فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاگایی مرۆڤ و ئاگامەندیی ژیان

ئاگایی مرۆڤ و ئاگامەندیی ژیان

 

ڕێڤان جاف / نووسەر – هۆڵەندا

 

بۆئەوەی خزمەت بە خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین، قەدری خۆمان لەکەدار نەکەین، شوناسی کەسێتیمان لەناونەچێت و کرۆکی بنەڕەتی کەسێتی ئەخلاقیممان دامەزراوبێت کە خەسڵەتی تایبەت بە ژیان و کەسێتیمان دەبەخشێت، بۆئەوەی ڕووبەڕووی دژواری و ئاڵۆزیەکانی ژیان ببینەوە و بەرامبەر بە ژیان بێباک و دابڕاو و پرزەلێبڕاو نەبین، بۆئەوەی تووشی نیگەرانیی و مەلەلێکی قووڵ و ناچارییانە نەبین، بۆئەوەی کابوسی مەراق و حەسرەتی خەماویی نەمانگرێتەوە و تووڕەیی و هەڵچوون ڕۆحممان دانەپۆشێت و نەکەوینە تێکەڵوپێکەڵی عەقڵەوە پێویستە لە ڕەوتی ئاگایی دوانەکەوین، با لە شەڕی ئاگایی و مەعریفە و زانینی حەقیقەتەوە دەست پێبکەین، بە ئاگایی زیاتر و وردبوونەوەی چڕتر جەوهەری ڕۆح و زەینمان ڕۆشن بکەینەوە و ئاراستەیەکمان هەبێت بۆ گەڕان بەدوای ڕاستیدا و دڵخۆشبین، ئەم هەوڵ و هەنگاوە پرۆسەیەکی عەقڵانیی و زەرورەتی دەستەبەرکردنی ژیانێکی تەندروست و شکۆدارە. هەروەک “عەلی شەریعەتی” دەفەرموێت “بە ئاگاییبوونی مرۆڤ لە جیهانی دەرەوە، لە خۆی بەئاگادەکاتەوە”.

 

مەهێڵە ڕەفتاری خەڵکانی تر ئاشتی و ئازادی ناخت کە تایبەتە بە خۆت لەناوی بەرێت

کەواتە لە ڕووی هۆشیاریی و ئاگاییەوە، لە ڕووی توانستی عەقڵانی و مەعریفیەوە بۆ باشترین هەوڵبدە، مەهێڵە بارودۆخی پەیوەندیەکان لە گرێژنەی ویژدان بترازێت و لە نێو نەخۆشیە سایکۆلۆژیەکاندا گیربخۆیت، بۆ خاتری خۆت مەهێڵە مات و مەلوول و ژاکاو و لارەمل و زەبوون بە خۆیانەوە بتجەڕێنن و سامێکی زۆرت لێ باربکەن، مەهێڵە کەس دەست لە ڕۆحت وەردات و بیشێوێنێت، تان و پۆی گیانت بهاڕن و تا لێواری مەرگ ژیانت ببێتە سەرابێکی چۆڵی قاقڕ و وشکەڕۆ، مەهێڵە کەس لە خۆڕا ختووکەی نەرمی هەستەکانت بدات و تەواو لە خۆت بترازێیت، لە مەخلوقێکی خودسازەوە ببیتە منێکی یا تۆیەکی نادیار و شکستەباڵ و خودوێرانکەر، مەهێڵە ڕەفتاری خەڵکانی تر ئاشتی و ئازادی ناخت کە تایبەتە بە خۆت لەناوی بەرێت، مەهێڵە جەنجاڵیە دەروونیەکان بەردەوام لە بەردەم حوکمەکانی عەقڵدا بەربەست بن و بکەویتە داوی تایبەتمەندیە خراپەکانی خۆشباوەڕییەوە.

بۆخاتری زامنکردنی ئاشتی و تەبایی خۆت، بۆخاتری ڕاماڵین و لە نێوبردنی ناکۆکی نێوان هەستە شاراوەکان و دابڕاوەکانی خۆت، بۆخاتری بەخشینی هەیبەتی ڕۆحانی خۆت، بۆخاتری شانازیی و ڕەزامەندی خۆت، بۆخاتری ئاشنایی و دیداری حەقیقەتی خۆت، بۆخاتری وەبەرهێنانەوەی شادیی و بەگەڕخستنەوەی توانای خۆت لەسەر ڕوانین و وردبینی و بیرکردنەوەی خۆت، بۆخاتری پاراستنی وجود و کەسایەتی خۆت بە ئەرکی بەرپرسیارێتی لە خۆت، بۆخاتری پاراستنی شکۆی هەوڵە لەبننەهاتووەکانی خۆت و مانەوەی نەمریی مرۆڤ و شکۆی بەردەوامی ژیان، بیر لە مەودا جوانەکانی ناخی خۆت بکەرەوە، ببە بەهاوبیر و دۆست و هاوەڵی خۆت.

دوور لە تەوژم و فشاری ئیفتیخار و فیزکردن و خۆبەزلزانی کە پڕە لە خۆبایی و خۆپەسەندییەکی ڕەشی نادیار و شاراوە و کوتەکی تێکشکانی بێبەزەیی سەپێنراوییان

 

دوور لە پشی پشیی و بانگەوازی فریوئامێز و سیحر و فەنتازیایی قووڵی نهێنی بۆ مەبەستی گڵاو و پەیوەندی بارکراو بە مەرج و بەندەکان.

دوور لە جانەوەرێکی بە ئاڵۆش و دڕندەی داندار و قەپگر بە هەوا و هەوەسێکی خنکێنەری ناوەوە، بە هاڵاوێکی کوشندە و ژەهراویی بۆندار و کەسکون کە ژیان دەخنکێنن.

دوور لە بەیداخ و دروشمی مۆدێرنەی هەندێ کەس، دوور لە لاف و گەزافی مەدەنییەت و ئازادییەکی ڕواڵەت ئامێز کە هیچ نین جگە لە ڕوویەکی تەنک و بێهوودەی ساختەییان.

دوور لە دەمامکی شەیتانی هەزار دیو و هەزار ڕەنگی بۆسەنانەوە، دوور لە جۆش و نمایشی ڕووکەشانە و زەردەخەنەی مەکراویی و گوماناوی ناو باس و خواسە بێمانا و گاڵتەجاڕییەکان.

دوور لە ڕکێفی بێ بەندوباری بەحیلە و فێڵی تەلیسمبازیی و زمانلووسیی و ماستاوچێتی، دوور لە زەفەربردن و دەستبڕین و کڵاولەسەرنان و پیلانگێڕی پیلانبازان و هەلپەرستان.

دوور لە تەوژم و فشاری ئیفتیخار و فیزکردن و خۆبەزلزانی کە پڕە لە خۆبایی و خۆپەسەندییەکی ڕەشی نادیار و شاراوە و کوتەکی تێکشکانی بێبەزەیی سەپێنراوییان.

دوور لە گەمارۆ و بێگاری جاهیلێکی دەغەزار کە وەک دێوەزمەی نەسرەوت و دڕی بێئۆقرە بە نیگای چڕنوکدار و زاموەشێنی ترسهێنەری خەمبەخشەوە، دوور لە تیلەی خاوی قێزەوەن و برسی مڵۆزمێکی بارگران.

دوور لە…………….،…………………………….

“ئەگەر لە ژیانتا هیچ شتێک نەبێت کە شانازی پێوەبکەن، با لانیکەم شتێکیش نەبێت کە ببێتە مایەی شەرمەزاری ئەگینا بەرگەی قورسایی ئەوبارە ناگرن و لە ژێریدا دەپلیشێنەوە”

“سەلاحەدین دەمیرتاش”