رۆڵی ناونیشان و کاریگەرییەکانی لەسەر خوێنەر
ھایكۆی ( ژمارە ) ی شاعیری مەزن
« قوبادی جەلیزادە » بە نموونە …
د. ئازاد ئەمین باخەوان
مامۆستای زانکۆ
بەش یەكەم :
« ناونیشانی ھایكۆكە » :
ناونیشان لە ئەدەب و بە تایبەتیش لە شیعردا، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاراستەکردنی کارلێکی خوێنەر لەگەڵ دەق و تێگەیشتنی لە بابەت و هێماکانی دەق …
، ناونیشانی “ژمارە” ھایكۆیەكی شاعیری گەورە ( قوبادی جەلیزادە ) یە . ئەم ناونیشانە وەك سەرەتا بۆ نێو دەریای بێ بنی خەیاڵی شاعیر و كلیلی كردنەوەی دەرگای ھایكۆكە ، جێی سەرنج و تێڕامان و لێكدانەوەیە …! ناونیشان ئامرازێکی کاریگەرە لە پێكھێنانی ئەزموونی خوێنەر لەگەڵ شیعردا ، چونكە یەكەم ھەنگاوە و پاشتر ھەنگاوەكانی دیكەی بە دوادا دێت … كەواتە تێگەیشتن لەم ناونیشانە تێگەیشتنە لە تەوەرە ئاڵۆزەکانی ھایكۆكە ، وەك « دەسەڵات، ناسنامە و لایەنە ئەبستراکتەكان » . ناونیشانەكە پاڵنەرێكی بەھێزە بۆ ئەوەی خوێنەر بەرە و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بەرێت …، ناونیشان ئەزموونی خوێندنەوە بەرز دەکاتەوە تا بە قووڵی و کاریگەرانەتر بچینە نێو ھایكۆكەوە … ھەروەھا هاندەری خوێنەرە بۆ ئەوەی خۆی بخزێنێتە ناو قووڵایی دەقەکە و بەدواداچوون بۆ لایەنە شاراوە و نەبینراوەکانی بکات.
كەواتە ناونیشان واتایەكی زیاتر بۆ شیعر زیاد دەکات، تێگەیشتنی خوێنەر بۆ دەق قووڵتر دەکاتەوە. خوێنەر زیاتر ئامادە دەبێت بەدوای هێما و واتا شاراوەکانی پشت بەکارهێنانی ناونیشان بگەڕێت .
لە دەقی شیعرییدا ناونیشان وەک خاڵی دەستپێک کاردەکات و ڕێنمایی خوێنەرە . ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکات کە ناوەڕۆک و تەوەرەكانی لەخۆ گرتووە . ناونیشان لایەنی دەروونی دەوروژێنێت و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، بە قووڵی ئارەزووی گەڕان بكات بەدوای دۆزینەوەی گەوھەرە شاراوەكانی ناخی شیعر . ناونیشان وەک کلیلی لێکدانەوە کاردەکات، ئاماژەیە بۆ چۆنیەتی ھەستكردن بە دەق و زیادكردنی واتا ، ئەمەش کارلێکی نێوان خوێنەر و دەقەکە بەرز دەکاتەوە، هاندەرە بۆ لێکدانەوەیەکی چالاکتر و بەشداریکردنە لە کۆدکردنەوەی شیعرەکەدا . كەواتە ، ناونیشان لە شیعردا تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەی داهێنەرانە و تێگەیشتنی قووڵ و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی خوێندنەوە …
جێی ئاماژەیە كە ناونیشان خوێنەر دەکاتە بەشێک لە پرۆسەی لێکدانەوە، بەو پێیەی داوا لە خوێنەر دەكرێت كە ناونیشان و دەقەکە بەیەکەوە ببەستنەوە و مانا ئەگەرییەكان دەربهێنن، ئەمەش ئەزموونی خوێندنەوەی كارلێكەرانە زیاتر دەکات ، لە نێوان دەق و خوێنەر …
جێی سەرنجە لەم ھایكۆیەدا ناونیشانی — ژمارە — بەكێشكردنی خوێنەرە بۆ قوڵایی ناخی ھایكۆكە ..! ھەر لەو ناونیشانەوە دەرگایەكی بیركردنەوە بۆ كۆمەلێك ئەگەر و گریمانە دەكرێتەوە … پاشان خوێنەر دەبێتە بەشێك لەو دەقە و خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ دەكات . زۆرجار باگگراوەندی خوێنەر ھۆكارە بۆ ڕاڤە كردنی دەقەكە ، كەدەشێت ئەو ڕاڤە كردنە لەگەڵ خەیاڵ و بیركردنەوەی شاعیردا یەك نەگرێتەوە ، واتە خوێندنەوەیەكی نوێ بەپێی پاشخانی خوێنەر بۆ ئەو دەقە ئەنجام دەدرێت … !
خوێندنەوەیەك بۆ ھایكۆی « ژمارە »ی شاعیری مەزن قوبادی جەلیزادە :
بەشی دووەم :
ھایكۆی ( ژمارە ) بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە چەمکی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی لەسەر واقیعی هەستپێکراو و سروشتی مرۆڤ پێشکەش دەکات. هەر یەك لەو وێنە ھایكۆیانە نموونەیەکی جیاوازە و بەكارھێنراوە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەكانی وەك (سوڵتان، فیرعەون، قەیسەر ، خەلیفە، ئیمپراتۆر) كە دەتوانن بەپێی ویستی خۆیان ڕاستییەكان و یاسا بنەڕەتییەکانی ژیان و سروشت بگۆڕن.
١- گۆڕینی وەرز و کات:
ساڵ چوار وەرزە
لێ سوڵتان دەتوانێ بیکا
بە یەک
یان بە پێنج
توانای گۆڕینی وەرزەکان یان ژمارەیان هێمای هێزێكی ڕەهایە و كەس لە توانایدا نییە ئەو بڕیارە بدات … كەچی شاعیر سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر خۆی تێكەڵی ھەموو شتێك دەكات ، ئەگەر لە ژوور دەسەڵاتی ئەویشەوە بێت … ئەمەش وێناکردنێکە بۆ ئەوەی کە چۆن دەسەڵات وەک هێزێکی سەرووی سروشت سەیر دەکرێت…. !!!
٢- دەستکاریکردنی کات:
شەو و ڕۆژ بیست و چوار سەعاتە
ڕەنگە فیرعەونێک لێیان کەم بکاتەوە
یان لێیان زیاد بکات
دەستکاریکردنی ژمارەی کاتژمێرەکانی شەو و ڕۆژ ڕەنگدانەوەی توانای شێواندنی « کات » ە ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی گشتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و زاڵبوونێتی بەسەر ھەموو سێنتەرەكانی ژیان …
٣- وەستانی کات:
سەعات شەست دەققەیە
قەیسەرێک پێی دەکرێ میلی سەعات ڕابگرێ و
کات بکات بە سفر
لە ھایكۆی سێیەمدا وێنەیەکی مێتافۆری « قەیسەر » وەک هێمای دەسەڵاتی ڕەها و توانای کۆنترۆڵکردنی کات بەكارھێنراوە ، چەمکێک کە لە توانا ئاساییەکانی مرۆڤ تێدەپەڕێت. کاتژمێر کە نوێنەرایەتی کات دەکات لە شەست خولەکدا ، بەكارھاتووە بۆ وێناکردن و سنووردارکردنی ئەو کاتانەی کە ژیانی مرۆڤەکان بەڕێوەدەبەن. توانای قەیسەر بۆ وەستاندنی کاتژمێر و کردنی کات بە سفر ئاماژەیە بۆ خواستی کۆنتڕۆڵکردن یان تێپەڕاندنی کات.
لە ڕووی فەلسەفیەوە ئەم ھایكۆیە دەکرێ وەک تێڕامانێک لە سەر دەسەڵات و کات و حەتمیەت لێکبدرێتەوە. ھایكۆكە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەسەڵات دەیەوێت هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دیاردە سروشتییەکان بدات، کە لە سەرووی دەسەڵاتی مرۆڤەوەیە . ، “كات كردن بە سفر” ئاماژەیە بۆ توانای قەیسەر خوێنڕێژ بۆ کۆنترۆڵكردنی ڕەها و سڕینەوە و دووبارە داڕشتنی واقیع بە ئارەزووی خۆی .
٤- گۆڕینی ڕوخساری جەستەیی:
تاکە دەستێک پێنج پەنجەیە
خەلیفەیەک هەوەسی لێ بێت
دەیانکات بە پەنجا
یان دەیانقرتێنێت
بە شێوەیەكی گشتی دەستی مرۆڤ پێنج پەنجەیە و ھەموو مرۆڤایەتی بەو شێوەیە دیزاین كراوە و شتێكی ئاساییە ، بەڵام شاعیر سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە دەسەڵاتی خەلیفە توانای گۆڕینی ژمارەی پەنجەکانی ھەیە …!! ئەوەمان بۆ وێنا دەکات کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت ناسنامەی مرۆڤایەتی بشێوێنێت یان شێوازی جەستەی مرۆڤ بەپێی ئارەزووی خۆی دابڕێژێتەوە، ئەمەش لە سەرووی دەسەڵاتی خەلیفەوویە … بەڵام ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی دەستێوەردانی تاکڕەوانە و زاڵمانەی خەلیفەیە بۆ سەر ھەموو تایبەتمەندییەكانی تاک … !
٥- کۆنتڕۆڵکردنی کات:
دڵنیام ئەمڕۆ شەممەیە
لێ دڵنیا نیم سبەی یەکە
لەوانەیە ئیمپراتۆڕێک بیکات
بە بیست شەممە
گۆڕینی ڕۆژەکان بەپێی ویستی ئیمپراتۆر گوزارشت لە تێڕوانینی باڵاتر دەکات ، بۆ دەسەڵات کە خۆی بە توانایەكی باڵا دەزانێت بۆ پێناسەکردنەوە و گۆڕینی کات و واقیع . ئەمیش مانای وایە ئیمپراتۆڕ لە توانایدا ھەیە ھەموو شتێك كۆنترۆل بكات بە كاتیشەوە … بۆیە شاعیر لەم وێنەیەدا نیگەرانە و لە سبەینێی خۆی و نەتەوەكەشی دڵنیا نییە و بە گومانە ، چونكە ئەگەری ئەوە ھەیە یەك شەممە بكرێت بە بیست شەممە بەپێی ویست و ئارەزووی ئیمپراتۆر …!!!
٦- شوناس و ژمارە:
ژمارە لای خەڵک نییە
لای ئیمپڕاتۆڕ و
خەلیفە و
فیرعەون و
قەیسەر و
سوڵتانە.
لە کۆتایی ئەم ھایكۆیەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ناسنامەی تاك نەماوە ھەر ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی ڕەھای ئەو دیكتاتۆرانەیە ، وەک چۆن تاکەکان لە ژێر دەسەڵاتی تاكڕەویدا بێ ژمارەن یان بێناسنامەن …! ژمارە لای خەڵك نییە … ! لێرەدا شاعیر ئاماژە بەوە دەدات كە خەڵك خاوەنی ھیچ ژمارەیەك نییە بە سفریشەوە … خەڵك لە ھەموو لایەنێكی بەرجەستەیی و نابەرجەستەیی داماڵراوە و ئیمپراتۆر خەلیفە و فیرعەون و قەیسەر و سوڵتان خودانی ژمارە و ھەموو پیرۆزییەكانی ئەم وڵاتەن … !!!
بە گشتی ھایكۆكە بە زیرەکی و وریاییەوە ڕەخنە لە ستەمکاری دەگرێت و هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی دەسەڵاتی ڕەها بەسەر واقیع و ئازادییە تاکەکەسییەکان. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت ڕاستییەکان بشێوێنێت و یاسا بنەڕەتییەکانی ژیان بگۆڕێت و شوناسی تاکەکەسی لاببات و مرۆڤەکان بەتەواوی ملکەچی ئیرادەی حاکم بكات . ھایكۆكە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن دەسەڵاتە ڕەهاکان دەتوانن دیدگای خۆیان بەسەر واقیعدا بسەپێنن و یاسا سروشتی و مرۆییەکان بەدەر بکەن و خودی بوون بكەن بە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکانیان.
هەروەها ھایكۆكە هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆ لە مەترسییەکانی سەر ئازادی و بەها سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتیدا دەدات . لەڕێگەی میتافۆر و چەمکە فەلسەفیەکانییەوە، داوای بیرکردنەوە لە گرنگی ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان « دەسەڵات و ئازادی » دەکات، هەروەها پێویستی هەبوونی « سنوورێک » بۆ مومارەسەکردنی دەسەڵات ، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی تاک پێشێل نەکرێت.
لە کۆتاییدا ھایكۆكە دیدێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکات کە چۆن دەسەڵات کاریگەری لەسەر هۆشیاری دەستەجەمعی و تاکەکەسی هەیە، جەخت لەسەر پێویستی هۆشیاری و بەرخۆدان لە بەرامبەر زوڵم و ستەمکاریدا دەکاتەوە. ھایكۆكە ڕەنگدانەوەی ململانێی هەمیشەیی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئازادیی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤایەتی و ژیان بە پێی یاسا سروشتی و ئەخلاقییەکانە و دوورە لە دەستکاریکردنی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی ستەمکار.