەو وشەیە وەک ناو نەمبیستووە بەکار بێ بەڵام وەک کار، “بهەنوێ” و “دەهەنوێ” ماوە:
کەسێکی چێژی ئازادی بچێژێ
لەوەی باکی نییە ئارەق بڕێژێ
بە بێ ڕایەخ شەوێ ئاسوودە دەنوێ
کرێکارێ کە یار پشتی بهەنوێ.
هێمن/ناڵەی جودایی/ شیعری سووڕی دەوران
.
– ئەڵێن: ئە”گەر ژنێک شیری کەم بوو «سپڵ»ی کەر وشک بکاتەوە و بیهاڕێ و گۆی مەمکی خۆی پێ بهەنوێ شیری زیاد ئەکا!
عەلائەددین سەجادی/ ڕشتەی مرواری/ بەرگی چوار
.
بەم جۆرە “بووڵهەنوین”،” بووڵهەندوون” یان “بۆڵهەندان”دروست بووە .ئەگەر فۆرمی “هەندان” یان “ئەندان” وەک لە فارسیدا هەبووە، لە کوردیشدا بووبێ ئەوە بە سادەیی دیارە وشەکە وەک “بۆڵهەندان” ساز بووە. لە کاتێکدا ئەو گریمانەیە وەلا بنێین کە فۆرمی “هەندان” لە کوردیدا بووە و بڵێین تەنیا فۆرمی “هەندوون” و “هەنوون” لە کوردیدا بووە، ئەوە وشەکە لەگەڵ پاشگری “ان” بووەتە “بووڵهەنوان” یان “بووڵهەندوان”.
بۆ چۆنییەتی بەکارهاتنی پاشگری “ان” بە جۆرێک کە مانای کات بە وشەکە بدا بڕوانە: گەڵاڕێزان، جۆزەردان، ڕێبەندان، خورماڕەسان، میوەگەنان و… یان هەندێک ناوی وەک خەنەبەندان، خەتەنەسووران، شیرنیخۆران و … کە “ان” ناوی بۆنەیەک دروست دەکا. هەر وەها پاشگری “انە” لە وشەی وەک “سوورانە، جەژنانە، سەرخەرمانانە، ئاشانە و …دا بەکار دێ.