فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

برینی ژن لەجەنگی پیاوەکاندا

برینی ژن لەجەنگی پیاوەکاندا

نیهاد جامی/ نووسەر و شانۆکار/ فەرەنسا

 

کاتێک ئێمە وەک خوێنەر دەکەوینە بەردەم خوێندنەوەی دەقێکی شانۆیی، بەتایبەت ئەگەر منی خوێنەر وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی شانۆنامەکە بخوێنمەوە، ئەو ساتە هەمیشە لەخەیالی خۆمدا وەک دەرهێنەرێک دەمەوێت وێنای دیدگای دەرهێنانی بکەم، کاتێکیش ئەو شانۆنامەیە شانۆیەکی مۆنۆدرامی بێت و یەک ئەکتەر لەرێی گێڕانەوە بە ڕووداوەکانی ئێستا و ڕابردوومان ئاشنا بکات، هەمیشە گێڕانەوە اێمە لەبەردەم دوو زەمەنی جیاواز ڕادەگرێت، ئەوەی ئەو دوو زەمەنە بەیەکتری دەبەستێتەوە خودی گێڕەرەوەیە کە ئەکتەری سەرەکی ناو شانۆنامەکەیە.

شانۆنامەی “تابلۆکانی ماریا” نووسینی لیدیا شۆیەرمان هۆداک و وەرگێرانی لە ئەڵمانیەوە فرمێسک مستەفا، دەقێکی مۆنۆدرامیە کە تیایدا تاکە ئەکتەرێک نواندنی تیا دەکات، من هەر لەو سەرەتایەوە خۆم ڕووبەرووی ئەو گرفتە میتۆدیە دەکەمەوە ئاخۆ ئەو دەقە شانۆیەکی مۆنۆدرامیە یاخود شانۆی تاک ئەکتەرە؟

بەدرێژایی مەعریفەی شانۆیی ئێمە ئەو دوو فۆڕمە شانۆییە وەک یەک سەیر کراون، بەلام لەڕاستیدا دوو فۆڕمی جیاوازن، دوو ساڵ بەر لەئێستا بابەتێکمان لە یوتیوب لەو بارەیەوە بلاوکردەوە، کاتێک ئەکتەرێک رووداوەکان دەگێڕێتەوە ناکرێت ئەو ئەکتەرە هەلبستێت بە نواندنی کەسێتیەکانی ناو گێڕانەوە، چونکە کۆی دەق بریتیە لەشانۆی تاکئەکتەر، وەک چۆن ئەکتەر لە شانۆنامەکانی تردا یەک ڕۆل دەبینێت بۆیە لێرەشدا ناکرێت ئەکتەر گەمەی ڕۆلەکانی تر بکات، ئەو فۆڕمە وەک سانۆی تاکئەکتەر ناوی دەبەین.

فۆڕمی دووەمی شانۆی تاکئەکتەر کە وەک شانۆی مۆنۆدرامی دەیناسین، ئەکتەر لەدوو ئاستدا دەتوانێت هەلبستێت بە نواندنی ڕۆلی کەسێتەکانی ناو گێڕانەوە، ئەویش لەدوو ئاستی کارەکتەر، کاتێک کارەکتەر ئەکتەر بێت، وەک کارەکتەری ڤاسیلی لە شانۆنامەی “گۆرانی چایکا” ی چێخۆڤ، چونکە کارەکتەرەکە لەبنەرەتدا خۆی ئەکتەرە، کاری ئەکتەریش هەڵسانە بە ڕۆڵ بینینی کەسێتیەکان، بۆیە ئاساییە کە ڕۆلی چەندین کارەکتەری جیاواز ببینێت، هەروەها شانۆنامەی “وەک قەقنەس دەسووتێم” ی گەزیزە عومەر سەر بەهەمان ئاستە، چونکە کارەکتەرەکە بۆ خۆی ئەکتەرە.

ئاستی دووەم کاتێک خەسڵەتی کارەکتەر بریتی بێت لە کەسێتیەکی شێت یاخود کارەکتەرێک کە دۆخی دەروونی تێکچووبێت، لێرەدا شانۆنامەی “تابلۆکانی ماریا” سەر بەو خەسڵەتی کارەکتەرەیە، چونکە ماریا ژنێکە دۆخی دەروونی تەواو نیە و لەنەخۆشخانەدایە، بۆیە لێرەدا توانای هەیە ڕۆلی تەواوی کەسێتیەکانی گێڕانەوە نواندن بکات.

ژنێک خۆی و کچەکەی ڕووبەروی پەلاماردان و ئەشکەنجەو سزاو لاقەکردن دەبنەوە، هەرچی جۆرێک لەتوندوتیژی هەیە ڕووبەرویان دەکرێتەوە، لەساتی وادا دلخۆشی ئەوەبێت سکە ناسرووشتیەکەی لەبار دەچێت کەبەرهەمی پەلاماردانی سێکسیە، ژنە لەگەڵ کچەکەی یەک مۆتیڤی ئازاری ژن لەسەردەمی جەنگدا دەخوڵقێنن، بەمردنی یەکێکیشیان ئەو مۆتیڤە کۆتایی نایەت، بەلکو لەکارەکتەری ماریا درێژ دەبێتەوە، بۆیە لەساتی گەڕانەوەدا هێلێکی وەهمی هەیە بۆ جیاکردنەوەیان لەیەکتری، کاتێک کچەکەی دەمرێت و نەخۆشخانە جێدێلێت، دەبینین گێڕانەوە هەمان چارەنووس بەویش دەبەخشێت، ئەویش شوێن جێدێلێت، هەردوکیان لەم کۆتاییە ڕووبەرووی نادیار دەبنەوە، یەکێکیان بەهۆی مردن و ئەویتریش ڕێگایەکی نادیار، کە دەرەوە ئارام نیە، بەڵام ئەو خۆی پێ دەسپێرێت.

ئەم شانۆنامەیە چەندە گوزارشت لە ژنانی کرواتی دەکات، بەلام دەقێکە دەتوانێت شوناسی ژن بگرێتە خۆی لەهەر شوێنێک بێت، بەو پێیەی شانۆنامەیەکە دەنگی برینی ژنە لەساتی جەنگی پیاوەکاندا، چیرۆکی قوربانی و برینە، کە چۆن ژن تیایدا ڕووبەرووی ئازاری جەستە و ئەشکەنجەدان و پەلاماری سێکسی دەکرێتەوە، وەک چەکێک بۆ شکاندنی کەرامەتی کۆمەلگا و پیاوە نەیارەکانیان.