فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

من بووم بە تۆ

من بووم بە تۆ

ڕانانی: ئیدریس عەلی/ نووسەر/ سلێمانی

 

یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (من بووم بە تۆ) بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و بریتییە لە (بیۆگرافی ڕۆمان) خانمە نووسەری ناوداری عەرەب (ئەحلام موستەغانمی) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (پشکۆ نەجمەدین) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، بە زمانێکی نەرم و شاعیرانە، بە تەکنیک و شێوازێکی ئەدەبیی باڵا، بە گێڕانەوەیەکی چێژبەخش، بەر چیرۆک و دەردەڵییەکانی کیژێک دەکەوێت لە خودی خۆی و خێزان و کۆمەڵگە و ئەو سەردەمە بەدەی تێیدا ژیاوە، هاوکات بابەتی سیاسی، داگیرکاریی جەزائیر کە زێد و نیشتمانی نووسەرە لە لایەن دەوڵەتی فەڕەنساوە، ژیانی کۆمەڵایەتی، خوێندنەوە و نووسین تا ئاستی ناوبانگ، بەشێکی گەورە لە کتێبی (من بووم بە تۆ) پێک دەهێنن و تیایدا ئەم خانمە نووسەرە، دەستی بۆ کولاندنەوەی برینەکانی ڕابردووی جەستە و ڕووحی خۆی بردووە، بە گشتی خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، گەشتێک بە ژیانی ڕابردووی کۆمەڵێک کاراکتەر و کەسایەتیدا دەکات، هەروەها بە هۆی ئەو کەسانەوە ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک ڕوودا و کارەساتی مێژوویی.
تێکستەکە بە شێوەی نامە نووسراوە، نامەی کچێک بۆ باوکی، یاخود دەکرێت بڵێین ئەو نامانە بیانوویەکن بۆ ئەوەی نووسەر پەردە لەسەر نهێنییەکانی ژیانی خۆی، پەیوەندەییەکانی نێوان کچ و باوک، بوونی دایک وەک ژنێکی ئاسایی کۆمەڵگەی عەرەبی هەڵبماڵێت، لە ڕاستیدا بێ پەردە و ئازایانە ئەوەی چەندین ساڵە لە دڵیدا پەنگی خواردووەتەوە، بە هۆی نامەکانەوە بەرهەڵدایان دەکات و دید و تێڕوانینی خۆیشی لەمەڕ ڕووداو و بابەتەکان دەخاتە ڕوو.
لە ڕاستیدا ئەو دیدێکی ڕەخنەیی تەواو تووندی هەیە لە فەزای گشتی ژیان، کولتوور و فەرهەنگ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، بە تایبەت ئەو ڕوانگە نێرسالارییە فیکر و کۆمەڵگەی عەرەبی بۆ ژن و پێگەی ژن هەیانە، کە هەمیشە بە چاوێکی کەمتر و کەمبایەختر لە ژن و دۆز و چالاکیی ژن دەڕوانن.
ئەحلام موستەغانمی، لەم کتێبەدا کە وا دەردەکەوێت ڕوودا و گێڕانەوە و چیرۆکەکانی ڕاستیی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، بە دیاریکراوی پەیوەندیی نێوان خۆی وەک کچ و باوکین، لە سەروەختی منداڵی خۆیەوە دەست بە گێڕانەوە دەکات، قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ گەورە بوون و هەڵکشانی تەمەندا دەرکی بە شتەکان و نهێنییەکانی ئەو ڕۆژگارە زیاتر دەبێت، ئەو کچی خێزانێکی عەرەبییە، بەڵام بە هۆی بوونی باوکێکی، خوێندەوار، سیاسی، خاوەن پێگەی دیبلۆماسی و شۆڕشگێڕ، کە ماڵەکەی پڕیەتی لە کتێب و سەرچاوەی مەعریفیی گەورە، بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاواز لە منداڵ و کچانی هاوتەمەن و هاوسەردەمی خۆی، لە ڕووی فیکرییەوە گەشەیەکی بەرچاو دێت بە سەریدا، بە تایبەت بە شێوەیەکی زۆر قووڵ و ورد سەبارەت بە دۆخی سیاسی و هێزە بەرهەڵستکارەکانی جەزائیر و دروشمەکانی سەردەمی (شۆڕشچێتی) قسەی تووند دەکات و لە دیدێکی ڕەخنەییەوە ئەو دۆخ و هەلومەرجەی ئەو ڕۆژگارەمان پێ دەناسێنیت کە وڵاتەکەی کەوتبووە بنپێی داگیرکاریی فەڕەنساوە، بەڵام دواتر و پاش ئەوەی داگیرکارانی فەڕەنسا لە جەزائیر پاشەکشە دەکەن، سەرجەم بەڵێن و دروشمەکانی شۆڕشگێڕ و هێزە بەرهەڵستکارەکانی دوێنی بەتاڵ دەبنەوە، کاتێ دێنە سەر تەختی دەسەڵات، لەبری ئاوەدانی و ئاوڕدانەوە لە ژیانی کولەمەرگیی خەڵک، پشت دەکەنە دروشم و بەڵێنەکانی دوێنیان و ڕوو دەکەنە ژیانی شاهانەی خۆیان، لێرەدا (ئەحلام موستەغانمی) ڕاستگۆیانە پێمان دەڵێت کە بەشێکی زۆر لەو سیاسی و شۆڕشگێڕانەی دوێنێ کە بەڵێنی دنیایەکی باشتریان بە خەڵک و کۆمەڵگە دەدا، ئێستا خەریکی قژڕەشکردنەوە، ژیانی نێو کۆشک، هێنانی ژن و دووم و سێهەمن و هیچ باکیان بە ژیانی خەڵک نییە، هاوکات نموونەی سیاسی و کەسانی شۆڕشگێڕ پاکیشمان پیشان دەدات کە باوکی خۆی نموونەیەکی بەرچاوی ژیانیەتی، کە دوای شۆڕش، کاتێ ئەو دۆخە نالەبارە دەبینن، بەرگە ناگرن و تووشی تێکچونی حاڵەتی دەروونی و تەنگەژەی دەروونی دەبن، بێدەنگیان دەکەن و گاڵتە بە ڕاستگۆیی و پاکی و دڵسۆزییان دەکەن.
لێرەدا نووسەر بە شێوەیەکی جوان و ورد دێتە سەر باسکردنی دۆخی ڕۆشنبیری و فەزای ئەدەبیی وڵاتەکەشی، لەشکری ئەو مامۆستای زانکۆ، خاوەن بڕوانامە، نووسەر و ڕۆشنبیرانەشمان پێ دەناسێنێت کە لە باوەشی حیزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە هەڕەشە لە دەنگی نوێ و جددی، جوان و داهێنەرانە دەکەن، دەرگای هۆڵی چالاکییەکانیان بە ڕوودا دادەخەن و داهێنان و جوانییەکانیان بێبایەخ دەکەن، بە تایبەت جەنگی گەورەی نێوان نەوەکان، نەوەیەک کە بەو بارودۆخە نالەبارە ناڕازییە و خوازیاری گۆڕانکاریی گەورەن، نەوەیەکیش کە بازاڕی وشە و نووسین و گیرفانیان لەوەدایە گەندەڵی پەرە بسەنێت و دەنگی ئازاد و ئازا کپ بکرێت.
بە گشتی ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت، هاوکات هۆشیاری و ئاگاییەکی گەورەشمان پێ دەدات سەبارەت بەو قۆناغە مێژووییەی کە جەزائیر کەوتبووە بندەستی داگیرکارییەوە و سەرلەبەری جومگەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی لەبەریەک هەڵاوشاندبووە، خوێنەر لە ساتی خوێندوەی ئەم کتێبەدا وا هەست دەکات قەسیدەیەکی درێژ دەخوێنتەوە، قەسیدەیەک پڕ لە هونەر و فەنتازیا و خەیاڵ، تەکنیکی بەرز و خۆشهاتوو بە زماندا، قەسیدەیەک پڕ وشە و دەربڕینی ئیستایکیانە و فیکریانە، پڕ لە کارەکتەری جۆراوجۆر، لە قوربانی و ستەمکار، پڕ لە چیرۆک و ڕووداوگەل، هاوکات گەلێ نهێنیش سەبارەت بە ژیانی کەسێتی خودی خۆی وەک ژن، لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و قۆناغەکانی خوێندن و سەرەتای ئاشنابوون بە کتێب و ئەوین و دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و گەیشتن بە ناوبانگ ئاشکرا دەکات… لێرەدا جێی خۆیەتی ستایشی زمانە باڵا و جوان و شاعیرانەکەی مامۆستا (پشکۆ نەجمەدین) بکەین، کە زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی بۆ یەکەم جار، ئەدەب و بەرهەمی ئەدەبیی (ئەحلام موستەغانمی) بەو زمانە پڕ لە شیعرییەتە پێشکەش بە خوێنەری چاولەدەستی وەرگێڕە باشەکانی کورد بکات.