ڕۆمانی مەملەکەتی سپیسوار
لە نووسینی حەمە سەعید کەلاری / نووسەر و شاعیر/ هەولێر
نووسەر لەبارەی ئەم ڕۆمانە دەڵێت:
ئەو ماوەیە کە خەریکی نووسینی ڕۆمانی مەملەکەتی سپیسوار بووم، بچڕبچڕ هەر جارەو چەند لاپەڕەیەکم بۆ ئاری عوسمان خەیات دەنارد و ئەویش لەگەڵ خوێندنەوەیدا هەڵەی تایپ، زمانەوانی و ڕێزمانی بۆ ڕاست دەکردمەوە و لە سەر تێبینییەکانی، مشتومڕمان دەکرد، زۆر جار لە مشتومەڕەکانماندا لەسەر وشەیەک، دێڕێک و پەرەگرافێک، من دادەمام و بە ناچاری ملم بۆ دەدا و بۆڕم دەخوارد؛ ئەم کاری هەڵەبڕی و مشتومڕەی ئاری، وەک پسپۆرێک لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، پتر بەرچاوی ڕۆشن دەکردمەوە و باری شانمی سوکتر دەکرد، جا بە پێی ئەم ئەرک و ماندوبوونە، وابزانم بە ئاری دەوترێ(ئیدیتەر)!
بەرلەوەی ڕۆمانەکە بنێرن بۆ چاپ، جارێکی تر بۆ ئاری و چەند هاوڕێیەکی ترم نارد، لەو هاوڕێیانەی، کە بە سوپاسەوە هەریەکەیان، بەشی خۆیان هەڵەیان بۆ ڕاست کردمەوە، محێدین تەها، کە زۆرم ماندوو کرد. ئاسۆس مەحموود، لە تەک چەند تێبینییەکدا بۆی نووسیبووم: ئەگەر لە نووسینی ئەم ڕۆمانە دەست هەڵبگریت و تەواوی نەکەیت، ئەوا دێمەوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت بەردباران ئەکەم!