فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەربەند و دەر بەند

دەربەند و دەر بەند

ناسری حیسامی/ نووسەر/ سوێد

“دەربەند” لە بەشێکی زۆری ئەدەبی کوردیدا بە مانای شوێنێکی جوگرافی- ڕێگای نێوان دوو بەرزایی- وەک دەربەندی ڕانیە، دەربەندی خان، دەربەندی بازیان و دەربەندی گاور هاتووە. بەڵام لە شیعری شاعیرانی پێشتردا بە مانای “دەربەست” هاتووە. لەوە دەچێ “دەر بەند” بەم مانایە لە ئەدەبی فارسییەوە هاتبێتە ناو ئەدەبی کوردی.
پێش ئەوەی بچمە سەر باسی “دەر بەند” ئەم نموونەیەش جێی سەرنجە کە وەفایی “پر از”ی فارسیی بە مانای “پڕ لە” هەر وەک خۆی بە فارسی نووسیوە:
نیشانێکی لە ئەنواری جەماڵی خۆی بە شەم بەخشی
سەراسەر جانی پەروانەی “پُر از” سووتان و سەودا کرد
نەسیمێکی لە باغی حوسنی خۆی هێنا بە گوڵدا دا
سەراپا بولبولی زاری “پُر از” ناڵە و تەمەننا کرد.
.
دڵم سەوداسەرە و جانم پُر اَز غەوغایە نازانم
نە داغی تاری زولفانە، نە دەردی وردە خاڵانە؟
.
بەڵام لە بابەت “دەر بەند”:
بە تاری زولف و گوڵناری جەماڵی تۆ بە ڕۆژ و شەو
سەرم دەربەندی سەودایە، دڵم سەرگەرمی سووتانە

لەو شیعرەی وەفاییدا، “دەربەند” بە تایبەت لەبەر ئەوەی بە سەر یەکەوە نووسراوە، بە مانای “دەربەند” لێک دراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی وەفایی لە “دەر بەند” پابەندبوون، گیرۆدەبوون و دەربەستبوونە: سەرم لە بەندی سەودا دایە و دڵم سەرگەرمی سووتانە.

سەید کامیلی ئیمامی (ئاوات)یش دەر بەندی بە هەمان مانای دەربەست هێناوە:
ئەی من بە فیدای خاوەنی ئەو تیر و کەوانە!
هەرچەند کە دڵم کاری هەموو زام و برینە
ئەی دڵ! مەبە دەربەندی غەمی ناوکی غەمزەی
ساڕێژە برین، مەوقیعی ئازادی و ژینە

واتە: ئەی دڵ دەربەستی غەمی تیری برژانگی مەبە. گوێ مەدە ئەو غەمە.

هەروەها لە وەرگێرانی ئینجیلدا، “دەر بەندی کەس مەبە” بە مانای “دەربەستی کەس مەبە” هاتووە:
16) و شاگردانی خۆیان دەگەڵ هێرۆدیانیان ناردە کن ئەوی دەیانگوت: «ئەی مامۆستا دەزانین کە ئەتۆ ڕاستی و ڕێی خوڵای بە ڕاستی فێر دەکەی و کە دەربەندی کەس نی، چونکە تەماشای ڕووی خەڵکی ناکەی.
لە کتێبی: ئینجیلی موقەدەس، بەرهەمی لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
لە بەیتی “شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی”یشدا ” دەر بەندی خۆم نیم” بە مانای “دەربەستی خۆم نیم” هاتووە:
فەرخۆڵە دەڵێ: «ئامۆزا لێی گەڕە زۆرم ڕق هەڵستاوە.
«دەربەندی خۆم نیم، ئەگەر ئێستر پێی لە من ناوە.
حەیفی وەی دەمکوژێ، لەسەری من لە تووی داوە.
لە: شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی/ ئۆسکارمان
هەروەها لەم چەند نموونەیەی خوارەوەشدا “دەر بەند ” بە هەمان مانا هاتووە:
نە کەس دەربەندی ئازاری فەقیرە
نە کەس ئەنجامی تەکلیفی لە بیرە
لەباتی زیکر و نوێژ و ویرد و تەسبیح
لە مزگەوتا قسەی میر و وەزیره
چوارینەکانی زاری/ زاری
.
بنەماڵەی ساحێبقران پابەندی خوێندەواری بوون، وەکوو چۆن دەربەندی شاعری بوون.
مێژووی ئەدەبی کوردی/ عەلائەددین سەجادی

دڵ کە دەربەندی حەیا و نەنگ و نام و عارییە
ئەو قسووری کردووە دێ ئارەزووی نازی دەکا
حاجی قادری کۆیی.
لە زمانی فارسییشدا “در بند” بە هەمان مانا هاتووە:
حافظ، وظیفهٔ تو دعا گفتن است و بس
در بَندِ آن مباش که نشنید یا شنید
: حافز! ئەرکی تۆ تەنیا نزاکردنە، دەربەستی ئەوە مەبە بیستی یان نەیبیست
مشو حافظ ز کیدِ زلفش ایمن
که دل برد و کنون در بندِ دین است
: حافز! لە ئەفسوونی زولفی وریا بە! دڵی بردووی و ئێستا خۆی لە بەندی دین دایە
.
آسوده کسی که در کم و بیشی نیست
در بند توانگری و درویشی نیست
فارغ ز غم جهان و از خلق جهان
با خویشتنش بذره ای خویشی نیست
مەولانای ڕۆمی
: ئاسوودە ئەو کەسەیە لە بیری کەم و زۆریدا نییە، دەربەستی هەژاری و دەوڵەمەندی نییە، گوێ ناداتە غەمی جیهان و خەڵکی جیهان و، هیچ پەیوەندێکی بە خۆیەوە نەماوە، (هیچ نزیکایەتییەکی لەگەڵ خۆی نەماوە. )

لەوە دەچێ وشەی “دەربەست”یش کە دواتر بووەتە “بەدەربەست” هەر لە سەر بنەمای “دەر بەست” داڕێژرابێ، بە مانای ئەوە کە لە “بەندی” شتێکدا بی، پابەندی شتێک بی.