شیعر و پەخشانەشیعر
پشکۆ نەجمەدین/ شاعیر/ سوێد
مەحموود دەروێش، ئەگەر چی چاپۆکسواری مەیدانی شیعر و نوێکردنەوەی شیعری عەرەبییە، کە لە فۆڕم، نێوەڕۆک و تێما، وێنە و زمانی باڵا، کەلەپوور و ئەفسانەکاندا، زۆرترین ڕەخنەگر و ڕەخنەسازی ئەدەبیی وە دەنگ هێناوە، کەمتر پەخشانەشیعری نووسیوە. وێڕای ئەمەش، دەروێش شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی پڕ مانای بۆ هونەری نووسینی پەخشانەشیعر و پێوەندیی ئەم دوو ژانرەی ئەدەب، کە بە دەیان تاڵەدەزووی بینرا و نادیارەوە، پێکەوە بەستراون، کردووە.
دەروێش لە بەرسڤی پرسیارێکدا، کە پێی دەڵێن: تۆ کە پەخشانێکی زۆرت نووسیون، کە چی پەخشانەشیعرت نەنووسیون، بۆچی؟
دەبێژێ:
(پەخشانم زۆر نووسیون، بەڵام هیچ خەسڵەتێکی پڕۆژەی نووسینم پێ نەبەخشیون! من لە پەراوێزی شیعردا پەخشانەکانم نووسین، یاخود زۆرێک نووسینم نووسیون و ناوی پەخشانم لێ ناون.
من زۆر بە لای پەخشاندا دایدەشکێنم و گرنگیی پەخشانیش لە شیعر کەمتر نییە، بەڵکە پێچەوانە، پانتاییی ئازادی لە نووسینی پەخشاندا، لە هیی شیعر فراوانترە. ئەگەر وەختێک بێت و دەقی شیعریی من چک بکات، ئەوجا پەنا بۆ پەخشان دەبەم و کاتێکی زیاتر و گرنگییەکی شیاوتری پێ دەبەخشم!
تۆ ڕەنگە بڵێی من پەخشانم نووسیون بەڵام پەخشانەشیعر نا!
من ساتێ پەخشان دەنووسم، ناوی قەسیدەی لێ نانێم و ئیدی پەخشانم نووسیوە! ئەرێ بۆچی بە نزمیی لە پەخشان دەڕوانین و لە شیعر کەمتری دەبینین؟
دروستە کە پەخشان خوازیاری بەشیعربوونە و شیعریش هەمان خواستی بۆ جوانیی پەخشان هەیە… من بە قسەیەکی “باسترناک”ی شاعیر سەرسامم کە دەبێژێ: “جوانترین شت لە قەسیدەدا، ئەو دێڕەیە، کە وەک پەخشان خۆی دەنوێنێ!”
من ناخوازم جیاوازییەک لەنێوان بەهای شیعر و پەخشاندا بکەم، هێشتا لە ڕوانگەی ژانری ئەدەبییەوە، هەر یەکە و ناوی خۆیی لێ دەنێم! بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە:
شیعربوون لە سترەکتۆری قەسیدەدا چۆن جێ دەکەوێت؟
پێم وایە، ئێمە دەبێت مشتومڕ لەمەڕ؛ مەودا و جیاوازی، یەکگرتن و دوورکەوتنەوە یاخود نێزیکیی نێوان شیعر و پەخشانەشیعر وەلا بنێین. ئەم جیاوازییانە، دونیا پشتگوێی خستوون! وەلێ ئەگەر لەمەڕ حەز و ئارەزووم بۆ نووسینی پەخشانەشیعر بپرسن، دەڵێم: تەمەننا دەکەم، دەقێکی پەخشانئامێز بنووسم و ناوی پەخشانەشیعری لێ نەنێم!)