فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مناڵه چەتوونەکانی لادێ

 

 

د.مستەفا زەنگنە

نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر

………………………………..

بەشانازییەوە دەیڵێم ،کەزوربەی تەمەنی مناڵیم لەلادێکانی گەرمیانا بەسەربردووە، لەکاروانی تەمەن و لەپێناوی بژێویدا، کۆمەڵی ئێشی پێویستم کردووە لەوانە، ساوەلەوانی و شوانی و جووت وگێرە بەجەنجەر خەرمان کوتینم کردووە، دروونە و قوچاخ بەستن و کاکێشانم کردووە.

قوڕکاری و خشتبڕین و دووسواقە و قوڕکێشانم کردووە، بە شەڵتەو بەرمیل و سەتڵ ئاوم کێشاوە، لەبۆیسانکردنا چاڵە بۆیسانم لێداوە، تامی یەکەم و دووەمم کردووە، زبڵم بۆی کێشاوە، بەقولاب و تۆڕو ژارە ماسی و قومبەلەو کۆز درووستکرد ن ،ڕاوەماسیم کردووە، کزرەم کردووە، چوومەتە بان خانگ و های هەنارو تەماتە و ترێم بۆ میوەفرۆشان کردووە ، خوێ و بەفرم ڕاماڵیوە، سەربانم باگردێن کردووە، شاگریی کەبابخانە بوومە، دەرکە و پەنجەرە و خانووم بۆیاغ کردووە، شۆفێریم کردووە، خەلفایەتی و شاگردی خەیات بوومە، کاروانچێتیم کردووە.

شیش فرۆشی و دارفرۆشیم کردووە، لەچاپخانە وچەندین ڕۆژنامەو گۆڤاردا کارم کردووە، وەرگێڕی زمان بوومە، لەتەلفزیۆنی کەرکووک کارمەند بوومە، مامۆستای سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و پەیمانگەو زانکۆ بوومە، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و سەرۆکی بەش و یاردیدەدەری ڕاگرو ڕاگری کۆلێژو سەرۆکی زانکۆ و ئەندامی بۆرد و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کولێژی ئاداب و زانکۆی سەلاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی نیشک و زانکۆی کیتاب و بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی دەزگای شەفەق و زانکۆی سەلاحەدین و گۆڤاری هاواری کەرکووک بوومە، ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری کۆمپانیانی جینێکسی بازرگانی بوومە، ئەکتەری شانۆ و دامەزرێنەری تیپی شاڵاوی کەرکووک و تیپی مۆسیقای نادی سۆلاڤی کەرکووک بوومە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد و یەکێتیی نووسەرانی عێراق بوومە، پێشکەشکاری پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆ بوومە، بەرپرسی لێژنەی پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بوومە، گۆرانی بێژی تیپی شاڵاوی کەرکووک بوومە، لیژنەی داپڵۆسینی جاش سیغەکانی سەردەمی بەعس بوومە لەکەرکووک، نامەبەری شۆڕشی ئەیلوول بوومە. ئەمانە و دەیان کاری پیرۆزی تر، کەناکرێ لێرەدا باسیان بکەم،

لەمناڵیدا چەتوون و لامل بوومە، بەڵام خۆشەویست بوومە، زیرەک و سەربەگۆبەن بوومە، بەڵام لەوەيشدا مەردانە بوومە.هەندێ لەو عەجوولیانەی خۆمی وهاوەڵەکانی مناڵیم دەخەمە ڕوو بەڵام بەخوا هەندێکیان هێندە بێعەقڵانەن ناکرێ باسیان بکەم:-

+بۆقیان دەگرت و بەسرووت فوویان ئەدا، ئیدی بۆقی بەستە زمان سەرئاو دەکەوت، تاژیانی بایە نەیدەتوانی نوقمی ئاو ببێت.ئاخر چی بکەم، کەسێک نەبوو بڵێ وامەکەن..

+لەگوێی چەمی ڕۆخانە چاڵیان هەڵدەکەند و بۆقێک دووانیان زیندە بەچاڵ دەکرد، سبەی دەهاتنەوە، چاڵەکەیان هەڵئەدایەوە تا بزانن ماوە یان مردوو؟ توخوا جگە لەمناڵی بێعارو چەتوون کەس کاری وا قۆڕ دەکات؟ خۆ ئەوکات سۆشیاڵ میدیا نەبوو تامرۆڤەکان فێری ئەتواری خراپ بکات؟

+کێسەڵیان دەگرت و لەچاڵیان دەنان و دوای هەفتەیەک لەچاڵیان دەردەهێنان، تابزانن تاچەند بەرگە دەگرن؟ ئاخر ئەمە کەینێ کاری مناڵی عاقڵە؟ خۆ ئەوکات کەس بەبەرچاوی دنیاوە ئەنفال و زیندە بەچاڵ نەکرابوون؟

+دەچوون، ئاوی گۆلەکانیان ڕادەماڵی وسەیری سەرە مێکوتەکانیان دەکرد بزانن بەو بێ قاچییە چۆن خۆیان قورتار دەکەن و دەگەنە ئاو؟ ئاخر ئەمە بێ ئیشی نەبێ ئەی چییە؟ خۆ ئەوکات کەس نە دەیزانی بەنداو چییە و چۆن دەتوانێت نیشتمانی کوردی پێ وێران بکرێت؟

+بەم ڕۆژگارە دەگەڕان کەشارە زەردەواڵە بدۆزنەوە و بیان ورووژێنین، تا بێنە دەرێ و بەڕێبوارەکانەوە بدەن، جاری واهەبوو سەت مەتر کابڕا ڕایدەکرد و دەیان زەردەواڵە بەدوایەوەبوو، ئەمەیان دەکرد تابه و خەڵکە پێکەنن، جا توخوا بەخەڵکی پێکەنین، گاڵتە بەخۆ کردن نییە؟ خۆ ئەوکات وەکوو ئێستا نەبوو ، دەوڵەتانی دراوسێ گرووپی زەردەواڵەو دوو پشکیان پێک هێنابێت و بەریان بدەنە گیان ئەم عالەمە بێ گوناهە!

+لەلە قامیشێکیان دەهێنا و تەڵێک کلکی بارگیریان تیاڕەت دەکرد و دەچوون لەسەر توێکڵە شووتیی بۆیسانەکان زەردەواڵەیان پێ ڕاو دەکرد، دوو دوو دەیاننایە ڕووی یەکەوە، تایەکێکیان ملی ئەوی هاو ڕەگەزو هاو زمانی خۆی هەڵبکەنێت، نازانم کێ بوو کە هانی دەدان وابکەین،

خۆ ئەوکات نەکەس شەڕی برا کوژیی دیبوو، نە بەرژەوەندی حزبی لەگۆڕێ بوو، نەشەڕی داهات ونەوت پەیی پێ دەبران، خۆ ئەوسا خزبگەلێک نەبوون تاسەری یەکتری هەڵکەنن.؟

+کوللە و ماینە شێخانەیان دەگرت و جارێک باڵەکانیان لێدەکردنەوە، تابزانن، هەوڵەکانیان چۆن دەبێت، ڕۆژێکی تریش قاچەکانیان لێدەکردنەوە تابزانن لەکاتی نیشتنەوەدا هەوڵ وخۆ گونجانەکانیان لەسەر باری نەبوونی لاق و باڵەکانیان چۆن دەبن؟ نازانم هۆکار چی بوو وایان دەکرد؟ خۆ ئەوکات حزبی بەعس هەر ناویشی نەبوو، نازانم ئەمە سروشتی خودی مرۆڤە، یان حەزەکانی مرۆڤ خۆیەتی بەو ئاڕاستەیەدا دەیانبات؟

+دوو پشکیان دەگرت و بەداوێک چزووەکەیان شەتەک ئەدا و لەکونەکانی کە، ڕاوە دووپشکیان پێدەکردن، دوای دایان دەنان و لەچواردەوری ئاگریان دەکردەوە، تابیانبینین چۆن خۆ دەکوژن، یان چۆن کلکیان لەعەردی توند دەکەن و مەترێک خۆ دەهاون وقورتاردەبن؟ پێم سەیرە ئەم بیرۆکانە لەکوێوە سەرچاوەیان کێشاوە ؟ خۆ ئەوکات وەکوو ئێستا هەموو دەورو بەرمان ئاگر باران نەبوو، تالەوەوە فێری خۆکوشتن بن.

+ کەقرژاڵەکانیان دەگرت، هەردوو دەستە گەزێنەرەکانیان پێکەوە کەلەپچە دەکردن، دەیانویست بزانن چۆن هەوڵدەدەن کە کەلەپچە بپچڕێنن و ئازادی وەدەس بێنن؟ پێم سەیرە خۆ ئەوکات، بیری ئازادی و شۆڕشی ئازادی نەگەشتبووە بیری هەموو کەسێک.تا مناڵ بەمناڵی خۆی بیەوێ بزانێت، باجی ئازادی تاچ سنوورێک دەڕوات؟

لەکۆتاییدا دەڵێم، تێکڕای ئەمانە ڕووداوی خەیاڵی منن گەرچی هەرهەموویانم دیوە، بەڵام بۆجارێکیش بەشداریم لەوانەدا نەکردووە، ئەو کارانەی خۆم و ئەو کارانەی مناڵە چوختییەکان کەمن بەخەیاڵ خۆم ترانجە ناویانەوە، بوونە وانەی ژیان و بڕیارم دا لەگەڵ دوژمندا ڕەق و لەگەڵ دۆستانم و گیانداراندا نەرم بم.