فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەزیش کتێبی کچانی دووکەڵ و ئاگرم خوێندەوە

ئەزیش کتێبی کچانی دووکەڵ و ئاگرم خوێندەوە

داستان شەریف/ نووسەر / سلێمانی

ئەم کتێبە ڕۆمانێکە بەناوی کچانی و دووکەڵ و ئاگر لە نووسینی ئاڤا ھوما و کورداندنی شەفیقی حاجی خدرە،کتێبێک لێوانلێو لە گیانی کوردەواری و جوانی و تەکنیک و نووسین و وەرگێڕان.
وەرگێڕانێک پڕ بەپێستی نازداریی ڕۆمانەکە و وشەئارایییەکی جوان و دیمەنی نادادیی دژ بە ئافرەتی کورد ھاوتەریبن.
ڕۆمانێک لە قووڵاییی دڵی کوردەوارییەوە ھەڵقوڵاوە.
لەگەڵ بوونی چەندین ھەڵەی ڕێنووسی، لێ جوانیی بەکاربردنی وشە کوردییەکان ئەو ھەڵەیەیشی شاردبووەوە.
دەستی کاک شەفیق خۆش و ھەر خامە بڕشتدار و وردوەرگێڕ بیت بۆ ئەو وەرگێڕانە نازدارە.
دووپاتە دەڵێم ئێوەیش ڕۆمانە ناسک و نازدارەکەی ئاڤا ھوما بخوێننەوە تا لە ئازاری خانمان بگەن.
ئەو ڕۆماننووسە ڕۆژھەڵاتییە زۆر بەوردی ئازار و خەمی ئێمەی کچ و ژنی کوردی تێکەڵ بە ئازار و غەمی نەتەوەییی کورد کردووە.
نیارڤانی ڕۆمانەکە پێک هاتوون لە دوو نیارڤانی سەرەکی: چیا و لەیلا
کە دایبابیان هەڵەبجەیی و ناسۆر و دوورکەوتنەوەیان لە نیشتمان و دواتر لەسێدارەدانی کوڕەکەیان «چیا» دەبێتە هەوێنی خەم و قەهری ئەم خێزانە. دوای ئەوەی شلێری دەستەخوشکی لەیلا دەبیتە گەریلا و چیای برایشی لەسێدارە دەدرێت، ئیدی هەستی نیشتمانپەروەریی لەیلا گەشە دەکات و تا دەگات بەوەی نامە و نووسینە نهێنییەکانی براکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو دەکاتەوە و، دەیشیانگەیەنێت بە دەوڵەتانی دراوسێ و هاوپەیمان.