فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەبارەی چەمكی فەنتازیا و خەیاڵەوە

لەبارەی چەمكی فەنتازیا و خەیاڵەوە

عەبدولڕەحمان فەرهادی/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد / هەولێر

هەموو فەنتازیایەک جۆرێکە لە خەیاڵ و ژینگەی خەونامێز، یان نزیك لە كەتوار(واقیع)، یان زۆرجار دوور لە کەتوار! وەلێ هەموو خەیاڵێک فەنتازیا نییە! فەنتازیا جۆرێکی دیاریکراوە لە خەیاڵ کە پێوەندیی بە چۆنیەتیی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە هەیە، زۆرجار پێوەندیی بە ماجیک(سحر) و جۆرەها خوڵقاوی خەیاڵبەندی دەرەوەی سروشتیشەوە هەیە. دنیای خەیاڵ زۆر جیایە لە کەتوار وەلێ ئەگەر كەتوار نەبێت، خەیاڵیش نامێنێت، بەڵام دەتوانین بڵێین فەنتازیا جۆرێکە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەیاڵامێز، خەیاڵیش دنیایەک شێواز و بیرکردنەوە دەگرێتە خۆی، لەوانە: خەیاڵی ترسوتۆقێن، خەیاڵی زانستامێز، ترسی خەیاڵامێز.
خەیاڵ لەکن مرۆڤ زۆربەی جار پێوەندیی بە داهاتوو و دواڕۆژ و چیڕۆکی ژیان و خەون و خولیاكانی نزیک لە کەتوار هەیە
خەیاڵ لەکن مرۆڤ زۆربەی جار پێوەندیی بە داهاتوو و دواڕۆژ و چیڕۆکی ژیان و خەون و خولیاكانی نزیک لە کەتوار هەیە. دەبێ ئەوەش بزانین کە فەنتازیا شێوە و کۆنەژانرێکی ئەدەبە و لە سەرتاسەری جیهان و لەنێو سەرجەم گەلان، زۆر و جۆراوجۆر و هەراو و بڵاوە، ئەمەیش پێوەندیی بە ئەفسانە و چیڕۆک و هەقایەتە میللییە کۆنەکانەوە هەیە، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو و ڕەگاژۆ لە ئەدەبیاتی جیهان. ئەم ڕەنگدانەوە و بەکارهێنانەی فەنتازیا لەنێو ئەدەب، زیاتر لە ڕۆماندا پەلاژۆی کردووە. دێرینیی فەنتازیا بۆ ئەفسانە و داستانەکۆنەکان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە یەکێک لەوانە داستانی (گەلگامیش)ی سۆمەری و ئەلیادا و ئۆدیسەی هۆمیرۆسن، ئەمانەیش تژین لە دنیای خەیاڵامێز و بوونەوەری ئەفسانەییی دڕندە و خواوەندی جۆراوجۆر! هەروەها چیڕۆکی میللی و فۆلکلۆرییش کە مێژووێکی دێرینیان هەیە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پەیکەر و پێکهاتەی فەنتازیا و ئەدەبی ماجیکامێز و دنیای دوور لە کەتوار و پڕ لە ئەژدیها و ئیفریت و گیانەوەری خەیاڵاویی سەمەرە و مەترسیدارەوە هەیە. لە چاخەکانی ناوەڕاستدا، لەو وڵاتانەی ئەوروپایش، چیڕۆکی خەیاڵامێزی پڕ لە ئەژدیها و گیانەوەری سەیر و خەیاڵاوی، زۆر بڵاو بووە و فەنتازیایش ڕووبەرێکی زۆری لە داستان و ئەفسانە داگیر کردبوو. لە ماوەی ئەم سەدانەدا، خەڵک زۆر کەوتبوونە ژێر کاریگەریی خەیاڵ و لەمەشەوە ئەدەبی فەنتازیامێز گەشەی کرد. لە چاخی ڕێنیسانس و دواتریش، نووسەرە داهێنەرەکانی ئەوکاتە، بەهرەیان زیاتر لە ئەفسانە و خەیاڵ سوودمەند بوو و بابەتی ئەفسانە و خەیاڵ زۆربەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکانیانی گرتەوە، بۆ نموونە شاکارەکانی شەکسپیر، لەوانە (باهۆز، خەونی هاوینە شەوێک) تیایاندا ئاوێتەیەک لە فەنتازیا و ماجیک پانتایییەکی زۆریان گرتووەتە خۆ. دوای ئەوەش لە سەدەی نۆزدەم، فەنتازیا فۆرمێکی سەربەخۆی لە ژینگەی هەراوی ئەدەبدا وەرگرت، فەنتازیا هاتە نێو دەقی چیڕۆکی زۆر لە نووسەران. نووسەری ئەمەریكایی ئێدگار ئەلان پۆ جگە لەوەی ڕەخنەنووس و شاعیرێکی گەورە بوو، زۆرێک لە دەق و چیڕۆکەکانی شێوازێکی هونەریی زیاتریان وەرگرت و بە یەکێک لە داهێنەرانی چیڕۆکی خەیاڵامێز دەئەژمێردرێت، چونکە خەیاڵی ئاوێتەی دەقەکانی کرد، بەشێوەیەک ئەمەریكا شانازی بەوە دەکەن کە پۆ لە بەرهەمەکانیدا، داهێنەری جۆرێک لە خەیاڵی زانستامێزە، بۆ نموونە لە کۆچیڕۆکی (زیندەوەری زیوین- ١٨٤٣ز) و (خزین بەرەو گێژەن) و (شەوی هەزار و دووەمینی شەهرەزاد) کە دوو بەرهەمەکەی دواییی لە ١٨٥٠ بڵاوکراونەتەوە و بە ستایلی تێکەڵکاریی نێوان کەتوار و خەیاڵ نووسراونەتەوە. هەروەها لە ڕۆمانی (ئەلیس لە وڵاتی سەیروسەمەران- ١٨٦٥ز) هەمان ڕێچکە و شێوازی گرتووەتە بەر. پۆ، یەكەم نووسەری ئەمەریكایییە كە بەهۆی نووسینەكانیەوە بە كولەمەرگی ژیاوە.
ئێستا فەنتازیا هەر تەنیا لە چوارچێوەی ژینگەیەکی کۆنی سیحرامێز نەماوەتەوە، بەڵکە بووەتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی بابەتی هاوچاخ بە میتۆدێکی سەرنجڕاکێش
لە سەدەی بیستەم، فەنتازیا لە ئەدەبدا شێوەیەکی پێشکەوتووتری گرتەبەر و بەرهەمی زۆرێک لە نووسەرە ناودارەکانی گرتەوە. لەم سەدەیەدا، فەنتازیا شێوازێکی هاوچاخانە و پێشکەوتووانەی وەرگرت و گۆڕانگاریی زۆری بەسەردا هات، تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتدا نەمایەوە، بەڵکە کەوتە نێو تەکنۆلۆجیا و تەنانەت سینەمایشی گرتەوە، ئەمەیش وای کرد ژانری (خەیاڵی زانستی) لەنێو خوێنەران، ڕووبەرێکی فراوان بگرێتەوە و خێرا و زۆرتر بڵاوبێتەوە.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە فەنتازیا لە دەقی ئەدەبیدا، بەتایبەت لە ڕۆمانە جیهانییەکان، لەم بارودۆخەی ئێستامان، زۆر بەربڵاوە و لەڕووی بابەتەوە شێوازێکی جیاوازی بە بەراورد بە سەردەمی کۆن وەرگرتووە، ئێستا فەنتازیا هەر تەنیا لە چوارچێوەی ژینگەیەکی کۆنی سیحرامێز نەماوەتەوە، بەڵکە بووەتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی بابەتی هاوچاخ بە میتۆدێکی سەرنجڕاکێش. لەو ڕۆمانە جیهانییە هاوچەرخانەی کە ئەم لایەنەیان گرتووەتە خۆ و بریتین لە لەخۆگرتنی فەنتازیا و کەتوار، کە بابەتەکانیان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کێشە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و سایکۆلۆجییەکانەوە هەیە، بریتییە لە ڕۆمانەکانی نووسەری ناوداری چیلی، ئەلیزابێڵ ئەلیندی و نووسەری ناوداری یابان هاروکی مۆراکامی.
لە ئەدەبی هاوچاخدا، زۆرجار فەنتازیا وەک ئامرازێک بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی، سوودی لێ وەرگیراوە، بۆ نموونە بەرهەمەکانی وەک (منداڵانی خوێن و ئێسقان)ی نووسەری ئەمەریکایی تۆمی ئادیمی کە پێوەندییان بە کاریگەریی داگیرکاری و ناسنامەوە هەیە. تۆمی ئادیمی نووسەر و ڕۆماننووسێکی نێجیریایی- ئەمەریکایییە، دەنگێکی سەرنجڕاکێشی ئەدەبی فەنتازیایە و خوێنەرێکی زۆری هەیە، ڕۆمانی ناوبراوی لە ٢٠١٨ بڵاوبووەتەوە کە زۆرفرۆشترین کتێب بووە لە لیستی ئەو کتێبانەی لە نیویۆرک بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی ئەم ڕۆمانەیەوە چەندین خەڵاتی بەخشرایێ و دواتر بە فیلمی سینەمایش بەرهەم هات. ئەم ڕۆمانەی ئادیمی باس لە کەلەپووری ئەفەریقا و ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی ڕەگەزپەرستانە و خەبات دژی ستەم و زۆرداری دەکات؛ پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە ژنێکی بەهێز و ئازایە، ناوی (زیلی)یە کە لەڕێی هەوڵی گێڕانەوەی ماجیک و ڕزگارکردنی گەلەکەیەوە تێدەكۆشێت، زیلی نموونەی ژنێکی بەهێزە کە نەک هەر دژی دوژمنانی دەجەنگێت، بەڵکە دژی دواکەوتوویی و تۆقین و گومانە ناوخۆیییەکانی کۆمەڵگاکەیشی لە تێکۆشاندایە. ئەم ڕۆماننووسە بایەخێکی زۆر بە ڕۆڵ و کەسایەتیی ژنان دەدات، کە چۆن خەبات دژی زوڵم و دواکەوتوویی دەکەن، هەروەها یەکێک لە تەوەرە گرنگ و سەرەکییەکانی کارەکانی ئادیمی، بریتییە لە کێشەی ناسنامە و سەربەخۆیی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکەی. کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانی (منداڵانی خوێن و ئێسقان) بەهۆی ڕەنگی پێست و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، بەرانبەر کێشە و ململانێی ناسنامەوە، ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە.ئەمەیش کێشەی گەورەی زۆربەی گەنج و ڕۆڵەکانی کۆمەڵگایەکەیەتی، کە بەردەوام لە ژێردەستەیی و جیاکاریدا دەژین.
لەنێو ئەدەبیاتی ئێمەدا، تا ئێستا ئەدەبی فەنتازیا و ئەدەبی خەیاڵی زانستی و ئاوێتەکارییان لە دنیای ڕۆمان و چیڕۆک و دەقی دیکەدا، بەو شێوە سەرنجڕاکێشە نییە تا بتوانین ناوی نووسەرێکی خۆمان بهێنین کە بەم ژانرەی ئەدەب ناودار بووبێت، یان هیچ نەبێت بەمە ناسرابێت! ئەگەرچی ئەم ژانرە لە ئەدەبیاتی گەلانی دنیادا، مێژووێکی هەیە، وەلێ لای ئێمە تا ئێستا گومانم لە بوونی هەیە، مەگەر هەیشبێت! لەوەیە لە پێڕەوکە و سەرەتاتکێدا بێت!