فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یۆرگن هابەرماس

یۆرگن هابەرماس
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
هابەرماس لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٩ ی شاری دوسلدۆرفە ، سۆسیۆلۆگ و فەیلەسوفێکی دیاری هاوچەرخی ئەڵمانیایە .
دەستپێکی کارو چاڵاکی پیشەیی ئەو بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە لە زانکۆی هایدلبێرگ وەک پرۆفیسۆر کاردەکات / ١٩٦١- ١٩٦٤، پاشان لە زانکۆی فڕانکفۆرتی سەر ماین دەرسی سۆسیۆلۆژی و فەلسەفە دەڵێتەوە / ١٩٦٤-١٩٧١. لە ساڵی ١٩٧١ بە دواوە دەبێتە بەڕێوەبەری ئینستیتوتی ” مارک پلانک ” ، دەربارەی توێژینەوە لە مەرجەکانی ژیانی جیهانی زانستی -تەکنیکی. دەستپێکی دەرکەوتن و پەرەسەندنی هزری هابەرماس لە ڕادیکالیزمێکی چەپڕەوێتییەوە دەستپێدەکات ، کە دەبێتە یەکێک لە نوێنەرەکانی ” نەوەی دووەمی ” قوتابخانەی فڕانکفۆرت و رەوتی نیۆمارکسیزمی ئەوڕوپی. لە نیوەی دووەمی شەستەکانیش بەدواوە دەبێتە یەکێک لە سۆسیۆلۆژە دیارەکانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا . لە دەرەنجامدا ، ووردە ، ووردە هابەرماس لە هزر و ڕەوتی ڕادیکالیزمی چەپڕەوێتی دوور دەکەوێتەوە و پاشانیش دەبێت بە یەکێک لە تیۆریتیکەکانی هزر و رەوتی سۆسیال دیمۆکراتەکان. ساڵی ١٩٧١ ناوبراو مەدالیای هێگلی لە فەلسەفەدا وەردەگرێت.
دەبێتە یەکێک لە نوێنەرەکانی ” نەوەی دووەمی ” قوتابخانەی فڕانکفۆرت و رەوتی نیۆمارکسیزمی ئەوڕوپی
هابەرماس خاوەنی چەندین شاکار و بەرهەمی جۆراو جۆرە ، لەناو ئەوانیشدا / گۆڕانکارییە ستروکتوورییەکانی کۆمەڵگا یە ( ١٩٦٢) ، تیۆر و پراکتیک ( ١٩٦٣) ، مەعریفەت و بەرژەوەندی ( ١٩٦٨) ، جوولانەوە ڕاپەڕینییەکان و ریفۆرمە زانکۆییەکان ( ١٩٦٩) ، بەرەو لۆژیکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ( ١٩٧٠ ) ، گرفتی شەرعییەتبوونی سەرمایەداری درەنگ ( ١٩٧٣) ، تیۆری چالاکی کۆمۆنیکاسیۆن ( ١٩٨١) ، ئەمانەو چەندانی تر .
لە ڕاستی دا ، دەستپێکی فۆرمولەبوونی دیدە فەلسەفییەکانی هابەرماس لە ژێر کاریگەریی ” تیۆری ڕەخنەگرانەی ” قوتابخانەی فڕانکفۆرت و چاڵاکی ڕاستەوخۆی ئەو لە سیاسەت دا دەچێتە پێشەوە ، ئەو سەردەمەش ، سەردەمی سەرمایەدارییەکی درەنگ بووە. لە بواری تیۆری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی خۆی دا، هابەرماس ڕەخنەی تووند لە نیۆپۆزەتیڤیزم ، ئەنترۆپۆلۆژیای فەلسەفی ، مارکسیزمی ئۆرتەدۆکسال و یوتۆپیزم دەگرێت. هابەرماس بنەمای هزری فەلسەفەی کۆمەڵایەتی خۆی لە کۆمەڵگا و تاک لە دەسەلاتێکی گەردوونی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدۆلۆژیەتی زاتی بۆرژوا دەبینێتەوە ، کە شەرعییەت بەو دەسەلاتە دەدەن . ئامانجی هزرمەندیش پێکەوەژیانێکی ئاقلانە و بە هومانکردنی کۆمەڵگایە ، کە هەر تاکێک پێویستە هەمان شەنسی یەکسانی وەک ئەوانی تری هەبێت.
هابەرماس ڕەخنەی تووند لە نیۆپۆزەتیڤیزم ، ئەنترۆپۆلۆژیای فەلسەفی ، مارکسیزمی ئۆرتەدۆکسال و یوتۆپیزم دەگرێت
لە دیدی هابەرماس دا ، لە پلانی مێتۆدۆلۆژی دا پێویستە دیدی ترادیسیۆنی مارکسیستی بەرەو تیۆری چاڵاکی کۆمۆنیکاسیۆنی بگۆڕدرێت ، لە هەمانکاتیشدا ، ڕەخنە لە پرنسیپە گشتییەکانی فەلسەفەی هێرمەنێفتیکا دەگرێت لە هەمانکاتدا ، ناوبراو بە پێویست دەزانێت ، کە ترانسفۆرمەکانی ئاراستەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بگۆڕدرێت . لە دیدی هابەرماس، زمان جۆرێکە لە “مێتائینستیتوتەکان ” ، کە تا ئاستێکی زۆر دەستنیشانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات ، لە ڕێگای کۆمۆنیکاسیۆنی کۆمەڵایەتیشەوە ، لەڕێگای زمانی ڕۆژانەدا پراکتیزەدەبێت ، لەبەر ئەوەی زمانیش سەربەخۆیەکی ڕەها نییە ، کەواتە ڕۆڵێکی مامناوەندی لە نێوان دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و خوارەوە دا دەبینێت. پێوەندی بابەتیی توخمەکانی کۆمەڵایەتی لەم چەمکانەدا دەردەکەوێت / زمان ، کار و دەسەڵات ، ئا بەم شێوەیە هەر تاکێک لە ڕێگای کۆمەڵگا و کۆمۆنیکاسیۆن دا ئازادی ، تواناو خۆپراکتیزەکردن لە پراکتیک دا بەدەستدەهێنێت . ململانێیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیش لە ڕێگای ” ڕەزامەندییەکی کۆمەڵایەتی دا ” دێنە دی . باشترین ڕێگاش بەلای هزرمەندەوە ، بۆ لابردنی دەسەڵات و تووندوتیژی ، بە هومانکردنی زیاتری کۆمەڵگا یە، ئەوەش دەبێتە ناواخنی تیۆری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی هابەرماس ، کە لە دوا وێستگە دا خۆی لە سۆسیال دیمۆکرات دا دەبینێتەوە.
دیدە سۆسیۆلۆژی و فەلسەفییەکانی هابەرماس کاریگەرییەکی چاکی بەسەر فەلسەفەی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ دا هەیە ، بەتایبەتی بەسەر نیۆمارکسیزم و سۆسیال دیمۆکراتەکانی ئەوڕوپی دا .