فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

قوربانی ژمارە ٢٥٦

قوربانی ژمارە ٢٥٦

خوێندنەوەی؛ داستان شەريف/ نووسەر / سلێمانی

 

ڕۆمانی ( قوربانیی ژمارە  ) ۲٥٦ رۆمانی نووسەر گەلاوێژ نەزەریانە و بە زمانی فارسی نووسراوە و   ڕێباز مستەفا وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و قەبارەی ٢٩٦ لاپەڕەيە

ڕۆمانەکە لەڕێی نیارڤانی سەرەکی، کە کوڕێژگەیەکە بە ناوی ئاسۆوە، کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەمان بۆ دەگێڕێتەوە: فڕۆکەکە یەکەم جار دانەیەک بوو، بوونە دووان و سییان و… تا دەهات زیاتر و زیاتر دەبوون. لەلای خۆر ئاوای ئاسمانەوە دەهاتنە سەر شار و بەرەو باشووری شار دەکشان، خۆیان تێ ڕۆ دەکرد و لەدوای خۆیانەوە بە چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بڕبڕەی پشتی شاریان دەهێنایە لەرزین… پەڵەهەوری زەردباو بەسەر شاردا، تێک دەقژقژان و ئینجا پێکەوە بە سەربانی ماڵان و دارودرەختان و… شۆڕ دەبوونەوە… زیڕەم کردبوو، هەمووان زیڕەیان کردبوو. شار بە هەموو هێز و بڕستی خۆیەوە ڕایدەکرد و بۆ پێشەوە پاڵی دەداین، دەیزریکاند و هاواری بەسەردا دەکردین و بەتووڕەیییەوە پێی دەگوتین: “ڕاکەن، مەرگ سواری پشتم بووە، دەیەوێت هەمووتان پێکەوە قووت بدات! ڕاکەن و لە من دوور کەونەوە، دوور و دوورتر…” خێزانەکەی ئاسۆ لە ڕێگەی بەرەو سنووری ئێران پەرتەوازە دەبن و، لێک جیا دەبنەوە. باپیری ئاسۆ هەر لە سەرەتای بەڕێکەوتنیانەوە بۆ سەر سنوور دەمرێت.دایکی ئاسۆیش وەک دواتر لە زاری دایە خەجێوە بۆمان دەردەکەوێت، کە لە خۆشیدا دڵی تەقیوە و مردووە. لە خۆشیی ئەوەی کە ئیدی لە مەرگ و عومەری شەهلا ڕزگاریان بووە. نووسەر عومەری شەهلامان وەکوو شۆفار پێ دەناسێنێت، کە دەستی لە گرتنی چەندان کەسی بێتاواندا هەبووە. هەروەها ساتی کیمیابارانەکەمان دەهێنێتە بەرچاو، کە لەو کاتەدا فڕۆکەکان بە ئاسمانی هەڵەبجەدا فڕیون و بۆنی سێویان بڵاو کردووەتەوە و، خەڵکی هەڵەبجەیش بۆنەکەیان هەڵمژیوە و، پاشان بووەتە هۆکاری ئەوەی کە قوربانیی ٥٤٠٠ کەسی لێ بکەوێتەوە. ‎دایە خەجێ گوتی: هەموو کەسێ خوای هەیە، تەنیا خواکانیان جیاوازە ‎گوتم: چۆن؟ مەگەر ئەوە دەبێت؟ ‎دایە خەجێ گوتی: بۆ نابێت؟ ژیلوان، ئەو کوڕە ئەرمەنییە ئێژم، ئەویش خوای خۆی هەبوو، بەڵام خواکەی ئەو لەگەڵ خوای من ئاسمان و ڕێسمان لێک جیاواز بوون؛ هەر لەبەر ئەوەش ونم کرد. ‎گوتم: هەموو خواکان میهرەبانن؟ ‎دایە خەجێ گوتی: نە هەموویان! ئەوانەی مرۆڤ دروستیان دەکەن ترسناکن، زۆریش ترسناک. سەرەڕای هەمووی جیابوونەوەی سێوەر و مەرگی دایکی کارێکی زۆر دەکەنە سەر ئاسۆی نۆساڵان و، وای لێ دەکەن تەنیا بیر لە مەرگ بکاتەوە. ئاسۆ بەردەوام بیر لەوە دەکاتەوە: مەگەر دەکرێت کەسێک لەخۆشیدا دڵی بتەقێت و بمرێت؟ نووسەر لێزانانە کارەساتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و، وەرگێڕیش بەپیتۆڵی وەریگێڕاوە. وشەکانی بەکاری هێناون، هەمووی وشەی ڕەسەن و کوردانەن.