فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کات لەنێوان بوون و نەبووندا

 

کات لەنێوان بوون و نەبووندا

دانا ڕەئووف/ شانۆکار، دراماتۆرگ، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ/ سويد

 

 

(( ڕوونکردنەوە

بە هۆی هەڵەيەکی تەکنيکی چەند رۆژێ بەر لە ئێستا لەم بابەتەدا، باسێکی نەخوازراو ئاوێتەی ئەم ژانرە ببوو، لێرەوە داوای لێبوردن لە خوێنەران و خودی نووسەريش دەکەين، لە گەڵ ڕێزمان بۆ هەموو لايەک .// دياسپۆرا ))

 

 

دووی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٩، کەسێک تەلەفۆن بۆ پۆلیس ده‌کات و دەڵێت: “سڵاو. من هاوڕێیەکی خۆمم کوشت.” دوای چەند سەعاتێک پۆلیس لە دەرگای ماڵی نووسەر و دەرهێنەر “دیمیتری بلاخ” دەدات و پێی ڕادەگەیەنن، کە کوڕە شانزە ساڵییەکەی لە ڕووداوێکدا کوژراوە. دیمیتری بێ ئەوەی بتوانێت، هیچ بڵێت، دەکەوێت. ئەم ڕووداوە، وەک نمایشێکی دۆکیومێنتاری لەسەر شانۆی “ئۆریۆن” نمایش کرا.

شانۆ هونەرێکە دەتوانێت شتە کەسێنییەکان، ئەزموونی مرۆڤ لە ژیاندا، تەنانەت ئەوانەیشی نامانەوێت بیرمان بێنه‌وه‌، بکاتە چیرۆکێک، فۆرمێک، ستایلێک، کە لە ئاستێکی گشتیدا دەربکەوێت. بینەران بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبێت و ببێتە ئەزموونێکی گشتی. ڕووداوێک بێ ئەوەی ببێتە فۆرمێکی دۆکیومێنتاری، لە پەراوێزەوە ببێتە چەقی هەواڵێکی گرینگی هونەری، کە پەیوەست بێت بە هەموو کەسێکەوە. هەندێ جار لەوە دەگەین، کە لە هەموو شتێک ناگەین، ئەوەی لێرەدا گرینگە، ئەوەیە لە شتێک ناگەین، لەوە گەیشتووین، که‌ لەو شتە ناگەین. لەم دەروازەیەوە، دەکرێت شانۆ ئەو فۆرمە بێت بۆ بەرجەستەکردنی ئەو شتەی لێی تێنەگەیشتووین. شانۆ ئەو ئامڕازەیە، کە شتە نادیار و نەبینراوەکان بکاتە شتێکی دیار و بینراو. ئەوەی لە ژیاندا ناتوانین تێی بگەین، ناتوانین پێی قایل بین، تێی بگەین و ناچاربین قایل بین. ئەم چەمکە چەندین لایەنی هەیە و لە ڕووی تیۆری و پراکتیکیشەوە شەن و کەوی زۆری بۆ کراوە. بەشێکی زۆری ئەم گفتوگۆیە لە کتێبەکەی پیتەر برووک ـ پانتایی بۆش ـ دا باسی لێوە کراوە.

 

کات لە دەرەوەی کات و شوێنەوە. چۆن کات لە پڕ، لە ڕوودواێکدا بۆ هەتا هەتایە دەوەستێت و میلی کاتژمێرەکە بێ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دواوە

 

  ئەوەی من دەمەوێت لەم نووسینەدا باسی بکەم، شتێکی جیاوازە، لە هەندێک ڕووەوە لەگەڵ ئەم بۆچوونە تیۆرییانەدا یەک دەگرێتەوە و لە هەندێ ڕووی تریشەوە دوور دەکەوێتەوە.

  شانۆ چۆن دەتوانێت ئەو ئازارەی ناوەوەی مرۆڤێک پێوەی دەتلێتەوە، بێ هات و هاوار بەرجەستە بکات. مەرگی کەسێکی زۆر نزیک، جگەرگۆشەیەک چی لە مرۆڤێکی تر دەکات. کات و یادەوەرییەکان، لە کاتێکی تردا چۆن بەریەک دەکەون. وەک “هایدیگەر” ئاماژەی بۆ کردوە، بوونی مرۆڤ لە کاتدا چۆن بەرجەستە دەکرێ. ” بوون لەوێ” و “بوون لێرە.” “ئێرە” ئەو شوێنەیە، کە منی قسەکەری لێیە، کە باوکە، “ئەوێ”یش ئەو شوێنەیە، ئەو نادیارەیە، کە ئەوی قسە لە بارەکراوەی لێیە، کە کوڕەکەیەتی. “دیمیتری بلاخ” کتێبێک بەناونیشانی ” پێتەر. کات” لەسەر مەرگی کورە تاقانە شانزە ساڵییەکەیەوە دەنووسێت. ئەم کتێبە چەندە ئاوازێکی غەمناکە، چەندە سروتێکە لە ڕیتواڵێکی قووڵی مرٶڤێکی تەنیادا، هێندەیش پێناسەیەکی کاتە؛ کات لە دەرەوەی کات و شوێنەوە. چۆن کات لە پڕ، لە ڕوودواێکدا بۆ هەتا هەتایە دەوەستێت و میلی کاتژمێرەکە بێ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دواوە، ناشتوانێت، یەک هەنگاو بەرەو پێشیشەوە، بەرەو ئایندە بڕوات.

  “پێتەر” کوڕەکەی دیمیتری لەلایەن هاوپۆلێکی خۆیەوە دەکوژرێت، بەم ڕووداوە کات بۆ “پێتەر” و هەروەها بۆ دیمیتریش دەوەستێت. کات لە دوو دیدی جیاوازەوە بۆ دیمیتری دەوەستێت؛ ڕابردوو، ئێستا و ئایندەیش. “پێتەر” دەمرێت و ئەو کاتەی ئەو لە ژیاندا هەیبوو دەوەستێت، بەم شێوەیە “پێتەر” لە ڕابردوودا، لەو شانزە ساڵەی تەمەنیدا دەمێنێتەوە. کات بۆ ئەو لەو ساتەدا، کە لە ژیاندا نەماوە، وەستاوە، بەڵام بۆ دیمیتریش دەوەستێت، کە چیتر ناتوانێت “پێتەر” ببینێتەوە، کە چیتر ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لەگەڵ “پێتەر” بەرەو ئایندە بنێت.

  لەناو ئەم چیرۆکەدا هیچ کاتێک نییە، لە بری ئەوە، یان ڕاستر، ئەو کاتەی هەیە، تەنیا ئەو یادەوەرییانەن، کە دیمیتری سەرلەنوێ به‌سه‌ریان دەکاتەوە. ئەم باوکە، لە هەوڵێکی بەردەوامی بێ وچاندایە، هەموو ئەو شتانەی لەنێوان خۆی و کورەکەیدا ڕوویان داوە، ئەوەی باسیان کردووە، ئەوەی کردوویانە، خەون و ئەندێشەکانیان، بهێنیتەوە بیری خۆی، لەو یادەوەرییانەدا، لەو کاتە بەسەرچوانەدا بژی، بەم شێوەیە “پێتەر”یش بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

  ئەم کتێبە بووە بە نمایشێکی شانۆیی، مەنەلۆگێک لەگەڵ کۆرسێکدا، تراجیدیایەکی مۆدێرنی گرێکی. نمایشەکە گەڕانەوەیە بۆ ڕیتواڵەکانی تراجیدیای گرێکی بەر لە سێ هەزار ساڵ.

کتێبەکەی دیمیتری، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە، چەندین وێنەی ترس و خۆشەویستی لەخۆ دەگرێت

 

  شانۆیەکی ئێجگار گەورە، هێندەی پانتایی شانۆ دێرینەکانی سەردەمی گریک، باڵکۆنێکی بەرز، بە هەر چوار لای شانۆکەدا هەن و بینەران، لەیەک لاوە ڕووبەرووی ئەم تراجیدیایە دانیشتوون.

  نمایشەکە چەندە باسی کات و مەرگ دەکات، هێندەیش باسی ترسمان بۆ دەکات. ترس لە هەموو شتێک. “ئۆدیپۆس” لە ترسی چارەنووسی خۆی ڕادەکات، بەڵام هەر ئەو چارەنووسە لەو ترسەی هەیەتی دەیگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆی و باوکی دەکوژێت و دایکی لە خۆی مارە دەکات. ترسی ئەم نمایشە لە ڕوانگەیەکی ترەوە دەمانباتەوە بۆ مەرگ، لێرەدا بۆ مەرگی “پێتەر”، کە هاوپۆلەکەی دەیکوژێت. هەموو دایک و باوکێک ترسێکی گەورەی لە دەستدانی وەچەکانی خۆیان هەیە، ترسی ئەوەی لە پڕ شتێکی نەخوازراو ڕووبدات، بەڵام بیر لەوە ناکەینەوە، کە منداڵەکانمان دەچن بۆ قوتابخانە بکوژرێن و هەرگیز جارێکی تر نەگەڕێنەوە.

  کتێبەکەی دیمیتری، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە، چەندین وێنەی ترس و خۆشەویستی لەخۆ دەگرێت، هاوکات سروودێکە بۆ خەمە گەورەکە، بۆ ئەو تراجیدیایە، کە ئێستا لە کاتدا وەستاوە و لە نمایشێکی شانۆیدا بەرجەستە بووە.

  “یاکۆب هێردواڵ”، کە هاوڕێمە و لە شانۆی پادشایەتی پێکەوە کارمان کردووە، ئەم کتێبەی کردووە بە مەنەلۆژێک، هەر خۆشی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

  پانتایی شانۆکە، وەک ئاماژەم بۆ کردووە، زۆر گەورەیە. دیمیتری، کە پاڵەوانی نمایشەکەیە، “ئەندریاس لیلییەهۆڵم” ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات، لە ناوەڕاستی ئەم پانتاییە گەورە ڕووت و قوتەدا وەستاوە، کە لە هەمان کاتدا ڕۆڵی کوڕەکەیشی دەبینێت. ئەم باوک و کوڕە بەردەوام ڕۆڵەکانییان دەگۆڕنەوە، بەڵام هەموو نمایشە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم باوکە، لە ڕوانگەی دیالۆگێکی ناوەکییەوە، دەنگ و ڕەنگ بە کوڕەکەی ببەخشێت، تا بتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بیگەڕێنێتەوە بۆ ئێستا و ئێرە.

  کۆرسێکی چوار کەسی، وەک تارمایی لێرە و لەوێ دەردەکەون، بە ریتم و گۆرانییەکی قووڵی ئۆپێراڵی قۆناخەکانی ژیانی “پێتەر” بەرجەستە دەکەن؛ ئەم کۆرسە به‌ به‌رده‌وامییه‌وه‌ “بوون، لەوێ، لە شوێنێکی نادیار دووپات دەکەنەوە.” کۆرسەکە، ژیانێکی تر بە چیرۆکەکە، بە کارەکتەری باوک و هەروەها بە کوڕەکەیشی دەبەخشێت، ئاوازێکی غەمگین بۆ مەرگ لە ژیاندا دەڵێن. کۆرسەکە ئامڕازێکی پاکژبوونەوەیە “کاتارسیس”، کە بەپێی شانۆی گرێکی بینەران دەخاتە بارێکی نیگەرانییەوە. کۆرسەکە چەندین فۆرم وەردەگرن و ڕۆڵێکی ئەکتیڤ دەبینن لە بەرجەستەکردنی ئەو تراجیدیایەدا. زۆرجار کۆرسەکە، لە تایکییەوە، لە شوێنێکی نادیارەوە، لە نەبوونەوە دەردەکەون، پانتایی شانۆکە پڕ دەکەنەوە، ریتواڵەکەی خۆیان لەنێو ئەو چیرۆکەدا بەرجەستە دەکەن. ئەوەی ئەوان دەیکەن، ئاوازێکە بۆ خەمێکی قووڵ، بۆ تراجیدیایەک لە کاتدا وەستاوە و چیتر ناچێتە ئایندەوە. زۆرجار کۆرسەکە، بە ئاوازێکی غەمگین، بە ئۆپێرایەکی چپەدوو، ئەوە بیری ئەو باوکە دەخەنەوە، کە: کوڕەکەت مردووە، کوڕەکەت مردووە.

 

مەودایەکی بێ سنوور لەنێوان خۆی و کوڕەکەیدا هەیە، لەنێوان دوو دنیای جیاواز، ئەوەی هەیە و دەبینرێ، ئەوەی نییە و نادیار و شاراوەیە

 

  کتێبەکەی “دیمیتری” و ئەم دەقە ئامادەکراوەیش بۆ شانۆ، پڕن لە وردەکاری ڕووداوەکانی ژیانی “پێتەر”، پریشکی ئەم ڕووداوانەش لەم نمایشەدا دەبنە وێنە، هەندێکیان لێوانلێون لە ژیان و وێنەی واش هەن، ڕاوەستانی چرکە ترسناکەکەی ژیانی ئەم باوک و کوڕه‌ن، بۆ نموونە ئەو ساتەی کوڕەکەی تیا لە دەست داوە، یان، کە بە خاک سپێردراوە. کۆرسەکە نایەڵێت ئەم باوکە ئارام بگرێت، وەک ڕوویەکی کۆمەڵگە، جیهانێک لە دەرەوەی کاتەوە، ئاوێنەیەک بۆ تەماشکردنی ژیانی کوڕەکەی، ددان پێنان بەو واقیعەدا، هەمیشە ئەوەی بیر دەخەنەوە، کە کوڕەکەی مردووە. ئەم باوکە ناتوانێت و نایەوێت باوەڕ بەوە بکات، قایل بێت بەوەی کوڕەکەی نەماوە، بەم قایلبوونە، بەتەواوی لە کوڕەکەی دوور دەکەوێتەوە؛ کە ددانی بەوە دانا، کوڕەکەی نەماوە، ددان بەوەشدا دەنێت، کە مەودایەکی بێ سنوور لەنێوان خۆی و کوڕەکەیدا هەیە، لەنێوان دوو دنیای جیاواز، ئەوەی هەیە و دەبینرێ، ئەوەی نییە و نادیار و شاراوەیە. لەبری ئەوە ئەم باوکە، بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت لە کوڕەکەیەوە نزیک بێت. ئەم باوکە لە ڕێگای ئەوەوەی، کە بەردەوام بەشداری مانگانەی تەلەفۆنەکەی دەدات و گوێ لەپەیامەکەی دەگرێ، پەیوەندی بکات بە هاوڕێکانییەوە، جلەکانی بشوات و قه‌دیان بکات و هەڵیان بگرێ تا سەرلەنوێ بیان شواتەوە و هەڵیان بگرێتەوە، دووپاتی بەردەوام بوونی “بوون”ی ئەو لێرە دەکاتەوە.

  گەر کۆرسکە دنیای دەرەوە بێت، ئەوە دنیای ناوەوە، ئەو ساتانەی باوک تیا دەژی، بە تەنیا. “پێتەر” دەرناکەوێت، دەرنەکەوتنەکەیشی تراجیدیاکە دەکاتە واقیعێکی هەست پێکراو، هەستی پاکژبوونەوەکە دەبێتە ڕەوشێکی سایکۆلۆژی، چ بۆ باوکەکە، کە کارەکتەری “پاڵەوان”ی نمایشەکەیە و چ بۆ بینەرانیش.

 

دەرهێنەری نمایشەکە، چەندین کەرەستە و ئامڕازی بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی لەو پانتاییە فراوانەی شانۆکەدا، بتوانێ جۆرە هەمەچەشنەییەک دروست بکات

 

  دەرهێنەری نمایشەکە، چەندین کەرەستە و ئامڕازی بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی لەو پانتاییە فراوانەی شانۆکەدا، بتوانێ جۆرە هەمەچەشنەییەک دروست بکات، تا لە دووبارەبوونەوەی جووڵە و بەکارهێنانی پانتایی شانۆکە، بە یەک شێوە دوور بکەوێتەوە. بۆ نموونە ئامێری پیانۆیەکی گەورە، لە سوچی خوارەوە، نزیک دەرگای هاتنە ژوورەوەی ناو شانۆکە دانراوە، کە پیانۆژەنێک ئاواز و ریتمی نمایشەکە ڕادەگرێ. هەندێک جار دیوارێکی گەورەی نایلۆن، لە ساپیتەی شانۆکەوە دێتە خوارەوە و دیوارێک لەنێوان کۆرسەکە و کارەکتەرەکەدا دروست دەکات، یان لە دیمەنێکی باران باریندا، کۆرسەکە دەبنە کەسانێکی نامۆ و بە چەترەکانیانەوە، لە ژێر بارانەکەدا وێنەیەکی تری ژیانی ڕۆژانەی ئەم باوک و کوڕە بەرجەستە دەکەن. لە سوچێکی تردا، نزیک لە بینەرانەوە ستۆدیۆیەکی بچووکی ڕادیۆ هەیە، جارناجار باوک لەم ستۆدیۆیەوە خەمەکانی تۆمار دەکات، کاتە جیاوازەکان دەبڕێ و لەگەڵ کوڕەکەی دەکەوێتە گفتوگۆوە. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا، باوک لەگەڵ قاتەکەی کوڕەکەی سەما دەکات، دیمەنێکی خەونەئامێز، کە کوڕەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و خەونەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، بە تایبەتی ئەو خەونەی، کە دەیەوێت ببێتە پیانۆژەنێکی پیشەیی.