فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە کودەتا خەیاڵییەکەی قارسەوە بۆ کودەتا ڕاستەقینەکەی وان

لە کودەتا خەیاڵییەکەی قارسەوە بۆ کودەتا ڕاستەقینەکەی وان

بەکر شوانی/ ڕۆژهەڵاتناس و وەرگێڕ / ئەڵمانيا

 

نووسەری تورک ئۆرهان پاموک لە ڕۆمانی “بەفر”دا ڕووداوی کودەتای سونای زایم – مان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990دا لە شاری قارس بەرپای دەکات. سونای زایم دەرهێنەرێکی شانۆیيە و لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا خۆی لێ دەبێت بە ژەنەراڵێکی سەبازی و لە کاتێکدا لە قارس ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی دەکرێت، ئەم کودەتایەک بەرپا دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵاو دەکات.

پاموک بە داڕشتنی ڕووداوی خەیاڵیی کودەتاکەی شاکەسی پسیکۆپات سونای زایم وەک ئەوە وایە پێشبینی کودەتا ڕاستەقینەکەی وانی کردبێت!

ئەگەر ڕۆمانی “بەفر”ت نەخوێندووەتەوە، ئەوا کودەتاکەی وان بیانوويیەکی باشە بۆ خوێندنەوەی یان دووبارە و زیادبارە خوێندنەوەی. هەندێک ڕۆمان هەن کە نابێت مرۆڤ بەلایەنی کەمەوە جارێک لە ژیانیدا نەیخوێنێتەوە؛ “بەفر” یەکێک لەو ڕۆمانانەیە.

سەبارەت بە ڕۆمانی بەفر:

(کا)ی شاعیر دوای بەسەربردنی دوازدە ساڵ ژیان لە تاراوگەی ئەڵمانیا، بۆ ئیستانبوڵ دەگەڕێتەوە. چوار ڕۆژ پاش گەڕانەوەی، ڕۆژنامەیەکی ئیستانبوڵی، بۆ ئەنجامدانی ڕیپۆرتاژێك لە بارەی دیاردەی خۆکوشتنی ژنان و هەڵبژاردنەکانی شارەوانی کە چاوەڕێ دەکرێت ئیسلامییەکان سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنن، ڕەوانەی شاری قارسی دەکات. ئەمیش بەژێر بەفرێکدا کە هێدی هێدی و بێوچان دەبارێت، کۆڵان بە کۆڵان، شەقام بە شەقام و دووکان بە دووکانی قارس دەگەڕێت و تێدەکۆشێت ئاشنای ئەو شارە خەمگین و جوانە و دانیشتووانی بێت. لە گەڕانەکانیدا دەچێتە چایخانەکانی سیخناخ لە بێکارانی کورد، سەر لە خێزانی کچان و ژنانی خۆکوشتوو دەدات و لە هۆکارەکانی خۆکوشتنیان دەکۆڵێتەوە. لە ئاکامی هاتوچۆی زۆر و تاوسەندنی خولیای لێکۆڵینەوەدا، دەکەوێتە ناو تەنگژەی سیاسی و ئاینی و ڕاپێچی تۆڕێکی تەمومژاویی پەیوەندیی سیاسی و شەڕی دەسەڵات و پیلانگێڕان دەکرێت. بێ پەروا لە شەقام و کۆڵانەکانی شارێکی نەگبەتی تەناتەت لەلایەن خوايشەوە فەرامۆشکراودا، بە دوای ئەڤینی کۆنی سەردەمی زانکۆ و ڕاستی و لێکدانەوەی شیعرەکانیدا دەگەڕێت. لەپڕ کودەتایەك بەرپا دەبێت، بەفر ڕێگە و بانەکان دەگرێت و کەس ناتوانێت شار بەجێ بهێڵێت.