فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێنج شار و دوو یادگە

پێنج شار و دوو یادگە

ئيدريس عەلی/ نووسەر/ سلێمانی

دەوترێت شاعیرەکان دوو جار لە دایک دەبن و دوو جار دەژێن، جارێک لەدایکبوون و ژیانی نێو دونیا و چوونە نێو پرۆسەی پەیوەندی و بەرکەوتنەکانەوە، جارێکیش لەدایکبوون لە نێو نووسین و ڕووبەری تێکستەکاندا، لەدایکبوونی یەکەم و هاتنە نێو ژیان ڕێکەوتە و پێشوەختە سروشت بڕیاری لەسەر داوە، هەرچی لەدایکبوونی دووەمی نێو شیعر و نووسینە، ئەوا هەڵبژاردەی خودی شاعیر خۆیەتی و دوور لە نۆرم، سیستەم، بڕیارەکانی ئەوانی تر و پەیوەندییەکان، خۆی بڕیار لەسەر چۆنیيەتی لەداایکبوون، ژیان و دونیای خۆی دەدات و هاوکات خۆی شێواز و نەخشەی ژیانی خۆی دادەڕێژێت. ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی شاعیراندا وەک هەر بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بابەتێکە پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوە، ئاست و پێگەی کۆمەڵایەتی، دۆخ و هەلومەرجی باوی کولتووری، ئابووری و فەرهەنگی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژیانی نێو شیعر و تێکستەکان، ژیانێکی پڕ لە کۆد و ڕاز و نهێنی، دیسپلین و پەیڕەوی نیوخۆیی، دنیایەکە ڕێگاوبان، کۆشک و ئاسمان، ڕەزا بەراهەنی گوتەنی: خودا و ئاسمانی تایبەت بە خۆی هەیە! بۆ ئاشنابوون و بەرکەوتنمان بەو ژیان و دونیا پەنهانەی شاعیر، ئاتاجی ئەوەین بە وشیاریی و ڕۆشنبیرییەوە بچینە نێو پانتایی دەق و بە چاوانێکی پڕاوپڕ لە سەرنجەوە گەشت بە نێو دێڕ و وشەکانیاندا بکەین، بڕوا ناکەم هیچ مەخلوقێک هێندەی شاعیران لە نێو پانتایی شیعردا خۆیان ڕووت بکەنەوە و ڕاستیی ژیان، بیرکردنەوە و دونیاکەی خۆیان بەرهەڵدا بکەن بۆ ئەوانی تر، ئاخر ئەوەی شاعیران لە نێو لەدایکبوون و ژیانی یەکەمدا، بە هۆی دیوارە زۆرەکانەوە، دیواری ئایین، دیواری خێڵ، دیواری سیاسەت و سنوورەکان، ناتوانن ڕاستگۆیانە وەک ئەوەی هەن و دەیخوازن، خۆیان بن، لە ژیانەکەی تردا، واتە ژیانی نێو نووسین و شیعردا، نە سیاستە، نە ئایین و سنوور دەناسن، سنووری قەڵەمڕەوییان لە ناخ و ئەندێشە و زمانی تایبەت بە خۆیانەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا ئەودیو تخووب و تابۆکان، ڕۆ دەچێت تا ناکۆتا، تا ئەو شوێنەی دڵ حەز دەکات و خەیاڵ دەیخوازێت. ئەوەی وا دەکات بۆ خوێنەر ژیانی سێیەم، لەدایکبوون و دونیای سێیەمی شاعیران بناسێت، دونیا و ژیانێک کە ڕەنگە خودی شاعیران خۆیانيش وەک ڕەشنووسێکی دەست بۆ نەبراو، لامسەلایی لێی بڕوانن و بە لالووتێکەوە بە لایدا تێپەڕن، ڕاگرتنیانە لە بەردەم پرسیاری کونجکوڵانەدا، پرسیارێک کە ئەگەرچی لە فۆڕمدا سادە بنوێنیت، بەڵام دەرگا دەخاتە سەر پشت تا بە لێشاو وەڵام لێوەی بێتە دەرەوە، پرسیار ئەو سیحرەی هەیە کە هەمیشە تاک لە پنتێکی دیاریکراوەوە بەرەو پانتاییە فراوانەکان ئاڕاستە دەکات، پەردە لەسەر ئەو قۆناغە جیاجیایانە هەڵدەماڵێت کە ڕەنگە لە گۆشەیەکی تەنگەبەری یادگەدا، لە خامۆشیدا کەوتبێ، هونەری چاوپێکەوتن، دواندن و گفتوگۆ، هونەرێکە بە هێزێکی گەورەوە بەشدارە لە گێڕانەوەی سەرربووردە، ئەزموون و یادەوەرییەکاندا، هەر لەو میانەوە هونەری گفتوگۆ، کونجکوڵانە کنەی ئاشکراکردنی نهێنی زیاتر دەکات و لە ڕێی پرسیارە جەوهەری و وردەکانيیەوە، کۆنترۆڵی هەستی بەرامبەرەکەی دەکات، یادگەی دەخاتەوە ئیش و زمانی گێرانەوەی چیرۆک، سەربوردە و ئەزموونەکانی چالاک دەکات، وای لێ دەکات دەست بۆ قووڵترین و تاریکترین پنتی نێو ناخ و دەروونی خۆی بەرێت، تەنانەت هێزی ئەوەيشی هەیە وا لە بەرامبەرەکەی بکات ددان بە گەلێک نهێنی و حاڵەتی شاراوەی ژیانی خۆیدا بنێت، بەوانەيشەوە کە لە نووسیندا جێگایان نەبۆتەوە. کتێبی (پێنج شار و دوو یادگە) گفتوگۆیەکی دوورودرێژە و ژیانی پڕ لە ئەزموونی ژیان و نووسین، قۆناغەکانی منداڵی و هەرزەکاری، ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی، ئاشنابوون بە سیاسەت، کتێب و نووسین و… هتد…ی یەکێک لە شاعیرە کۆڵەکە و پێشەنگەکانی ئەدەبی عێراق (سەڵاح فایەق) دەخاتە ڕوو، (ئیسکەندەر حەبەش) لە ڕێی نامەی ئیلەکترۆنییەوە وتوێژی لەگەڵدا کردووە و شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد (دلاوەر قەرەداغی) وەک سەرجەم بەرهەم و کارە گەورەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە. ئامادەکاری ئەم کتێبە (ئیسکەندەر حەبەش) بەش بەحاڵی خۆی خوێنەرێکی جیددی و کونجکوڵی شیعرەکانی (سەڵاح فایەق)ە و ئاگاداری ئەزموونە شیعرییە دەوڵەمەندەکەیەتی، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوانە و لە فەلسەفەی پرسیارکردن و دواندندا شارەزایە، ورد ورد و هەنگاو بە هەنگاو (سەڵاح فایەق)ی دواندووە و بێ هیچ پەلەپروزێیەک ڕۆچووەتە نێو ژیان، دونیا و یادگە پڕ لە ڕوودا و چیرۆکە نەبیستراوەکانیيەوە، لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، ژینگەی خێزانی و ناتەباییەکانی لەگەڵ باوکیدا، ڕقەکانی لە قوتابخانە و مامۆستا، ژیانی ئەو سەردەمەی کەرکوک و پێکهاتە ڕەنگاوڕەنگەکەی، هەراش بوونی و ئاشنا بوونی بە سیاسەت، پاشان پێشمەرگایەتی و چوونە شاخ، ڕەسمێکی گەورەی ئەو ڕووداو و ململانێیانەی کێشاوە کە لەو ڕۆژگارەدا ڕوویان داوە، هەر لە ڕێی پرسیارەکانەوە خوێنەر بە دونیابینیی ئایدۆلۆجی و ئەدەبیی سەڵاح فایەق ئاشنا دەبێت، ئەو چرکەساتەمان پێ دەناسێنیت کە شاعیر تیایدا بە کتێب و خوێندەوە، پاشان هەوڵە بەراییەکانی نووسین و تێکەڵبوونی لەگەڵ (کۆمەڵەی کەرکووک) کە تیایدا پەرە بە ئەزموونی نووسین، خوێندنەوە، خۆ ڕۆشنبیر کردن و گفتوگۆ و چالاکییە ئەدەبییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەدات، پاشان ڕۆژگارە ترسناکەکانی زیندان و یاساغ بوونی بە هۆی سیاسەتەوە، خۆحەشاردان و دەستکورتی، دواتر سەفەر و سەرهەڵگرتن بۆ مەنفا، هاوکات دیار نەمانی بۆ ماوەی بیست ساڵ کە هاوکاتە لەگەڵ درەوشانەوەی ئەستێرەی داهێنان و چوونە پێشەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئەو ئاڵوگۆڕە فیکری، ئەدەبی و زیهنییەی بەسەریدا هاتووە. خوێندوەەی ئەم کتێبە لەوە بەچێژترە خوێنەر وا مەزەندە بکات کە تەنیا کتێبێکی گفتوگۆئامێز دەخوێنێتەوە، بەڵکوو بە هۆی پرسیارە ورد و بە سەرنجەکانەوە، هاوکات وردبینی لە هەڵبژاردنی وشە و ڕستە بۆ وەڵامەکان، وا دەکەن خوێنەر هەست بکات لە بەردەم ئەزموونێکی گەورەی نەک هەر ئەدەبی، بەڵکوو ژیانێکی پڕ لە ڕووداو، کێشمانکێش و پڕ ئازار، هاوکات هەڵکشان و داکشاندایە، لەم وتوێژە دورودرێژەوە فێری ئەوە دەبین چۆن بەسەر ئازار و دڵشکاندنەکاندا زاڵ بین، چۆن نەفەس درێژانە پەرە بە بەهرە و خولیاکانمان بدەین و هەڵپەی ناو و ناوبانگمان نەبێت، چۆن موجامەلە و چەپڵە و ئافەرینە ساختەکان لە خشتەمان نەبن و لەسەر ڕێگا ڕاستییەکە بەردەوام بین لە هەنگاونان، ئێمە لە ڕێی ئەم کتێبەوە بە تەنیا ژیان، ئەزموون، چیرۆک و بەسەرهاتی شاعیرێکی دەیەی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ناخوێنینەوە، بەڵکوو دەگەڕێینەوە بۆ قۆناغ و مێژوویەکی دیاریکراو، کە کەمترین قسەی لەسەر کراوە، دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە تیایدا چەندین هێزی جیاوازی سیاسی، مەیلی فیکری، ڕەوتی ئایدۆلۆژی و ئەدەبی نوێ دەردکەون، تەوژمی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و هاوکێشەکانی دونیا ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی وڵات، بازاڕ و ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکان داناوە، کە بۆ نەوەی ئێستا و پێشووتریش کەم زانیاری لەبارەیەوە خراوەنەتە ڕوو، ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک ناو و فیگۆری دیکەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کەرکوک، بە تایبەت و عێراقمان پێ دەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بە شێوازی ژیان، بیرکردنەوە و نووسینیان. سەڵاح فایەق خۆی لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە پێچەوانەی هەندێک نووسەر کە سەرەتا بە شیعر دەست پێ دەکەن، ئەو سەرەتا بە شیعرنووسین دەستی پێ نەکردووە، بەڵکوو خەریکی وێنەکێشان و نووسینی کورتەچیرۆک بووە: ئاڵوگۆڕەکە لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٤ یان دواتریدا ڕووی دا، ئەوەيش کاتێک بوو کە لە بەردەم کۆمەڵەی کەرکووکدا ڕاوەستام و چەند چیرۆکێکی خۆمم خوێندەوە، دوای خوێندەوەی (سەرگۆن) هەستا و گوتی ئەمانە چیرۆک نەبوون، بەڵکوو شیعر بوون، جان (دمۆ) و (باوکە یوسف سەعید) قسەکەی سەرگۆنیان سەلماند، ئەنوەر غەسانی لە دانیشتنەکەدا بوو، هەندێک لە چیرۆکرکانی هەڵبژاردن و لە پاشکۆی ئەدەبیی ڕۆژنامەی ئەلجمهورییەدا لە بەغدا بڵاوی کردنەوە، ئەوە سەرەتای شیعریم بوو. ئەم هەوڵەی کاک (دلاوەر قەرەداغی) لە بواری وەرگێڕاندا جێگەی ڕێزە و بەشێکە لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە پاش ڕاپەڕینەوە، بە وەرگێرانی دەیان شاکاری جیهانی کەڵەکەی کردووە و بێمنەت لە بەخشش و هەوڵپەی دەرکەوتن، بە کاوەخۆ و دوور لە فەوزای نێو ناوەندە گوایە “ئەدەبییە” کە، ناوبەناو بە بەرهەمێکی ناوازە و نوێ، تینوێتی و تامەزرۆیی خوێنەر بۆ کاری جیددی دەشکێنێت، وەرگێڕ لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند تێکستێکی شیعری (سەڵاح فایەق)ی وەک نموونەیەک لە ئەزموونی نووسینی ئەو شاعیرەی بە زمانە تایبەتە شیعرییەکەی خۆی وەرگێڕاوە، خوێندوەی ئەو شیعرانەيش بۆ کەسانێکی وەک من کە سەرچاوەی فێربوون و خوێندنەوەمان تەنیا زمانی کوردی و بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانە، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئەو کتێبە پڕ لە پرسیار و وەڵامەی دەیخوێنینەوە، ئەزموونی ژیان و ئەدەبیی چ تاقانە شاعیرێکە: من پێویستم بە نووسین نییە، بەڵکوو ئەوە نووسینە لەبەر هەر هۆیەک بێت، پێویستی بە منە، جا لەبەر ئەوەی بە سروشتی خۆم و پەروەردەی دایکم، حەزم لە ئیشی خێرە و حەز دەکەم کەسێکی بەسوود بم و یارمەتیی دەوروبەرەکەم بدەم، بۆیە بەرەوپیری دەچم.