فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چوار دەقی شانۆیی دەبنە یەک شانۆنامە

چوار دەقی شانۆیی دەبنە یەک شانۆنامە

نیهاد جامی/ نوسەر و  شانۆکار/  فەڕەنسا

 

 

دنیا لەدەقە شانۆییەکانەوە دەمانبینێت، ڕەنگە لەبێ ئەزموونی تێگەیشتن لەشانۆی خۆرئاوا بڕوامان وابێت بۆ ئەوەی جیهانی بین پێویستە پەنا بەرینە بەر شاکارەکانی ئەدەبی شانۆ، بەلام بۆ شانۆکاری خۆرئاوایی ئەو چاوەروانی شتێکی گرنگ نیە لەخۆرهەلات لەگەل ئەم دەقانە ئەنجامی بدات، هێندەی دەیەوێت خۆرهەلات وەک خۆی لەرێی دەقە شانۆییەکانیەوە بناسێت، ئەوەی دەمانکات بە جیهانی کارکردن نیە لەتەک شاکارە ئەدەبیەکانی جیهان، هێندەی چۆنیەتی ئیشکردنەوەیە لەگەل خۆمان، کولتورو خاسیەتەکانی ناتکەن بە فۆلکلۆری تا بترسیت لەجیهانی بوون، بۆیە پێویستە لەڕێی دەقی کوردیەوە خۆمان بنیات بنێین ناکرێت تووشی شۆک بیت لەم ڕوانینە، چونکە ئەوان لەوەدا توشی شۆک دەبن لەگەل ئێمە کاتێک دەبیستن بەویستی خۆمان دیمەنی شاکارەکان لا دەبەین گوایە لەگەل دیدگای هونەریمان ناگونجێن، بۆیە باشترین کارێک ئەوەیە خۆمان دەقە شانۆییەکانمان بەپێی دیدگاکانمان بنووسین.

تازەترین کتێب لەو بوارەدا خوێندمەوە کۆمەڵە شانۆنامەیەکی شانۆکار فرمێسک مستەفا لەژێر ناوی «بە پێچەوانەی ڕەوتی با وە» کە چوار کورتە شانۆنامەی لەخۆی گرتووە، دەتوانین وەک شانۆنامەیەکی یەکپەردەیی چوار دیمەنی شانۆیی بیبینین.

لەهەمان کاتدا دەکرێت وەک چوار کورتە شانۆنامە سەیری بکەین، بەلام فەزاو پێکهاتی دیمەن و بنیاتنانی کارەکتەر تەواوکەری یەکترین، ئێمە لەهەر چوار کورتە شانۆنامەکەدا دوو کارەکتەر دەبینین بەیەکدادەچن دژ بەیەکن ئاشت دەبنەوە باوەش بە یادەوەری دەکەن لەگەڵ یەکتری ناکۆکن، سەرەنجام بێ یەکتری و ڕابردووی پەیوەندیەکەیان هەڵناکە ، ئەو دوو کارەکتەرە بەدرێژایی هەر چوار دەقە شانۆییەکە لەهەمان شوێن دەردەکەونەوە، ماڵەکە ڕێکدەخەنەوە، ماڵ لەئێستا و ڕابردوو ئەو شوێنەیە بۆ ئەوان بوون و پەیوەندیی و یادەوەرییان بۆ دەخولقێنێت، بۆیە هەر چوار دەقە شانۆییەکە وەک گرێ چنێکی درامی یەکتری تەواو دەکەن و توانای ئەوەیان هەیە وەک یەک دەقی شانۆیی خۆیان نمایشت بکەن.