فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە غیابی لۆگۆسەوە بەرەو لۆژیکی تفەنگ

لە غیابی لۆگۆسەوە بەرەو لۆژیکی تفەنگ

عەبدولقادر نیازی / شاعیر و ڕەخنەگر / مەھاباد

( مردەوەژی کەلتوورێکی پێشینەیی)

کاتێ بە دوو ڕۆژ لە دوو شاری کوردستان، شەش کەس بە هۆی ناکۆکی جۆراوجۆر بە گوللە یەکتر دەکوژن، دە گەشبینانەترین حاڵەتدا بەو واتایەیە کە، ئەگەر بەرە بەرە لە کۆمەڵگایەکی خۆکوژ و یەکتر کوژ نزیک نەبینەوە،ئەوە خەریکە پتانسییەلەکانی کۆمەڵگای مەترسی بۆ خۆ نواندن دەردەخەین. مەترسی کۆمەڵگای مەترسی نەک دە بوونی ناکۆکی و ناتەبایی و دابەزینی ئاستی تۆلێرانسدا(تاب اوری و تحمل) بەڵکوو دە ئاسایی کردنی ئایدیا و لۆژیکی توندئاژۆ و ڕادیکاڵ دایە کە خەریکە لە کوردستان زۆر بە شێنەیی بەرەو دۆخێکی ئاسایی و نۆڕماتیو دەڕوا. ئەوە یانی هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە ئیرادە و وزە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان تووشی داڕمان و سەرلێشێواوی بووە، هاوکات لەبری عەقڵ و دەرهاویشتەیەکی عەقڵانیش(لۆگۆس)، ئاڵتەرناتیوێکی تر بە نێوی چەک و گوللە و چەقۆ هاتۆتە مەیدان و شێلگیرانەش بڕیاری خۆی دەدا. مەترسی هەرە گەورەی ئەو دۆخە ترسناکە کاتێکە کە جم و جۆڵێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی دە داهاتوو دا ڕوو بدا و ئەو کات تفەنگ و چەک و چەقۆ، بڕیار بۆ ڕەوتی کۆمەڵگا بدەن ئەویش نەک بۆ داڕشتی نۆڕم و یاسا و ماف بەڵکوو بۆ دەرخستنی ئەو ڕق و قینە هێزەکییەی کە دە ژێرخان و نەستی کۆمەڵگای کوردی دا ڕەگاژۆیان کردووە و لە داهاتوو و بەرژەوەندی کۆمەڵگا خەفتاون. مێتافیزیکی حزووری دڵەڕاوکێ و خەمۆکی گشتی کۆمەڵگا هەر چی کە بێ، بێ شک نواندنەوەی هاوشێوەی ئەو دۆخەی دەو دوو ڕۆژەدا دیترا، دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ دە بەدی هاتنی دا. وێدەچێ لۆژیکی چەک و چەقۆ سەرکەوتوو بوون لە تەحەدا کردنی عەقڵ و نەریتی کۆمەڵایەتیدا و ئەو تەحەدا کردنەش تا ڕادەیەکی زۆر و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ، کاریگەری خۆی داناوە. بەو پێیە، کانالیزەکردنی بە ئەسپایی ڕێڕەوی عەقڵ و دیالۆگ لە لۆگۆسەوە بەرەو چەک و چەقۆ و گوللە، بەر لەوەی پەرچەکردار و دژکردەوە یا ئامڕازی چارەسەرکردنی کێشەکان بێ لە ڕێی دیالۆگەوە، پێش خستنی ئەو نا/عەقڵانییەتەیە کە فرچکی بە خێڵەکی بوون و دەرەبەگایەتی و خوێن و کوشتن و تفەنگ گرتووە و خەریکە بە دە پەراوێز هاویشتن و گڕمۆڵەکردنی ماف و کۆمەڵگا و یاسا و ڕیسا کۆمەڵایەتییەکان، ڕێچکەیەکی نەک نوێباو بەڵکوو دە پێش دا ئامادە و هەبوو مردەوەژی دەکاتەوە. ڕەنگە هۆکارەکانی هێرش کردن بۆ سەر کۆمەڵگا و عەقڵی گشتی و کەلتووری دیالۆگ تا ڕادەیەکی زۆر ڕوون یا ناڕوون بن بەڵام، دەرهاویشتەی ئاکاری چەک و چەقۆ، جودا لەوەی خەریکی پەرژین و تێلدڕوونانەوەیە لە چوار دەوری عەقڵ و عەقڵی کۆمەڵایەتیدا، هاوکات خۆی وەک سێمپتۆمێکیش(درد نشانە) ئاراستە دەکا کە وێدەچێ پتر ڕەگاژۆی کەلتووری هەبێ.